دوای 22 ساڵ فیلمێکی مەغریبی لەبارەی منداڵانی سەرشەقام دووبارە نمایش دەکرێتەوە

24-10-2022
بڵند تاهیر
بڵند تاهیر @Bilindtahir
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

'عەلی زاوا' یەکێکە لە فیلمە بەناوبانگەکانی سینەمای مەغریب، ساڵی 2000 بەرهەمهێنراوە و لە دەرهێنانی نەبیل عەیوشە، دوای 22 ساڵ بە تەکنیکی 4K بەرهەمهێنراوەتەوە؛ لە 26 تشرینی یەکەمی 2022 لە سینەماکان نمایش دەکرێتەوە. 
 
فیلمەکە ژیان و بارودۆخی سەختیی منداڵانی سەرشەقام لە وڵاتی مەغریب دەخاتەڕوو، بە تایبەت شاری کازابلانکەی ئەو وڵاتە پرسێکی سەرەکییە. 
 
ئامانجی دووبارە نمایشکردنەوەکە ئەوەیە، جارێکی دیکە رۆشنایی بخرێتە سەر کێشەی منداڵانی سەرشەقام و دووبارە ئاگادارکرنەوەی حکومەت و چالاکڤانان و رای گشتییە بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بابەتە هەڵوێستیان هەبێت. 
 
بۆ نواندن لەم فیلمەدا، دەرهێنەر پشتی بە منداڵانی یەکێک لە پەناگەکانی بێ نەوایان بەستووە، فیلمەکە بە جۆرێک کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە کە بینەر لە بەرجەستەکرن و رەنگدانەوەکانی منداڵانی سەرشەقام تێدەگات، دەبینێت چۆن منداڵانی بێ نەوا لە دواڕۆژدا دەبنە کارەکتەری خراپ لە کۆمەڵگەدا ئەگەر چارەسەر بۆ دۆخیان نەکرێت. 
 
فیلمی 'عەلی زاوا' باس لە منداڵێکی سەرشەقام دەکات کە بە رەتکردنەوەی حوکمی دەسەڵات و زاڵبوونی کەسانی دیکە بەسەریدا، دەبێتە بەشێک لە باندێک، بەڵام لەو باندە دەردەچێت، چونکە ناتوانێت لەگەڵ ئەو باندە بژی و دواتر لە دژی ئەو باندە و دۆخی منداڵانی سەرشەقام دەوەستێت. 
 
'عەلی زاوا' کە نازناوی شازادەی شەقامی لێنرا، خەونی ئەوەبوو ببێتە دەریاوانێکی گەورە و لەگەڵ ئەو کەسەی خۆشی دەویست لە دوورگەیەکدا بژی، دوای ئەوەی ویستی ئەو خەونەی بەدیبهێنێت، عەلی زاوا لەلایەن ئەو باندەوە دەکوژرێت کە پێشتر وازی لێ هێنابوون. 
 
مردنی عەلی دەبێتە هۆی بەربەستێک لە ژیانی هاوڕێکانیدا، بۆیە هاوڕێکانی تەرمەکەی لەگەڵ خۆیان دەبەن و ئامانجیان دەبێتە ئەنجامدانی پرسەیەک کە شایستەی هاوڕێکەیان بێت، بۆیە بەدوای جلی دەریاوانێکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بەو جلەوە بنێژرێت وەک ئاماژەیەک بۆ بەدیهێنانی خەونەکەی، کە پێش ئەوەی بتوانێت بەدیبهێنێت کوژرا. 
 
کوژرانی عەلی ژیانی هاوڕێکانی دەگۆڕێت و دەبێتە پاڵنەریان بۆ داڕشتنی پلان و خەونەکانیان بەوەی ببنە کارەکتەری خاوەن بەها لە ژیانیاندا. بەهێزیی فیلمەکە لە رووی چیرۆک و دەرهێنانەوە وایکردووە 20 خەڵاتی جیاجیا لە فێستیڤاڵە جیهانییەکان بەدەستبهێنێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە