رووداو دیجیتاڵ
'کەڤوکم' یەکێک لە گۆرانییە بەناوبانگەکانی فۆلکلۆری کوردییە و لەلایەن ژمارەیەک لە هونەرمەندانی کوردەوە گوتراوە، بەڵام ئەمجارە هونەرمەندێکی عەرەب، ئەویش ئەساڵە نەسرییە، بە دەنگی خۆی ئەم گۆرانییەی گوتووەتەوە و بۆ یەکەمجارە گۆرانییەک بە کوردی دەڵێت.
ئەم بەرهەمە لە تێکست و ئاوازی فۆلکلۆری کوردییە و هونەرمەند ئاری جان کاری بۆ کردووە و عەلی ئەمیر کاری ماسترینگی بۆ ئەنجامداوە و بەرهەمی کۆمپانیای رۆتانایە.
گۆرانییەکە لە دوو بەش پێکهاتووە، بەشێکی کوردییە و بەشێکی عەرەبییە و لە کەناڵی تایبەتی ئەساڵە نەسری لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە و لە ماوەی کەمتر لە یەک رۆژدا، زیاتر لە 200 هەزار جار بیستراوە.
جگە لە ئەساڵە نەسری، پێشتر گۆرانیبێژی میسری حەمزە نەمرە ئەم بەرهەمەی گوتووەتەوە، جگە لەوانە، هونەرمەندانی کورد، محەممەد عارف جزیری، شەهرام نازری، شەهریبان، رۆژین و گرووپی کامکاران ئەم بەرهەمەیان گوتووەتەوە.
گۆرانی 'کەڤوکم' یەکێک لە تراکەکانی ئەلبوومە نوێیەکەی ئەساڵەیە کە بەناوی 'شايفة فيك'ـە و لەگەڵ ئەم بەرهەمە سێ گۆرانی دیکەی بە زمانی عەرەبی بڵاوکردەوە و بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا تەواوی ئەلبوومە نوێیەکەی بڵاوبکرێتەوە.
ئەساڵە نەسری، لە 1969 لە سووریا لە دایکبووە، بە یەکێک لە گۆرانیبێژە ناسراوەکانی عەرەب دەناسرێت و هەواداری زۆری هەیە، لە تەمەنی چوار ساڵیدا لە چەند ریکلامێکی تەلەڤزیۆنیدا دەرکەوتووە و گۆرانی بۆ منداڵان گوتووە، بەهۆی کۆچی دوایی باوکییەوە بۆ ماوەیەک لە گۆرانیگوتن دوورکەوتەوە، لە 1991 لەرێگەی گۆرانی 'أسمع صدى صوتك' ناوبانگییەکی زۆری پەیداکرد.
لەبارەی قەیرانی سووریا، لە ئازاری 2011ـەوە، پشتیوانی لە ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەی کرد، ئەمەش حکومەتی وڵاتەکەی و بەشێک لە هۆگرانیی توڕەکرد، هەروەها هەردوو براکەی و هاوژینی پێشووی و ئەیمەن زەهبی، هاوژینی پێشووی، دژی ئەو هەڵوێستەی بوون.
ئەو هونەرمەندە سێ جار ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، یەکەمیان لەگەڵ ئەیمەن زەهبی بووە کە لە 2005 جیابوونەوە، دووەمیان لە 2006 لەگەڵ تاریق عریان، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەربوو و لە 2020 جیابوونەوە، لە 2021 لەگەڵ فایەق حەسەن، شاعیر و دەرهێنەری عێراقی ژیانی هاوژینی پێکهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ