کۆچ؛ مۆتیڤێک بۆ شکستی خەون

04-01-2020
نیهاد جامی
نیشانەکردن ئەدەب
A+ A-
 
پەیوەندیی خەون بە شوێنەوە، بینینی شوێنە وەک دۆزەخێک، وێناکردنی نادیاری شوێنی دووەمە وەک بەهەشتێک، ئەو وێناکردنە وا دەکات مرۆڤ بیر لەوە بکاتەوە لە شوێنی خۆی رابکات، چونکە بڕوای وایە ئەو شوێنەی تر کە لەخەیاڵدایە، فانتازیاکانی دەبنە وێنەیەکی ڕاستەقینە، بۆیە بەرەوڕووی فانتازیاکانی دەڕوات، کاتێک شوێن رووە فانتازیاکەی دەدۆڕێنێ، تێدەگەین ئەوە زهنی ئێمە بوو ئەو وێنە بارگاویکراوەی بەشوێن بەخشیبوو، دەنا جوانیەک لەو مانایەدا نییە، ئەو کاتە ئەوە تەنیا خەون نییە شکستدێنێ، بەڵکو رووبەڕووبوونەوەی مرۆڤە لەگەل نائومێدی، لێرەوە پرسیارکردن لە شوێن، دەبێت بە نائومێدبوونی مرۆڤ لە دنیا.
 
شانۆنووسی پۆڵەندی سواڤۆمیر مرۆژێک لەڕێی تێکستێکی شانۆییەوە بەناوی (کۆچبەران) دەیەوێت وێنەیەکی راستەقینەی ئەودیوی فانتازیا بەرجەستە بکات. ئەو وێنەیە کەسی کۆچبەر خۆی لێ دەدزێتەوە و نایەوێت بیبینێت، ئەوەش وابەستە نییە بە ئاستی کولتوورییەوە، بەڵکو ئەوە پرسیاری ئەخلاقیی مرۆڤە لەنێوان دوو شوێندا، سەرەنجام کۆچبەر رووبەڕووی دەبێتەوە. ئەوە دەبێتە تێکستێک بۆ یادەوەریی ئەزموونی کۆچ، ئەزموونێک ئەو بەشەی ناگێڕدرێتەوە. نووسەری ئەو شانۆنامەیە دێت یادەوەریی لەبیرکراو دەکاتە حەقیقەتی مرۆڤی کۆچبەر.
 
هەڵبەت پێویستە ئەو راستیە لەبیر نەکەین کەوا ئەو شانۆنامەیە بۆ سواڤۆمیر مرۆژێک بەشێک لە ئەزموونی تایبەتی خۆیەتی. کۆتایی شەستەکانی سەدەی بیستەم ئەودەمەی وەک پەناهندەیەک بەرەو فەڕەنسا ڕۆیشت و ئەزموونی ژیانی وەک کۆچبەرێک دەستپێکرد، لەوێوە سەفەری ئەو بەدنیادا دەستیپێکرد، وەک چۆن ئەو ئەزموونەی تیایدا دەژیێت، دەبێتە رووبەری ژیان لەڕێی دوو کارەکتەری ئەو شانۆنامەیە.
 
دوو مرۆڤ لەڕاستیدا وەک ڕووی دیار و نادیاری مرۆڤی کۆچبەر دەردەکەون، بۆیە هەمیشە کۆمەکی یەکتری دەکەن تا رووداوەکان بەرەو لووتکە بەرن، بۆیە کارەکتەرەکان بە پیت ئاماژەیان بۆ دەکرێت و ناوێکیان نییە، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە شوناسێک بە کارەکتەر نەبەخشرێت، هێندەی ئەوان هەڵگری ئازاری مرۆڤی کۆچبەرن، کە شوێن بریتییە لەو ژوورەی ئەو دوو مرۆڤە تیایدا دەژین، کەلوپەلی هەرە سادە، رووداوەکان لە شەوێکی سەری ساڵدا روودەدەن، ئەو کاتەی خەڵک یادی ئەو جەژنە دەکەنەوە، ئەو دوو کارەکتەرەش هەریەکە بەشێوەی جیاواز دەیانەوێ بەشداری بکەن، بەڵام سەرەنجام هەر لەو ژوورە دەمێننەوە.
 
مانەوە لە شوێندا وا دەکات کێشەی ئەوان لەناو دیالۆگدا بمێنێتەوە، کێشەیەک وابەستەی گرفتەکانی مرۆڤی کۆچبەرە. ئەو دوو کەسە لەبنەڕەتدا سەر بە دوو چینی جیاوازی کۆمەڵایەتین، بەڵام گوزارشت لە یەک گوتاری دەستنیشانکراو دەکەن، ئەویش قسەکردنە لە مرۆڤی کۆچبەر. ئەگەر کارەکتەرێک دەبینین نوێنەرایەتی چینی رۆشنبیر دەکات، کتێب وەک ئاماژەیەکی رۆشنبیری پەیوەندی ئەوە بە دنیاوە، ئەوا کارەکتەرەکەی دیکە بێئاگایە لەو دنیایە و کێشەی رۆشنبیر و خوێندنەوەی نییە، وەک هەزاران کۆچبەر دەیەوێت کار بکات و پارەی دەستبکەوێت و بگەڕێتەوە نیشتیمان، واتە مرۆڤێکە خەونی ژیان هێناویەتی، بەپێچەوانەی کارەکتەرەکەی دیکە کە ترس لە مردن کردوویەتی بە کۆچبەر، لێرەوە ململانێی نێوان ژیان و مردن نییە، هێندەی کۆچ بیانوویەکە بۆ ڕزگاربوونی مرۆڤ لەوەی تیایدا دەژیێت.
 
ئەو شانۆنامەیەی مرۆژەک کە لە ساڵی 1974 نووسراوە، لەو کاتەوە چەندین دەرهێنەری پۆڵەندی کاریان تێدا کردووە، دیارترینیان کە جێی سەرنج و رامان و وتاری ڕەخنەی شانۆیی پۆڵەندی بووبێت، دەرهێنانەکەی ئاندژێی ڤایدا بووە، بەڵام کاتێک لە ساڵی 1995 دەرهێنەر کازیمیێژ کۆتز ئەو شانۆنامەیە دەردەهێنێت، دەیەوێت وێنەیەکی نائومێدیی ئەودیوی کارەکتەرەکان بەرجەستە بکات، وێنەی مرۆڤ وەک کەسێکی خەونبین و نائومێد، خەون و نائومێدی دەبنە دوالیزمی پەیوەندیی کارەکتەر لە شوێندا، مۆتیڤێکی وێنەیی دەخوڵقێنن، تاوەکو لەو ڕێگەیەوە بتوانن جیاوازی هۆشیاریی مرۆڤەکان لاببەن، ئەگەر کتێب دەلالەت لە ئاستی رۆشنبیریی یەکێکیان بکات، ئەوا بووکەشووشەی سەگێک گوزارشت لە پاکیزەیی ئەویتر دەکات، بەڵام سەرەنجام تێدەگەین، ئەوە پاکیزەیی نییە، بەڵکو ئەو پارە تاک کاغەزیانەن کە تیایدا شاردووەتەوە، بۆیە سەرەنجامی بێئومێدبوونی لە خەونەکەی دەیەوێت خۆی بکوژێت، کارەکتەرەکەی تر ڕاستە دەتوانێت ڕێ لە خۆکوشتنی بگرێت، بەڵام کاتێک ئەویتر دوای هەوڵەکەی دەخەوێت و ژوورەکە پڕ دەکات لە دەنگی پرخە پرخ، ئەویتر وەک ئەو دەچێتە سەر پێخەفەکەی خۆی تا بخەوێت، بەڵام هەست بەدۆڕانی خەونی خۆی دەکات وەک کۆچبەرێک، بۆیە دەنگی گریانی تێکەڵی پرخەی هاوڕێکەی دەبێت، مۆتیڤە وێنەییەکەی کۆچبەر بەم شێوەیە دەبنە قووڵایی شانۆ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە