رووداو دیجیتاڵ
دوور لە ناکۆکییە سیاسییە قووڵەکانی نێو لوبنان، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، سەردانی ئەمجارەی بۆ لوبنان، بە کۆبوونەوە لەگەڵ یەكێک لە سیمبولە نەتەوەییەکانی لوبنان و هونەرمەندە گەورەکانی ئەو وڵاتەدا دەستپێدەکات، کە فەیرووزی گۆرانیبێژە.
کۆشکی ئەلیزێ، ناوی فەیرووزی هونەرمەندی لە پێشەنگی خشتەی سەردانەکەی سەرۆکی فەڕەنسادا نووسیووە، لە کاتی دووەم سەردانی ئەو سەرۆکە بۆ لوبنان لە کەمتر لە مانگێکدا.
ماکرۆن، لە لیستی پرۆگرامە سەردانییەکەیدا، ئەم دەستەواژەیەی نووسیوە: "وادەی خواردنەوەی قاوەیەک لە ئەنتڵیاس، لەگەڵ فەیرووز، ئێوارەی رۆژی دووشەممە".
ماکرۆن سبەی دووشەممە جارێکی دیکە دەگاتەوە بەیرووت، کارنامەی سەردانەکەی پڕی دیدار و چاوپێکەوتنی سیاسییە. ئەمەش هەوڵێکی دیکەی ئەو سەرۆکە ئەوروپییەیە، بۆ هاوکاریکردنی لوبنان لەپێناو هاتنە دەرەوە لەو تەنگژە سیاسییە قورسەی تێیکەوتووە.
پێشتر کۆشکی ئەلیزێ، کارنامەی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی لە لوبنان بەسەر لایەنە سیاسییەکاندا دابەشکردبوو، بەڵام لایەنە لوبنانییەکان ناکۆکی قووڵیان لە نێواندا هەیە و ئەوەش رێگرە، لەبەردەم جێبەجێبوونی پلانەکەی فەڕەنسادا.
حکومەتی حەسان دیاب، پێشتر دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە کاتێکی پێشتری ئەم مانگەدا راگەیاند، ئەمەش پاش چەند رۆژێکی کەم لە تەقینەوە گەورەکەی بەندەری بەیرووت، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 180 کەس گیانیانلەدەستدا و 250 هەزار کەسیش بێماڵوحاڵ مانەوە، لە کاتێکدا تەقینەوەکە سایلۆی گەورەی وڵاتەکەی وێرانکرد (سەرچاوەی سەرەکی گەنم و جۆی وڵات) و چەندین دامەزراوەی گەورەی ئابووری وێرانکرد.
سەرۆکی فەرەنسا، لە حەوتی ئەم مانگەدا، سەردانێکی خۆی بۆ بەیرووت کۆتاییپێهێنا، لە دوای سەردانەکە لە توویتەری خۆی نووسی "خۆشم دەوێی لوبنان". ئەو دەستەواژەیە ناونیشانی گۆرانییەکی فەیرووزە، کە ئارامبەخشی لوبنانییەکان بوو لە ماوەی 15 ساڵی جەنگی ناوخۆییدا.
سبەی دووشەممە، دوای گەیشتنی بە بەیرووت، ماکرۆن راستەوخۆ دەچێتە لای فەیرووز لە ناوچەی رابیە لە نزیک ئەنتڵیاس، لە باکووری لوبنان، دیدارەکە دوور لە چاوی کامێراکان بەڕێوەدەچێت.
فەیرووز و فەڕەنسا
فەیرووز پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ فەڕەنسادا هەیە کە لە ساڵی 1975ەوە دەستپێدەکات. کاتێک بۆ یەکەمجار لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنی فەڕەنسا لە بەرنامەی 'سبیسیال ماتیۆ'دا دەرکەوت، ئەوکات لەوێ لەگەڵ میرای ماتیۆی هاوڕێ و هونەرمەندی فەڕەنسیدا، گفتوگۆی کرد و گۆرانی 'خۆشم ویستی هاوین'ی چڕ.
ساڵانی جەنگی ناوخۆیی لوبنان، پەیوەندییەکە زیاتر قووڵ بووەوە، کاتێک فەیرووز ئاهەنگێکی گەورەی بەبۆنەی ئۆڵمپیادی 1979ی پاریسەوە رێکخست و لەوێ گۆرانی 'پاریس ئەی گوڵی ئازادی' گوت.
کۆپلەی کۆتایی گۆرانییەکەی فەیرووز دەڵێ: "ئەی فەڕەنسا چی بە خەڵکەکەت بڵێم لەبارەی نیشتیمانە بریندارەکەمەوە؟ ئەو نیشتیمانەی لە نێو مەترسی و رەشەبادا شەپۆل دەدات. چیرۆکی ئێمە لە ساڵانی زووەوە، بریتییە لە لوبنان بریندار دەبێت، لوبنان وێران دەبێت. دەڵێن مردووە و نامرێت، لە ژێر دارووپەردوودا هەڵدەستێتەوە و ماڵەکان ئاوەدان دەکاتەوە، ئیدی سوور و سەیدا و بەیرووت خۆیان دەڕازێننەوە".
فەیرووز باڵاترین میدالیای فەڕەنسی پێدراوە، لە نێویاندا میدالیای فەرماندەی هونەر و ئەدەبی فەرەنسی لەلایەن فرانسوا میترانەوە لە ساڵی 1988، هەروەها میدالیای سوارچاکی دۆقە، لەلایەن جاک شیراک،ی سەرۆکی کۆچکردووی فەڕەنسا لە ساڵی 1998.
جیا لە فەیرووز، لوبنان پەیوەندی قووڵی لەگەڵ فەڕەنسادا هەیە و پێشتر ئەو وڵاتە، کۆڵۆنی فەڕەنسی بووە. وەک دەرخەری ئەو پەیوەندییە مێژووییە قووڵەی نێوان هەردوو وڵات، ماکرۆن یەکەم سەرۆک وڵات بوو، دوو رۆژ پاش تەقینەوە گەورەکەی سەرەتای ئەم مانگە، گەیشتە بەیرووت و لەسەر شەقامەکانی ئەو شارە خاپوورە، دانیشتوانی شارەکەی لە ئامێز گرت و بەڵێنیدا هاوکاریی لوبنانییەکان بکات.
هەلێکی مێژوویی
هەرچەندە تائێستا نووسینگەی فەیرووز و ریما رەحبانیی کچی، هیچ کۆمێنتێکیان لەسەر سەردانەکە نەداوە، بەڵام هەواڵی سەردانەکە کاردانەوەی هونەرمەند و میدیاکارە لوبنانییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.
مولحیم زەین، هونەرمەندی لوبنانی دەڵێت: "سەرۆکی فەڕەنسا میدالیای شەرەفی بە پلەی فەیرووز پێدەدرێت لەو چاوپێکەوتنەدا، چونکە کۆبوونەوەکە دیارترین کۆبوونەوەی مێژووی تۆمارەکانی سەرۆکی فەڕەنسا دەبێت و رووداوێکە خەڵک لە هەموو چاوپێکەوتنێکی دیکە زیاتر، لە بیریدا دەمێنێتەوە".
ئەو دەڵێت: "پێموانییە ئەو دەرفەتە مێژووییە بۆ کەس دووبارە ببێتەوە، تەنانەت سەرکردە گەورەکانیش، هەموومان دەزانین چیرۆکی فەیرووز و دەرگا داخراوەکانی چواردەوری چین، هەر ئەوەش نهێنییە گەورەکەی فەیرووزە، کە هەموومان هێندەی هونەرەکەی خۆشمان ویستووە.. بێگومان ئیرەیی بە ماکرۆن دەبەین لەسەر ئەو هەلە، پێمانوایە ئەو رێگەی دروستی هەڵبژاردووە، ئەو ویستی پێمان بڵێت، ئەمە ئەو لوبنانەیە کە ئێمە دەمانەوێت، لە شێوەی وێنەیەکی درەوشاوەی فەیرووزدا کە نەمریی دروستکردووە".
بڕیارە سەردانەکەی ماکرۆن تاوەکو رۆژی سێشەممە بەردەوام بێت، لە میانیدا سەردانی گەڕەکە رووخاوەکان و ناوچە زیانمەندەکانی تەقینەوەکە دەکات، هەروەها لەگەڵ منداڵانی لوبناندا، دارێک دەڕوێنێت لە دارستانی جاج، لە باکووری رۆژهەڵاتی بەیرووت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ