یاسمین کەریم بۆ دیزاینی جلی کوردی سوود لە دیزاینە ئەورووپییەکان وەردەگرێت

28-06-2025
هێمن عەبدوڵڵا
یاسمین کەریم شێخ شەرۆ، دیزاینەری کوردی ئێزدی
یاسمین کەریم شێخ شەرۆ، دیزاینەری کوردی ئێزدی
نیشانەکردن یاسمین کەریم شێخ شەرۆ دلڤین کەریم شێخ شەرۆ دیاسپۆرا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یاسمین کەریم شێخ شەرۆ، دیزاینەرێکی کوردی ئێزدیی سەرکەوتووە و خەڵکی باعەدرێی پارێزگەی دهۆکە، دیزاینی جلوبەرگی کوردی و ئەورووپی ئاوێتە کردووە، بەکرێ دەیداتە ئەوانەی پێی سەرسامن و هەروەها دەیانفرۆشێ. 
 
دیزاینەکانی زۆر سەرنجڕاکێشن، بۆ نموونە کراسێکی کوردیی والێکردووە هەست دەکەیت جلوبەرگی ماڵباتێکی شاهانەیە لە ئەورووپا، یان جامانەیەکی کوردیی وا رازاندووەتەوە کە حەز دەکەیت بە سەری هاوژینەکەت یان یارەکەتەوە بیبینیت. 
 
یاسمین کەریم شێخ شەرۆ ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی، ئەو لەگەڵ دڵڤینی خوشکی، پڕۆژەیەکیان بۆ دیزاینکردن و دوورینی جلوبەرگی کوردی بە ستایلێکی سەردەمیانە و تێکەڵ بە دیزاینی ئەورووپی دەستپێکردووە، بە ئامانجی ئەوەی جلوبەرگی کوردی لەنێو گەنجانی کورد لە دیاسپۆرادا بە زیندوویی بهێڵنەوە.
 
یاسمین، سەرەتا وەک مەیکەپ ئارتیست کاری کردووە، ئەو باس لە سەرەتای بیرۆکەکەی دەکات و بە رووداوی گوت: "بیرۆکەکەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە چۆن بتوانم جلوبەرگی فۆلکلۆری کوردی لە ئەڵمانیا دروست بکەم، دەمانەوێت کچ و ژنانی کورد لە ئەورووپا حەز بە ستایلە نوێیەکەمان بکەن و بیپۆشن، نەک تەنیا ستایلی بیانی، بەڵکو جلوبەرگی خۆمان بە ستایلێکی ئەورووپی".
 
ئەو دوو خوشکە کارەکانیان بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەبەن، یاسمین دیزاین و نەخشەکان دادەڕێژێت، دواتر بۆ بەرگدرووەکانیان دەنێرێت بۆ ئەوەی مۆدێلێکی جوان و گونجاو بۆ گەنجانی کورد لە ئەورووپا دروست بکەن، یاسمین، ئاماژە بەوەش دەکات، برایەکیان لە ئەڵمانیا یارمەتییان دەدات بۆ دابینکردنی قوماش و کەرەستە کوردییەکان.
 
دلڤین کەریم شێخ شەرۆ، خوشکی یاسمین، هاوبەشی سەرەکیی کارەکەیەتی و دەڵێت: "دوای ئەوەی خوشکەکەم دیزاینەکان دادەنێت و نەخش و مورووەکان دیاری دەکات، من پێکەوەیان دەبەستم و کاری دوورینەکەی تەواو دەکەم".
 
دلڤین، نموونەی یەکێک لە کارەکانیان دێنێتەوە و روونیدەکاتەوە، چۆن هەوڵیانداوە کراسێکی شازادانە (Elegant) دروست بکەن کە دیزاینەکەی لە جلوبەرگی کوردییەوە وەرگیراوە، بەڵام مۆدێلەکەی جیاوازە و تێکەڵەیەکە لە ستایلی کوردی و ئەورووپی.
 
یەکێک لەو بەشانەی یاسمین بایەخی تایبەتی پێدەدات، گۆڕانکاریکردنە لە جەمەدانی کە بووکانی کوردی ئێزدی لەکاتی ئاهەنگی هاوژینیدا بەکاری دەهێنن، ئەو دەڵێت: "زۆر حەزدەکەم جەمەدانی بە شێوازێکی نوێ پێشکێش بکەم، هەوڵمداوە گۆڕانکاری لە رەنگەکانیدا بکەم بۆ ئەوەی بووکەکان زیاتر حەزیان لێی بێت و ئەم نیشانە کولتوورییە زیاتر دەربکەوێت".
 
ئامانجی سەرەکیی یاسمین و دلڤین هاندانی گەنجانە بۆ ئەوەی شانازی بە کولتوور و جلوبەرگی رەسەنی خۆیانەوە بکە، ئەوان هیواخوازن لە داهاتوودا بتوانن لقێکی کارەکەیان لە کوردستانیش بکەنەوە و پڕۆژەکەیان بەرفراوانتر بکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە