گۆرانییەکی ریانا لە فیلمی 'Black Panther' دەنگدانەوەی زۆری هەیە

05-11-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن 'Black Panther' ریانا 'Lift Me Up'
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ریانا، گۆرانیبێژی جیهانی، گۆرانییەکی نوێی خۆی بڵاوکردووەتەوە کە بۆ فیلمی سینەمایی 'Black Panther: Wakanda Forever' گوتراوە و پێشوازییەکی بەرچاوی لێکراوە.
 
گۆرانییەکە بەناوی 'Lift Me Up'یە و لە 28 تشرینی یەکەمی 2022 لە کەناڵی تایبەتی ئەو هونەرمەندە بڵاوکراوەتەوە و زیاتر لە 27 ملیۆن بینەری هەیە.
 
'Black Panther: Wakanda Forever' بەرهەمی کۆمپانیای مارڤلە و لە 11 تشرینی دووەمی 2022 لە سینەماکانی جیهاندا بڵاودەکرێتەوە.
 
ئەم بەرهەمە لە دەرهێنانی راین کوگلەرە و هەریەک لە ئەنجێلا باست و تێنۆچ وێرتە رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.
 
لیتیشا رایت، یەکێک لە ئەکتەرە بەشداربووەکانی فیلمەکەیە و لە کاتی وێنەگرتندا تووشی پێکان هات، بەڵام نەبووە هۆی راگرتنی وێنەگرتنی فیلمەکە، چونکە ئەو دیمەنانە وێنەگیران کە ئەو تێیدا نەبووە و وێنەگرتن بەردەوام بوو.
 
لەلایەکی دیکەوە ریانا بڕیارە رێوڕەسمی دەستپێکردنی پاڵەوانییەتی سوپەر بۆوڵی ئەمریکی ئامادە بێت و گۆرانی بڵێت.
 
ئەو گۆرانیبێژە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەهۆی سەرقاڵبوونی بە کاری بازرگانییەوە کەمتر چالاکی هونەریی هەبووە و بەهۆی براندەکانی لە بواری جلوبەرگ و ماکیاژدا، بووەتە ملیاردێر.
 
دوایین ئەلبوومی گۆرانیی ئەو گۆرانیبێژە لە 2016 بڵاوکرایەوە و بڕیارە ئەلبوومێکی نوێ بڵاوبکاتەوە، بەڵام وادەی بڵاوکردنەوەی بۆ هەوادارانی ئاشکرا نەکردووە.
 
پاڵەوانییەتی سوپەر بوڵی ئەمریکی، هەواداری زۆری هەیە و ساڵانە لە رێوڕەسمی کردنەوەی لە مانگی شوباتدا، چەندین نمایشی هونەری پێشکێش دەکرێن و گۆرانیبێژە ناودارەکانی ئەمریکا و جیهان تێیدا بەشدار دەبن و خولی داهاتووی لە 12 شوباتی 2023 دەستپێدەکات.
 
ریانا، لە 20 شوباتی 1988 لە دوورگەی باربادۆس لە دایکبووە، گۆرانیبێژ، ئەکتەر، نمایشکاری جلوبەرگ و بازرگانە، لە 2003 لە تەمەنی 16 ساڵیدا دەستی بە کاری هونەری کردووە و بۆ ئەم مەبەستە چووەتە ئەمریکا و چەند بەرهەمێکی بڵاوکردەوە.
 
'Good Girl Gone Bad' سێیەم ئەلبوومی گۆرانیی ئەو گۆرانیبێژەیە و هۆکاری بەناوبانگبوونی بوو لە 2007.
 
ریانا براوەی نۆ خەڵاتی گرامی، 13 خەڵاتی میوزیکی ئەمریکی و 12 خەڵاتی میوزیکی بیلبۆرد و دوو خەڵاتی بریتە.
 
داهاتی لە ئایاری 2011 تاوەکو ئایاری 2012 زیاتر لە 53 ملیۆن دۆلار بووە، لە هەمان ساڵدا ناوی لە ریزبەندی چوارەمی لیستی گۆڤاری 'فۆربێس' بۆ بەهێزترین کەسایەتییە ناودارەکانی ساڵدا هات، هەر لە هەمان ساڵدا، وەک یەکێک لە سەت کاریگەرترین کەسایەتییەکانی جیهان لەلایەن گۆڤاری 'تایم' هەڵبژێردرا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە