رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی نێتفلێکس سێیەم و دوایین ترەیلەری وەرزی نوێ و چاوەڕوانکراوی زنجیرەی (Stranger Things) بڵاوکردەوە، تێیدا گرووپەکەی شاری هۆکینز دەست دەکەن بە جووڵە و ئامادەکاری بۆ جەنگ.
لە دیمەنە نوێیەکانی بەشی یەکەمی وەرزی پێنجەم و کۆتایی، کە هەفتەی داهاتوو لە نێتفلێکس پەخش دەکرێت، دەردەکەوێت کە پاڵەوانەکان یەک دەگرن بۆ شەڕکردن دژی دڕندەکانی رەهەندە جیاوازەکان.
وەرزی نوێ بەسەر سێ بەشدا دابەشکراوە، سەرجەمیان لە دەوروبەری پشووەکانی سەری ساڵ بڵاودەکرێنەوە، بەشی یەکەمی لە 26ـی تشرینی دووەم لە چوار ئەڵقەدا، بەشی دووەمی لە رۆژی کریسمس لە سێ ئەڵقە و بەشی کۆتایی لە شەوی سەری ساڵدا بڵاودەکرێتەوە.
رووداوەکان زنجیرەکە بۆ پایزی 1987 دەگەڕێنەوە کە ئەوکات شاری هۆکینز وێران بووە. پاڵەوانەکان یەک ئامانجیان هەیە، ئەویش دۆزینەوە و کوشتنی ڤێکنا، بەڵام ڤێکنا دیار نەماوە و پلانەکانی نادیارن.
حکومەت شارەکەی خستووەتە ژێر کەرەنتینەی سەربازییەوە و گەڕانەکانی بەدوای ئیلێڤن چڕتر کردووەتەوە، ئەمەش ناچاری کردووە جارێکی دیکە خۆی بشارێتەوە. لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی ونبوونی وێڵ، ترسێکی ناسراو و قورس دەگەڕێتەوە. جەنگی کۆتایی نزیکە و تاریکییەک لەگەڵ خۆی دەهێنێت کە لە هەموو ئەوانەی پێشوو بەهێزتر و کوشندەترە. ئەوەی لە کۆتاییدا پێویستە، یەکگرتنە.
رۆس دەفەر، هاوبەشی دروستکەری زنجیرەکە، رایگەیاندووە: "ساڵێکی تەواومان لە وێنەگرتنی ئەم وەرزەدا بەسەر برد و زیاتر لە 650 کاژێر دیمەنمان تۆمارکردووە. ئەمە گەورەترین و پڕخوازترین وەرزی ئێمەیە".
زنجیرەکە بە بەشداری ئەستێرە دیارەکان؛ میلی بۆبی بڕاون، نۆوا شناپ، فین وۆڵفهارد، گەیتن دەگەڕێتەوە بۆ سەر شاشەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ