پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بە درووشمی ''جیهان بە کوردی دەدوێت'' دەکرێتەوە

25-03-2025
ژیڤان بەکر
ژیڤان بەکر
A+ A-

هەولێر دیجیتاڵ

پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب دەکرێتەوە و 11 رۆژ بەردەوام دەبێت. سەرپەرشتیارەکەی دەڵێت: "پێشانگەکە بە چاودێریی سەرۆک بارزانی دەکرێتەوە و ئەم ساڵ 350 وەشانخانە لە 22 وڵاتی ناوچەکە و جیهانەوە بەشدار دەبن."

ئەمڕۆ سێشەممە، 25-03-2025، ئیهاب قەیسی، سەرپەرشتیاری پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بە رووداوی راگەیاند: "حەڤدەیەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بە درووشمی (جیهان بە کوردی دەدوێت) بە چاودێریی سەرۆک بارزانی لە رۆژانی 9 بۆ 19ـی نیسانی 2025 لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەدەچێت."
 
راگەیاندنی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب دەڵێت: "پێشانگەکە رۆژانە لە کاژێر 10:00ـی بەیانی تاوەکو 20:00 کراوە دەبێت."
 
ئیهاب قەیسی گوتی: "ئەم ساڵ 350 وەشانخانە لە 22 وڵاتی ناوچەکە و جیهانەوە بەشدار دەبن. بەشێک لەوانە کە لە وڵاتانی دراوسێ، مەغریب و وڵاتانی کەنداوەوە هاتوون، یەکەم جارە بەشداریی ئەم پێشانگەیە دەکەن. هەموویان لەسەر رووبەرێک کتێبەکانیان نمایش دەکەن کە زیاترە لە 20 هەزار مەتر چوارگۆشە."
 
سەرپەرشتیاری پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب گوتی: "دروشمی (جیهان بە کوردی دەدوێت) دروشمی خولی حەڤدەیەمی پێشانگەکەیە، ئەوەش وەک پێزانینێک بۆ زمانی کوردی و ئەو جموجووڵە بەرفراوانەی لە وەرگێڕانی کتێبە جیهانییەکان بۆ سەر زمانی کوردی دەستی پێکردووە."
 
ئیهاب قەیسی گوتی: "ئەو دروشمە وەک پاڵپشتییەکە بۆ بەفەرمی ناساندنی زمانی کوردی لەلایەن گوگڵەوە" و ئاماژەی بەوەشکرد: "بە درێژایی رۆژانی پێشانگاکە، چەندین پانێڵ و دیبەیتی رۆشنبیری لەبارەی وەرگێڕان و زمان، بە بەشداریی رۆشنبیران، شارەزایانی کورد و عەرەب لە پاڵ چەند وۆرکشۆپێک لەسەر دۆخی خوێندنەوە و گەشەی پیشەسازیی بڵاوکردنەوە بەڕێوەدەچن."
 
سەرپەرشتیاری پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب گوتیشی: "هەر لە چواچێوەی چالاکییەکانی پێشانگەکەدا، گفتوگۆی رۆشنبیری و کولتووری جۆراوجۆر بەڕێوەدەچن؛ خوێندنەوەی شیعر و واژۆکردنی کتێبە نوێیەکان و چەند ئاهەنگێکی هونەری و پانێڵی جۆراوجۆر لەبارەی عێراق و ناوچەکەوە بەڕێوە دەچن."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئوونا چاپلن لە فیلمی (Avatar: Fire and Ash)

نەوەی چارلی چاپلن لە بەشی نوێی (Avatar) بەشدارە

ئوونا چاپلن، نەوەی چارلی چاپلن، ئاشکرای دەکات کاتێک پەیوەندیی پێوەکراوە بۆ بەشداریکردن لە بەشی نوێی زنجیرە فیلمی ئاڤاتار، لەنێو دارستانەکانی کوبا و لە خانوویەکدا ژیاوە کە لەسەر دار درووستی کردبوو.