رووداو دیجیتاڵ
لە ئامەدی باکووری کوردستان، 10یەمین فێستیڤاڵی شانۆ بەڕێوەدەچێت و نۆ رۆژ دەخایێنێت. چالاکیی هونەری جۆراوجۆری تێدا دەکرێت و گرووپی شانۆی گۆران لە سلێمانی بەشداری دەکەن.
سبەی هەینی، 25ـی نیسانی 2025، بە هاوئاهەنگی فەرمانگەی شانۆی گەورەشارەوانیی ئامەد و کۆمەڵەی شانۆکارانی ئامەد، 10یەمین فێستیڤاڵی شانۆ دەستپێدەکات. فێستیڤاڵەکە نۆ رۆژ دەخایێنێت و رۆژی 4ـی ئایار کۆتایی دێت. لە فێستیڤاڵەکەدا 11 شانۆ نمایش دەکرێن.
دەستپێکی فێستیڤاڵەکە بە پێشکێشکردنی بەڵگەفیلمێکی کورت لەبارەی ژیاننامەی شانۆکاری کورد باڤێ تەیار دەستپێدەکات کە رۆژی 18ـی کانوونی دووەمی 2025 لە خۆپێشاندانی نزیک پردی تشرین لە رۆژئاوای کوردستان بەهۆی بۆردوومانەکانەوە بە سەختی بریندار بوو و رۆژی 19ـی کانوونی دووەم گیانی لەدەستدا.
هەر لە فێستیڤاڵەکەدا کۆمەڵەی شانۆی هانگارتز، شانۆیەکی ئەرمەنی نمایش دەکەن. هاوکات مۆدا ساهنە، ئیستەنبووڵ ئیمپرۆ، گرووپی ئەدام و گرووپی BGST شانۆگەری تورکی نمایش دەکەن.
لەبارەی شانۆگەرییە کوردییەکانەوە، هەریەک لە گرووپی شانۆی گەورەشارەوانیی ئامەد، گرووپی شانۆی شاری ئامەد، شانەنشین پەرفۆرمانس، باتمان یەنی ساهنە، گرووپی شانۆی گۆران لە سلێمانی (هەرێمی کوردستان)، ئەکادیمیای هونەری سنە و گرووپی شانۆی بەرتەڤگ لە سەقز و شانۆی هومان کوردی بە شانۆگەری تایبەتەوە بەشدار دەبن لەم فێستیڤاڵەدا.
سەبارەت بە چالاکییە هونەرییەکان لە ماوەی فێستیڤاڵەکەدا، هەریەک لە هونەرمەندان سورەیا کاراجابێی، کۆرای تارهان، مزگین بیلمەن و چەندین هونەرمەندی دیکە سێمینار و وۆرکشۆپی هونەری رێکدەخەن.
بڕیاردراوە، شانۆگەری کۆمەڵەی شانەنشین پەرفۆرمانس لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا نمایشی شانۆگەری خۆیان لە مێردین نمایش بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ