رووداو دیجیتاڵ
یەکەمین دیداری ساڵانەی هەژار موکریانی لەژێر ناونیشانی "دیداری یەکەمی هەژار" لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت و نووسەران و ئەدیبانی هەر چوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشداری دەکەن.
یەکێک لە رێکخەرانی دەڵێت، دیدارەکە دەبێتە ساڵانە و نێوەڕۆکەکەی گرنگیدان دەبێت بە زمان، ئەدەب و کولتووری کورد.
بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لەمەودوا و ساڵانە، بۆ رێزگرتن لە رۆڵ و نەخش و خەبات و هزر و بەرهەمداریی زانا و نووسەر و شاعیر و وەرگێڕی بەنێوبانگی کورد (هەژار موکریانی) لە رێوڕەسمێکی شایستەی یەکڕۆژیدا (دیداری هەژار موکریانی) ساز دەکرێت".
دیدارەکە لە شاری هەولێر و لە ساڵیادی کۆچی دوایی هەژار موکریانیدا کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی جیهانیی زمانی دایک، لە 22ی شوباتی 2025 بەڕێوەدەچێت.
یەکێک لە رێکخەرانی دیدارەکە ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دیداری هەژار لە ئاستی چوارپارچەی کوردستان و وڵاتانی دەرەوە دەبێت، تێیدا سێ پانێڵ پێشکێش دەکرێن کە بریتین لە پانێڵەکانی "هەژارو زمان - زمان و فەرهەنگ و زمان و ژیری دەستکرد".
لە یەکەمین (دیداری هەژار موکریانی)دا خەڵاتێکی " گرنگ، بە بەها و گرانبەها" پێشکێشی کەسێک دەکرێت کە خزمەتی بە زمان و ئەدەبی کوردی کردووە. دیدارەکە و خەڵاتەکەش ساڵانە لە هەمان رێککەوتدا دەبن.
بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوەکەیدا رایگەیاند: "دیداری یەکەمی هەژار موکریانی تایبەت دەبێت بە زمانی کوردی و هەوڵ دەدات پرسی زمان بکاتە پرسی هەموو کورد و لە رێگەی چەند پانێڵێکی جیاوازەوە ئەم پرسە هەستیار و ژیانی و ژیارییە بخاتە نێو گەنگەشەوە".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "دیدارەکە کۆمەڵێک بڕگەی کولتووری و ئەدەبی و هونەریی جیاواز لەخۆ دەگرێت، کە گرنگترینیان (خەڵاتی هەژار موکریانی)یە، کە بۆ ئەم ساڵ لە رێگەی لیژنەیەکی پسپۆڕەوە دەبەخشرێتە کەسایەتییەکی کورد کە خزمەتێکی زۆری بە زمانی شیرینی کوردی کردووە".
هەژمار موکریانی لە دیدارێکدا کە بۆ یەکەم جار تۆڕی میدیایی رووداو لە 21-02-2023 بڵاوی کردەوە و دەگەڕێتەوە بۆ 19 رۆژ پێش گیانلەدەستدانی و لە پاریس تۆمار کراوە، دەڵێت، مانگی شەشی ساڵی 1921 لە شاری مهاباد لە دایکبووە. ئەو نووسەرە نێودارەی کورد لە لە رۆژی 21ی شوباتی 1991دا کۆچی دواییکرد.
ژیانی هەژار پڕ بووە لە هەوراز و نشێو و سەختی زۆری لە ژیانیدا بینیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خزمەتێکی گەورەی بە زمان و وێژەی کوردی کردووە.
هەژار موکریانی لە تەمەنی حەوت ساڵی دەستی بە خوێندن کرد لە حوجرەی مزگەوتەکانی مهاباد و سەقز. لەوێ فێری زمانی عەرەبی و فارسی بوو، دواتر چەندین زمانی دیکە فێربوو.
هەژار موکریانی بەشداری لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان کرد؛ لە سەردەمی کۆماردا رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە بواری رۆشنبیری و رۆژنامەڤانیدا.
یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی هەژار ئەوە بوو کە توانیویەتی زمانێکی سادە و رەوان لە نووسینەکانیدا بەکاربهێنێت. دیوانی "ئاڵەکۆک" کە یەکەمین کۆمەڵە شیعری هەژارە، وێنەیەکی راستەقینەی ژیان و خەباتی گەلی کوردە؛ هەروەها لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا "چێشتی مجێور" باسی ژیانی خۆی و رووداوە گرنگەکانی سەردەمەکەی کردووە و بە بەڵگەنامەیەکی گرنگی مێژوویی دەناسرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ