رووداو دیجیتاڵ
هۆگرانی سینەما لە جیهاندا چاویان لەسەر ئۆسکارە و لە دوای بەربژێرکردنی فیلمی "Emilia Perez" بۆ 13 خەڵاتی ئۆسکار، پیشبینی دەکرێت پێشوازییەکی بەرچاوی لێبکرێت، بەڵام لە مەکسیک رووبەڕووی رەخنەی تووندی بینەران بووەتەوە.
بە بڕوای بەشێک لە بینەرانی لە مەکسیک، کار لەسەر مژارێکی هەستیار کراوە و بەشێکیش وای دەبینن کە مژاری رووکەشن.
فیلمەک میوزیکئامێزە و لە دەرهێنانی جاک ئۆدیار، دەرهێنەری فەرەنسییە و رۆژی پێنجشەممە 23ـی کانوونی دووەمی 2025 لە سینەماکانی مەکسیک پێشاندرا.
ئەم بەرهەمە سینەماییە پێشتر خەڵاتی لە فێستیڤاڵی فیلمی کان لە فەرەنسا و گۆڵدن گڵۆب لە ئەمریکا بەدەستهێناوە، یەکەمجاریشە فیلمێک بە زمانی ئینگلیزی نەبێت، بۆ 13 خەڵاتی ئۆسکار بەربژێر بکرێت.
ئەم بەرهەمە لە یەکەم رۆژی پێشاندانی لە مەکسیک، تەنیا 20 هەزار کەس بینیویەتی و داهاتی 74 ملیۆن دۆلار بووە.
بودجەی بەرهەمهێنانی فیلمەکە 25 ملیۆن یۆرۆیە و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 10 ملیۆن و 745 هەزار دۆلارە.
بە بڕوای بەشێک لە بینەران، فیلمەکە وێنەیەکی وردی لەبارەی مەکسیک پێشان نەداوە، بەڵکو درەوشاوەییەکی بە تووندوتیژی داوە کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەو وڵاتەدا هەبووە.
"Emilia Perez" بە زمانی ئیسپانی، ئینگلیزی و فەرەنسییە، چیرۆکی بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکان لە مەکسیک دەخاتەڕوو کە رەگەزی خۆی گۆڕیوە.
لە دوای راگەیاندنی لیستی بەربژێرکراوان بۆ خەڵاتی ئۆسکار، ئەم بەرهەمە بەربژێری خەڵاتی باشترین فیلم، باشترین ئەکتەری ژن لە رۆڵی سەرەکی، باشترین ئەکتەری ژن لە رۆڵی لاوەکیدا و باشترین گۆرانی رەسەنە.
مەکسیک یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بەهۆی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە رووبەڕووی کێشەی زۆر دەبێتەوە، بەپێی داتاکانی حکومەتی مەکسیک، تاوەکو ئێستا 121 هەزار کەس بەهۆی شەڕ و ململانێی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر بێسەروشوێنن و ماڵباتەکانیان چەندین ساڵ بەدوای رووفاتیاندا دەگەڕێن.
ئارتیمیسا بلۆمێنتی، بینەری فیلمەکەیە و داوای راگرتنی پێشاندانی لە مەکسیک دەکات، ئەو دایک و سێ مامی بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە بێسەروشوێن کراون.
لۆرێل میراندا، چالاکوانی بواری پەیوەندی و مافی مرۆڤە بۆ رەگەزگۆڕاوەکان، ئەو پرسیار لەبارەی ئەو وێنەیە دەکات کە کەسێک لە پێناو هەڵاتن لە دادپەروەری رەگەزی دەگۆڕێت.
زمان خاڵێکی دیکەی ناڕەزایی بینەرانی بەدوای خۆیدا هێناوە و بە لاواز ناسێندراوە، هۆکارەکەش کەسانێک سیناریۆیەکەیان ئامادەکردووە کە ئیسپانی نین، هەروەها رەخنە لە گفتوگۆ سەیرەکانی سێلینا گۆمێز گیراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە.
دەرهێنەر و ئەکتەرە نێودارەکانی جیهان بەرگرییان لە فیلمەکە کردووە، دیارترینیان جێمس کامیرۆن و مێریل ستریپ.
23ـی کانوونی دووەمی 2025 لیستی بەربژێرەکان بۆ 97یەمین خولی ئۆسکار بڵاوکرایەوە و لە 2ـی ئاداری 2025 خەڵاتەکان رادەگەیێنرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ