رووداو دیجیتاڵ
پێشوازییەکی بەرچاو لە بەشی دووەمی فیلمی 'Avatar' کراوە و تەنیا لە کۆریای باشوور، لە ماوەی دوو هەفتەدا، شەش ملیۆن بینەری هەبووە و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا یەک ملیار دۆلاری ئەمریکی تێپەڕاند.
ئەنجوومەنی فیلمی کۆری رایگەیاندووە، فیلمی سینەمایی 'Avatar: The Way of Water' لە 14ـی کانوونی یەکەمی 2022 بڵاوکرایەوە و 6.01 ملیۆن کەس لە کۆریای باشوور بینەری ئەم بەرهەمە بوونە.
ئەم بەرهەمە سینەماییە دەبێتە پینجەم بەرهەمی سینەمایی لە کۆرۆیا باشوور کە ژمارەی بینەرانی شەش ملیۆن بینەر تێپەڕێنێت و دووەم فیلمی بیانییە لە دوای فیلمی 'Top Gun: Maverick' ئەو بینەرە زۆرەی لەو وڵاتە هەبێت.
بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 2009 زیاتر لە 13.6 ملیۆن بینەری هەبوو و وەک پڕبینەرترین فیلمی بیانی لە کۆریای باشوور دەستنیشانکرا.
'Avatar: The Way of Water' بۆ هەفتەی دووەم لە ریزبەندی یەکەمی لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی ئەمریکای باکووردا مایەوە و داهاتی ئەم هەفتەیەی 63 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە، هەرچەند بەهۆی بەفربارین و سەرمای زۆرەوە؛ ئەمریکییەکان زیاتر لە ماڵەوە ماونەتەوە.
ئەم بەرهەمە لە 14ـی کانوونی یەکەمی 2022 لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندرا و لە 16 هەمان مانگ لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور بڵاوکرایەوە و داهاتی گەیشتووەتە یەک ملیار و 30 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.
'Avatar' سێیەم بەرهەمی سینەمایی 2022ـە داهاتی دەگاتە یەک ملیار دۆلار، لە دوای هەردوو فیلمی 'Top Gun: Maverick' و 'Jurassic World Dominion'.
دواکەوتنی بەشی دووەمی ئەم بەرهەمە سینەماییە، چەند ساڵێک بە کاری بەرهەمهێنانییەوە پەیوەیست بوو، بەم دواییەش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کاریگەری لەسەر دواخستنی بڵاوکردنەوەی هەبوو و بودجەی بەرهەمهێنانی 350 ملیۆن دۆلارە.
بەشی یەکەمی 'Avatar' لە جۆری فیلمەکانی خەیاڵی زانستییە، بە بڕی 237 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بەرهەمهاتووە، لە یەکەم هەفتەی نمایشکردنیدا لە هۆڵە سینەماییەکانی ئەمریکای باکووردا، زیاتر لە 77 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا.
ئەم بەرهەمە، چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، لەوانە سێ خەڵاتی ئۆسکار، لە کۆی ئەو نۆ خەڵاتەی بۆی بەربژێرکرابوو.
یەکەم بەشی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 2009 بەرهەمهات، جەیمس کامیرۆن، دەرهێنەری و بەرهەمهێنەری ئەمریکی کاری دەرهێنانی بۆ کرد و دوو ملیار و 922 ملیۆن و 917 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی جیهاندا بەدەستهێنا.
ئەو داهاتە زۆرە وایکرد، بەرهەمهێنەرانی بیر لە بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی بکەنەوە، دواتریش بڕیاری چوار بەشی دیکەی درا، بەڵام لە دوای تێپەربوونی 13 ساڵ، بڕیاری بڵاوکردنەوەی بەشی دووەمی درا، ئەمەش ناڕەزایەتی هۆگرانی ئەم فیلمەی بەدوای خۆیدا هێنا.
چیرۆکی فیلمەکە لەلایەن جەیمس کامیرۆن نووسراوە و رووداوەکانی ئەم بەرهەمە لە 2154 روودەدەن و بڕیاربوو لە 1997 بکرێتە فیلم، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەوکات تەکنەلۆژیا زۆر پێشکەوتوو نەبووە، بۆیە بەرهەمهێنانی دواخرا.
بەرهەمهێنەرانی پێشتر ئاشکرایان کردووە، سێ بەشی دیکەی ئەم بەرهەمە سینەماییە بەهەرمبهێندرێن و زۆربەی دیمەنەکانی بەشی سێیەمی وێنەگیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ