نەرمین کاوانی: هونەری کوردی بە هەموو بوارەکانییەوە سست و لاوازە

21-10-2025
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
نەرمین کاوانی و پەیام سەربەست
نەرمین کاوانی و پەیام سەربەست
نیشانەکردن نەرمین کاوانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نەرمین کاوانی، ئەکتەری دیاری کورد، رەخنەی تووندی لە دۆخی گشتیی هونەر لە هەرێمی کوردستان گرت و رایگەیاند، بەهۆی لاوازیی بەرهەمەکانەوە ماوەی نزیکەی 11 ساڵە لە کاری هونەری دوورکەوتووەتەوە.
 
نەرمین کاوانی لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی دۆخی ئێستای هونەری کوردییەوە نیشاندا و کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا هێشتا لەسەر قسەی پێشووتریەتی کە بێ ئومێدە لە کاری هونەری؟ گوتی: "زۆر بەداخەوە، بەدڵی خۆم نییە ئەو قسەیە دەکەم، بەڵام دەبێت راستگۆ بم. هونەری کوردی بە هەموو بوارەکانییەوە سست و لاوازە و هیچ پاڵپشتییەکی نییە، نە لەلایەن بینەرانەوە، نە لەلایەن حکومەت و دەسەڵاتدارانەوە، نە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، تەنانەت خۆشمان وەک هونەرمەندان، هونەرمان سست کردووە و وەستاندوومانە".
 
کاوانی بەراوردێکی لەنێوان رابردوو و ئێستای کاری هونەریدا کرد و ئاماژەی بەوەدا، لە رابردوودا سەرەڕای کەمیی توانای تەکنیکی و ماددی، بەرهەمی زیاتر هەبووە. گوتیشی: "ساڵ هەبووە سێ درامام کردووە، بەڵام ئێستا 10 بۆ 11 ساڵە کارێکی دڵخوازم نەکردووە. ئەو پڕۆژانەی دێنە بەردەست لە ئاستی خواست و پێگەی من و بینەردا نین. دەبێت کارێک بکەم لە کارەکانی پێشووتری خۆم باشتر بێت، نەک کاری لاوازتر".
 
سەبارەت بە رۆڵی کەرتی تایبەت لە بواری سینەمادا، نەرمین کاوانی روونیکردەوە، پاڵپشتی زۆر کەمە و بودجەیان سنووردارە. گوتیشی: "ئەوانەی پاڵپشتی دەکەن بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن و ناتوانن کارێکی گەورەی پێبکەن کە لە ئاستی دنیادا بێت. ئەوەتا دەرهێنەر هەیە دەڵێت خانوو و سەیارەم فرۆشتووە بۆ ئەوەی کارەکەم تەواو بکەم".
 
ئەو هونەرمەندە ئاشکرای کرد، حەزی بۆ نواندن لە تەمەنی 14 ساڵییەوە لەگەڵیدایە، بەڵام دۆخی ئێستا وایکردووە دووربکەوێتەوە. 
 
ئەو ئەکتەرە کوردە، وەک ئامۆژگارییەک، گرنگیی وەرزشکردن و بەتایبەت بەپێ رۆیشتنی رۆژانەی خستەڕوو و بە هۆکارێکی گرنگی ناساند بۆ پاراستنی تەندروستی.
 
هەڤپەیڤینەکە لە پەراوێزی پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی تۆمارکراوە، کە تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی بوو. کاوانی لەبارەیەوە گوتی: "بەراستی فێستیڤاڵێکی زۆر باش بوو. هیوادارم ببێتە نەریتێکی ساڵانە و جارێکی دیکە نەوەستێتەوە، چونکە وەستانی کاریگەریی نەرێنی هەبوو و سستییەکی دروستکردبوو." جەختی کردەوە، بوونی فێستیڤاڵ بۆ هەر شارێک گرنگە و جووڵەیەکی باش و ئاڵوگۆڕێکی گرنگ لەنێوان هونەرمەنداندا دروست دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە