رووداو دیجیتاڵ
ئاوازدانەرێکی کورد کە بۆ نزیکەی 60 گۆرانیبێژی کورد ئاوازی داناوە، ئێستا لە کەمپێکی یۆنان دەژی و چیرۆکی ژیانی بووەتە ئاوازێکی غەمگین. ئەو دەڵێت، دوای نزیکەی 50 ساڵ خزمەتی میوزیکی کوردی پێمباشترە لە غەریبی بمرم نەک لە شارەکەی خۆم و لە نێو کەسوکارم ریسوابم.
ئیبراهیم محەمەد غەریب فارس ناسراو بە ئیبراهیم غەریب ساڵی (1965) لەسلێمانی لەدایکبووە. ئەو لە بەرنامەی دیاسپۆرا بەمشێوەیە خۆی ناساند. "من کوڕی وەستا غەریبی نانەوام، لەساڵی 1979ـەوە دەستم بە کاری میوزیک ژەنین و تۆمارکردن کردووە، بەڵام لەساڵی 1974ـەوە وەکو فێرخوازێک کاری میوزیکم دەستپێکردووە. من کاتی خۆی پێیان دەگوتم جۆکەر نەک ئیبراهیم غەریب، چونکە هەموو ئامێرەکانم دەژەند.لە سەرەتای هەشتاکانەوە کارم لەگەڵ زۆربەی گۆرانیبێژەکان وەک کۆچکردوو عەتا چاوشین، کامەران عومەر، زاهیر جەلال، نەجمەدین غوڵامی و نزیکەی 56 هونەرمەند کردووە".
گۆرانیبێژ رەوا جەمال گۆرانییەکی هەیە کە دەڵێت (سەت خۆزگە ئەی یار ئێستا لام ئەبووی)، یان گۆرانییەکی دیکە هەیە دەڵێ (دڵنیابە بە مەرگیش بێ، ئەم نیگارە جێناهێڵم).. ئەوانە و زۆر ئاوازی دیکە هی ئیبراهیم غەریبن. ئەو ئێستا لە رێگەی کۆچبەریدا لە کەمپێکی پشتگوێخراوە لە یۆنان. رۆژانە بە گیتارەکەی دەچێتە نێو خەڵک و خەمەکانی بە ژێکانی گیتارەکەی دەردەبڕێ.
ئەو هونەرمەندە باس لەوە دەکات کە یەکەمین ئاوازەکانی کە دایناوە ئاوازێک بووە بەناوی "بێ مەیلی" کە بۆ کەسێک بەناوی جەبار تۆماری کردووە. دوای ئەوە ئاوازێکی بۆ حەمەجەزا زەنگەنە داناوە کە دەکاتە خەزوورم بەناوی "لەباخی ئاوات" و لەساڵی 1984 بۆم تۆمارکرد و ئەوکاتە بڵاوکرایەوە و ئیتر ئەوانە بوون بە سەرەتایەک و لەساڵی 1983 و 84ـەوە دەستی بە ئاواز دانان کردووە.
ئیبراهیم غەریب کە لە ئاکادیمی هونەرە جوانەکانی بەغدا دەیخوێند، لەو کاتەدا روودەکاتە شاخ. لەبارەی هۆکارەکەیەوە دەڵێت، بەهۆی ئەوەی نەچووەتە سەربازیی، هەڵاتووە و بووەتە "سەربازی فیراری". دەڵێت چیرۆکێکی زۆر خۆشی هەیە ئەو سەردەمە و ئاوا باسی دەکات. "گوندێک هەیە بەناوی تیلەکۆ لە پشتی قەرەداخ ماوەیەک لەوێ خۆم شاردبووەوە. گیتارەکە و کەمانچەکەم پێبوو و شەوانە راهێنانم دەکرد. هەزار رەحمەت لە گۆڕی مامە ریشە و کاک ئازاد هەورامی و کۆمەڵێک لە مەفرەزەکان هاتبوون بۆ گوندەکەی ئێمە. خەڵکی گوندەکە کۆبوونەوە و گوتیان مامۆستا "گێتەرەکە بێنە"، کە دەستم بە ژەنین دەکرد لەوکاتەدا دەیانگوت مامۆستا توخوا هەڵیگێرەوە و دەبوایە منیش گیتارەکەم هەڵگەڕایەتەوە و تەپڵم پێ لێدایە و ئەوان چەپڵەیان لێدەدا. ئەوە یادەوەرییەکی زۆر خۆشە لە ژیانمدا ماوە".
جێهێشتنی کوردستان و چوون بەرەو ئێران
لەبارەی جێهێشتنی کوردستانەوە ئیبراهیم غەریب دەڵێت، لە نەوەدەکان شتێک روویدا کە کاکم تێیدا کۆچی دوایی کرد، ناتوانم وردەکارییەکەی زۆر باسبکەم، سلێمانی و کوردستانم جێهیشت و روومکردە ئێران. زیاتر لە دوو ساڵ لە ئێران مامەوە، دەردیسەریی زۆرم لە ئێران بینی.
لە سەرەتادا، کرێکاریم دەکرد لە زۆرشوێن و ئیش نەما لە ئێران نەیکەم. لە رێگەی برادەرێکەوە ناسرام بە رادیۆ تەلەڤزیۆنی ئێران لە تاران. منیان بەدڵ بوو و یەکەم ئاوازم بۆ دانان و پەسندیانکرد و بوومە ئەندام لەوێ. دوای مانگ و نیوێک لەبەر ئەوەی زمانم زۆر دەزانی و مۆسیقام بەباشی دەزانی بوومە لێپرسراوی بەشی میوزیکی کەناڵی یەک و دووی تاران و بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک مامەوە.
بۆچی تارانی بەجێهێشت؟
ئیبراهیم گەریب لەبارەی ئەوەی بۆچی ئێرانی جێهێشتووە دەڵێت: "دوای ئەو ماوەیە چەند برادەرێکی خۆم بە کوردییەکەی خڵەتاندمیان کە وەرە بۆ تورکیا، لێرە ئازادی هەیە و میوزیک زۆر لە پێشە و زۆر شتی دیکە. وایانلێکردم کە تاران بووە سجن و ئەوێیان لێکردمە "جەننەت". ئیتر بڕیارمدا بڕۆم بۆ ئەو "جەننەتە" و 13 ساڵ لە ئیستەنبووڵ بووم. چۆن لە ئێران دەستمپێکرد لە تورکیاش لە سەرەتاوە دەستمپێکردەوە بە کرێکاری. دوای ساڵ و نیوێک بوومە خاوەن شوققەیەکی باش و لە کۆمپانیایەکی گەورە بوومە وەرگێڕی 5 زمان. دواتر شوققەکەی خوارەوەشم کڕی و کردمە شوێنی وانەگوتنەوە کە بە رۆژدا لە کۆمپانیاکە کارم دەکرد و بە شەویش وانەی میوزیکم دەگوتەوە".
دەنگۆی مردنی و دواتر دەرکەوتنەوەی ئیبراهیم غەریب
لە ماوەیەکدا لە کوردستان هەواڵی مردنی ئیبراهیم غەریب بڵاوبووە و دواتر دەرکەوتەوە. لەبارەی ئەو چیرۆکەوە ئیبراهیم غەریب دەڵێت: "ساڵی 2006 گەڕامەوە کوردستان، چوومە لای کاک جەزای ساز و سڵاوم لێکرد باوەڕی نەکرد، برادەران لەوێ بوون وتیان تۆ مردووی و ناوت بە مردوو هاتووەتەوە. تەنانەت یەکێک لە ئاوازەکانیشم درابووە کەسێکی دیکە بەیادی ئەوەی ئیبراهیم غەریب مردووە و خێری ئەو ئاوازەیان دابووە حوسێن رەشید بێ ئەوەی مۆڵەت لە من وەرگرن. بیرمە تەلەفۆنیان بۆ عەتا چاوشین کرد و بڕوای نەدەکرد تاوەکو خۆم قسەم لەگەڵ کرد و خۆی گەیاندە لام. زاهیر جەلالم لە بازاڕ بینی باوەشی پیاکردم هێندە گریا جلەکانم تەڕبوون".
ئیبراهیم غەریب ئێستا بۆ لە کەمپی یۆنانە؟
دوای ئەو هاتووچوونانەی بۆ ئێران و تورکیا و گەڕانەوەی بۆ کوردستان، ئیبراهیم غەریب ئەمجارە روویکردووەتە ئەوروپا و ئێستا لە کەمپێکی یۆنانە.
ئەو ئاوازدانەرە لەوبارەوە دەڵێت: "دوای ئەوەی لە ئیستەنبووڵەوە گەڕامەوە، دوو ساڵ و نیو لە چەمچەماڵ دانیشتم. دواتر دۆخی داراییم باشتربوو هاتم و لە سلێمانی خانوویەکم گرت و لەوێ مامەوە. نزیکەی سێ ساڵ لەگەڵ کاک فارووقی مەلا مستەفا کارم دەکرد، دۆخی داراییم خراپ بوو و ژیان و گوزەرانم نەبوو، نەمدەتوانی کرێ خانوو بدەم. بیرمە یەکێک لە قوتابییەکانم کە زەربی لێدەدا دەرچوونی کرد، عەرزەیەکیان پێدا و رێزێکی زۆری لێنرا و منیش لە دوورەوە سەیرم دەکرد. زۆر دۆخی داراییم خراپبوو و واملێهات دوای 48 ساڵ خزمەتی میوزیکی کوردی خەریکبوو لە برسان بمرم".
ئیبراهیم غەریب دەڵێت "بۆیە ناچاربووم هەڵبێم لەو دۆخە و گوتم ئەگەر بڕیارە بمرم پیاو لە غەریبیدا بمڕێ کەس نایناسێت، نەک لە وڵاتەکی خۆم و لە برسان بمرم و ئابڕووم بچێت. لەو کەمپەش کە تێیداین ژوورێکی زۆر بچووکمان هەیە، کەمپەکە پاکوخاوێن نییە و ژیان تێیدا سەختە. بەڵام لەچاو سلێمانی ئێرە جەننەتە. تۆ لەنێو خزمە کەسوکارەکەی خۆتدا ریسوا دەبیت بەڵام لێرە لە برسیشدا بمری کەس ناتناسێت. با لە غەریبیدا بمرم باشترە لەوەی کە لەنێو خزم و کەسوکارەکەی خۆمدا ریسوا بم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ