د. بەکر شامحەممەد لەبارەی ئەرشیڤی کورد لە رووسیا: بەهانایەوە بچن

29-09-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
 د. بەکر شامحەممەد، نووسەری کتێببی (خولە پیزە)
د. بەکر شامحەممەد، نووسەری کتێببی (خولە پیزە)
نیشانەکردن خولە پیزە د. بەکر شامحەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بۆ واژۆکردنی چاپی دووەمی کتێبی (خولە پیزە، رۆبن هودی کورد) لە سلێمانی، نووسەری کتێبەکە، د. بەکر شامحەممەد، داوای لە بەرپرسانی کورد کرد بەهانای ئەرشیڤی زۆری کوردەوە بچن لە رووسیا، پێش ئەوەی بە تەواوی لەناو بچێت.
 
د. بەکر شامحەممەد تیشکی خستە سەر گرنگیی کەسایەتی (خولە پیزە) و بە رووداوی راگەیاند: "خۆم ئەندازیارم، بەڵام خۆشەویستیم بۆ کورد و کوردستان و نەبوونی سەرچاوەی لەبارەی خولە پیزەوە؛ وای لێکردم خەریکی پەرتووکێک بم. چەندین ساڵم خەریک بووم تا گەیشتمە زانیاری زۆر گرنگ. خولە پیزا فەرماندەی سوپای هەزار پێشمەرگە بووە".
 
د. بەکر شامحەممەد ئاماژەی بەوەدا، خولە پیزا لە 1961 لە سەردەشت فەرماندەیی کردووە، کاتێک سۆڤیەت لەوێ بوون و "سەردەشتی تزگار کردووە، وای لێهاتبوو کە ببێتە حاکمی سەردەشت". هەروەها جەختی لەوە کردەوە "خولە پیزە لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد سەرباز و یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکان بووە".
 
نووسەر باسی لە هەوڵدان بۆ ناشیرینکردن و دروستکردنی قسەی دروست لەبارەی ئەو کەسایەتییە خستەڕوو، بەتایبەت لەلایەن ئینگلیزەوە. گوتیشی، "بە بەڵگە ئەو شتانەم کۆکردووەتەوە. بۆچی ناومان ناوە رۆبن هودی کورد؟" وەک نموونەیەکیش، ئاماژەی بە "تێلگرامێکی باڵیوزخانەی بەریتانیا" لە 1950 کرد، تێیدا ئاماژەی بە کەسێک کردووە کە لە سلێمانی حکومەتێکی دیکەی دروست کردووە و "خەڵکی سلێمانی پێی دەڵێن رۆبن هودی کورد". ئەم زانیارییانە لەلایەن د. کەمال مەزهەر، هاوڕێ و پرۆفیسۆری زانکۆ، لە ئەرشیڤی بەریتانیا دۆزراونەتەوە.
 
روونیشیکردەوە، بۆ یەکەمجار ئاڵای کوردستان "لە کۆنفرانسی سیڤەر لە 1920 هەڵکراوە، نەوەک لە کۆماری مهاباد".
 
د. بەکر شامحەممەد تیشکی خستە سەر ئەوەی کە کتێبەکەی تەنیا "بەشێکی بچووکە لە ژیانی خولە پیزە". بە پەرۆشییەوە داوایەکیشی ئاڕاستەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "داوا دەکەم بە خێرایی بەهانای ئەرشیڤی کوردەوە بچن کە لە رووسیا هەیە و بەرەو لەناوچوون دەچێت. من ئامادەم بەو زمانە رووسییەی باش دەیزانم هاوکاری بکەم. ئێمە وەک کورد دەتوانین سوود لەم ئەرشیڤە وەربگرین بۆ کوردستان و ئاسیا".
 
رۆژی شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، لە رێوڕەسمێکدا لە یەکێک لە هوتێلەکانی سلێمانی، چاپی دووەمی کتێبی (خولە پیزە، رۆبن هودی کورد) لە نووسینی د. بەکر شامحەممەد واژۆی لەسەر کرا. ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی سیاسی، رۆشنبیری و هونەری ئامادەی ڕێوڕەسمەکە بوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە