رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، لەبارەی کۆچی دوایی هونەرمەند خەلیل وەندی دەڵێت: "کۆڵەگەیەکی بواری ئاواز و گۆرانیی کوردی بوو".
ئێوارەی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025، خەلیل وەندی بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد، هەر لەو شارەش بەخاک سپێردرا.
فەرهەنگ غەفوور، هونەرمەند و بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر لەبارەی کۆچی دوایی وەندی گوتی: "مامۆستایەکی گەورە ئۆغری کرد، ئەویش مامۆستا خەلیل موراد وەندییە، دەتوانم بڵێم کۆڵەگەیەکی بواری ئاواز و گۆرانیی کوردی بوو، ساڵانێکی دوورودرێژ لە وێستگە هونەرییەکانی مەقام و ئاواز خزمەتی کرد".
بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر گوتیشی: "ئێمە گوڵی وەفا بۆ گڵکۆی پیرۆزی دەنێرین هەر لە ئەڵوەنەوە تاوەکو هەولێر پایتەخت، هەوڵ دەدەین کار و پرۆژەکانی، بەرهەم و ئەزموونەکانی بپارێزین و بۆ نەوەکانی داهاتوو بگێڕینەوە".
خەلیل وەندی، خەڵکی خانەقین بوو و لە هەولێر ژیاوە، ناوی تەواوی خەلیل موراد وەندییە؛ ساڵی 1947 لە گوندی سەیید بزروی سەر بە شاری خانەقین لەدایکبووە.
ساڵی 1973 بەکالۆریۆسی لە بەشی زمانی کوردی لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە. لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکانەوە لەسەر دەستی عەلی مەردان، هونەرمەندی ناسراوی کورد دەستی بە کاری هونەری کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ