رووداو دیجیتاڵ
دوای شێواندنی ئارامگەی محەممەد ماملێ، هونەرمەندی دیاری کورد، ئەمڕۆ شەممە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە پاککرایەوە و داوا دەکەن بەرپرسان لەسەر ئەو "کارە تێکدەرییە" بێنە دەنگ.
وریا ماملێ، کوڕی محەممەد ماملێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "روون نییە کێ بێڕێزی بە ئارامگەی محەممەدی ماملێ کردووە و بۆ روونکردنەوە لەسەر ئەو بابەتە چاوەڕێی وەڵامی بەرپرسانین". دەشڵێت، ئەگەر بەرپرسانی شاری مهاباد ئەرکی خۆیان بەجێ نەگەیێنن، رێکاری یاسایی دەگرنەبەر.
رۆژی هەینی 8-1-2021 کەسانێکی نەناسراو ئارامگەی محەممەد ماملێیان لە بەشی هونەرمەندانی گۆڕستانی مهاباد بە بۆیە رەش کردبوو و نووسراوەکانی سەر ئارامگەکەیان سڕیبووەوە، دواتر لەلایەن بنەماڵەی ئەو هونەرمەندە دووبارە پاککرایەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی فەرهەنگ و ئیرشادی شاری مهاباد لە راگەیێندراوێکدا ئەو کردەوەیەی وەک "رووداوێکی ناپەسند" لە قەڵەمداوە و ئامادەییان دەربڕیوە بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی و هەمووجۆرە هاوکارییەک لەگەڵ دامودەزگە پەیوەندیدارەکاندا.
محەممەد ماملێ ساڵی 1925 لە مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە و 23 کانوونی دووەمی 1999 بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد و 54 ساڵ خزمەتی بە هونەری کوردی کرد و زیاتر لە 300 گۆرانی تۆمارکراوی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ