رووداو دیجیتاڵ
شاعیر، نووسەر و فۆتۆگرافەر، بەشدار سامی کۆچی دوایی کرد.
حەمە مەنتک، نووسەر و هاوڕێی نزیکی ئەو شاعیرە، ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی راگەیاند، بەشدار لە نەخۆشخانەی ژینی تایبەت لە هەولێر کۆچی دوایی کردووە.
بەشدار ماوەیەک بوو بە دەست نەخۆشیی شێرپەنجەوە دەیناڵاند.
بەشدار سامی لە ساڵی 1984 لە شارۆچکەی مەخموور لەدایکبووە و لە هەولێر نیشتەجێ بوو. بە یەکێک لە دەنگە نوێیەکانی شیعری کوردی دادەنرا.
چوار کتێبی شیعریی چاپ کردووە، "سبەی رۆژێکی دیکەیە، ئێوارە سەرابییەکان، رۆیشتن بە ئاراستەی مردووە بەڕێزەکان و لە گوڵ دەترسم"، هەروەها فۆتۆگرافەریش بووە.
ساڵی 2007 لە گۆڤاری (نووهات)کە گۆڤارێکی مانگانەی گشتی بوو و لە هەولێر دەردەچوو، بەرپرس و ئامادەکار و فۆتۆگرافەری لاپەرەی فۆتۆ و توانج بوو.
ساڵی 2007 خەڵاتی ڤێستیڤاڵی نەورۆزی (یەکێتیی نووسەرانی کورد-لقی هەولێر)ی بۆ شیعری لاوان وەر گرتووە.
ساڵی 2010 خەڵاتی لاوی ساڵی لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ شیعر وەرگرتوە.
ساڵانی 2011 و 2014 خەڵاتی یەکەمی ڤێستیڤاڵی گەلاوێژی بۆ شیعر پێ بەخشراوه.
رۆژی 13.5.2025، بەشدار سامی لەکاتی ناساندنی کتێبی "لە گوڵ دەترسم"دا قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "ئەمە دوایین کتێبی منە و پێموانییە کتێبی دیکە بنووسم و هەر ئەوەیە بە ناوی من دەمێنێتەوە، ئەمەش بەهۆی تەندروستیمەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ