تابلۆیەکی ڤان کۆخ دوای سەدەیەک نمایشکرا و بە زیاتر لە 19 ملیۆن دۆلار فرۆشرا

28-03-2021
ژیار حەکیم
ژیار حەکیم @zhyar_hakim
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تابلۆیەکی ڤان کۆخ، هونەرمەندی هۆڵەندی کە ماوەی زیاتر لە سەدەیەک لەلایەن خێزانێکی فەرەنسییەوە پارێزراوە و بە دەگمەن نمایشکراوە، لە زیادکردنێکی ئاشکرا بە 19 ملیۆن و 100 هەزار دۆلار فرۆشرا.
 
ناوی تابلۆکە "دیمەنی شەقام لە مۆنتمارترێ"ـیە لە ساڵی 1887 لەلایەن ڤان کۆخ کێشراوە. دەستپێکی نرخی تابلۆکە لە زیادکردنەکە بە نۆ ملیۆن و 400 هەزار دۆلار دەستیپێکرد، دواتر بە نزیکەی دوو هێندەی نرخە سەرەتاییەکە فرۆشرا.
 
ئەو شەقامەی ڤان کۆخ کێشاویەتی لە پاریسە، کە لە تابلۆکەدا چەند کەسێک پیاسە دەکەن و ئاشەوانێکیش لە پشتیانەوەیە. شەقامەکە ئێستا یەکێکە لە قەرەباڵخترین شەقامەکانی پاریس.
 
کلاودیا مێرسییە، کڕیارێکی تابلۆ بەنرخەکان دەڵێت: "ئەو کاتەی کە بۆ یەکەمجار تابلۆکەمان بینی، دەستبەجێ سەرنجی راکێشاین"، هەروەها دەشڵێت: زۆر دڵخۆشە لە سەردەمێکدا ژیاوە کە ئەو تابلۆیەی تێدا نمایشکراوە، دوای ئەوەی خێزانێکی فەرەنسی سەدەیەک پارێزگارییان لێکرد.
 
ئەورێلی ڤاندێڤووردێ، بەڕێوەبەری باڵای بەشی هونەری  سۆزبی لە فەرەنسا دەڵێت: "چەند تابلۆیەکی زۆر کەمی ڤان کۆخ لەلای خەڵکدا ماوەتەوە، چونکە بەشێکی زۆری تابلۆکانی ئێستا لە مۆزەخانەکانی جیهانن".
 

ئەو دەمانچەیەی دەگوترێت ڤان کۆخ خۆی پێکوشتووە

ڤان کۆخ هونەرمەندێکی گەورەی هۆڵەندییە کە دەگوترێت لە ساڵی 1890 خۆی کوشتووە، ئەو دەمانچەیەی کە خۆی پێکوشتووە لە ساڵی 2019 بە 183 هەزار دۆلار فرۆشرا. 
 
کارە هونەرییەکانی ڤان کۆخ لە سەردەمی خۆیدا نرخێکی ئەوتۆیان نەبوو، بەڵام لە سەدەی 20ـەوە نرخیان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە. یەکێک لە تابلۆکانی بە ناوی "پۆرترەیتی دکتۆر گاچێت" لە ساڵی 1990 بە 82 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار فرۆشرا، کە بەراورد بەو کاتە ئەو نرخە زۆر بەرزبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە