رووداو - ئەڵمانیا
خاوەنی بیرۆکەی دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە هیچ شوێنێکی دونیا نەبووە ئەو جۆرە کامێرایە لە رێگەی خێرا دابندرێت. دەشڵێت، "ئەو سزایەی دانراوە رێگەپێدراو نییە و یاساییش نییە، نابێت رێژەی پارەی سزادانەکە وەک ئەوەی ئێستا بێت."
سەروەت محەممەد، ئەندازیاری رێگەوبان کە لە بەریتانیا دەژی، لە یەکێک لە سێ گەورەترین ناوەندە ئەکادیمییەکانی بواری رێگەوباندا لە جیهان ماستەری هێناوە. سەروەت خاوەنی بیرۆکەی دانانی کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵە لە هەرێمی کورستان، لەوبارەیەوە میوانی دیاسپۆرابوو، رایگەیاند، بیرۆکەی دانانی کامێرای پۆینت تۆ پۆینت 100% بیرۆکەی خۆیەتی و گلەیی لە میکانیزمی دانان و پێبژاردنی سەرپێچیکار دەکات.
ئەو ئەندازیارە کوردە دەڵێت، "پڕۆژی کامێرای پۆینت تو پۆینت هەڵەی یاسایی تێدایە، یەکێک لەو هەڵانە ئەوەیە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک کۆمپانیاکە بزانێت خاوەنداریی ئۆتۆمبێلی سەرپێچیکار کێیە، کە ئێستا ئەمە دەزاندرێت، لەلایەکی دیکەوە کامێرای پۆینت تو پۆینت نابێت لە رێگەی خێرا دابندرێت و نابێت لە رێگەیەک هەبێت کە رێگەی دیکەی بێتەسەر، بەگشتی نابێت لە رێگەی خێرا دابنرێت، بەڵکو تایبەتە بە هەندێک شوێنی دیاریکراو".
29ـی ئایاری 2023، بە فەرمی کامێراکانی پۆینت تو پۆینت لە سلێمانی کەوتنەکار و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە هەولێریش چەندین کامێرای پۆینت تو پۆینت جێگیربکرێن.
کارپێکردنی کامێراکانی تیژڕۆیی بهگوێرهی بڕیاری ئهنجوومهنی وهزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە 79ـی ساڵی 2016ـەیە.
سەبارەت بە رێژەی پێبژاردن کە ئێستا لە نێوان 70 هەزار بۆ 250 هەزار دینارە، سەروەت محەممەد گوتی، "ئەو سزایەی دانراوە رێگەپێدراو نییە و یاساییش نییە، نابێت رێژەی پارەی سزادانەکە وەک ئەوەی ئێستا بێت، لەلایەکی دیکەشەوە لەکاتی سەرپێچیکردنی شۆفێر دەبێت سەرەتا کۆمپانیا نامەی هۆشداری بۆ شۆفێری سەرپێچیکار بنێرێت، نەک راستەوخۆ سزای دارایی بدات".
ئەو ئەندازیارە کوردە کە خۆی خەڵکی دەربەندیخانە، باسی لەوەش کرد، "بۆیەکەمجار لە سەرەتای ساڵانی 2000 سیستمی کامێرای پۆینت تو پۆینت لە بەریتانیا دانرا، ئەوەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ، هەروەها کەمکردنەوەی مردن بە رووداوی هاتووچۆ، دوای دانانی سیستمەکە لە بەریتانیا، توانرا رێژەی رووداوەکان زیاتر لە 30٪ کەمبکرێنەوە، هەروەها رێژەی مردنیش بە رووداوی هاتووچۆ بۆ 58٪ کەمبووەوە، بەڵام نەک دانانی کامێراکان لە رێگەی خێرا، بەڵکو لە شوێنی تایبەت، بە نموونە لە نێو کۆڵانەکان و شوێنە گشتییەکان، بۆ ئەوەی رێگە لە شۆفێر بگیرێت بە خێرایی زۆر تێپەڕبێت و رووداوی نەخوازراو رووبدات، هەرچەندە رێگریکردن لە رووداوی هاتووچۆ تەنیا پەیوەست نییە بە دانانی کامێرای پۆینت تو پۆینت، بەڵام ئەمە ئامرازێکە لە ئامرازەکانی رێگریکردن لە رووداوەکانی هاتووچۆ".
سەروەت محەممەد کە زیاتر لە 21 ساڵە لە بەریتانیا دەژی و ئێستا ئەندازیاری رێگەوبانە لەو وڵاتە، گلەیی زۆری لە رێگەوبانی هەرێمی کوردستان هەیە و دەڵێت، "شەقامەکانی کوردستان کەموکوڕیی زۆری تێدایە لەڕووی ئەندازیارییەوە، بەتایبەت سیستمی یووتێرن زۆر خراپن و بە گشتی ئەندازەی هاتووچۆ پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە".
سەبارەت بە شکاندنی کـامێراکانی پۆینت تو پۆینت، خاوەنی بیرۆکەی دانانی ئەو کامێرانە گوتی، "هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناڕەزایی خەڵک، بەتایبەتی زۆریی رێژەی پێبژاردن و هەروەها خراپی شەقامەکان، بۆیە ئێمە ئامادەین هاوکاریی ئەو کۆمپانیایە بکەین و رێگەیەک هەیە بۆ پاراستنی کامێراکان".
بۆ کۆنترۆڵکردنی خێرایی ئۆتۆمبێل لە شەقامەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای ئێرلی فیوچهر بۆ دانانی نزیکەی 500 کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی لە هەرێمی کوردستان کردووە، کە بەشێوەی پۆینت تو پۆینت کار دەکەن.
دانانی کامێراکانی پۆینت تو پۆینت ناڕەزایەتی زۆری بەدوایخۆیداهێنا و پێشتریش چەندین پەرلەمانتار دژی وەستانەوەو بە نایاسایی لە قەڵەمیاندا و دواتریش لەسەر دژایەتیکردنیان بانگهێشتی دادگاکران.
رێژەی پێبژاردنی سەرپێچیکار 70٪ی بۆ کۆمپانیا دەبێت و 30٪یش بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ