نووسینی ئارەش چراغی
و: شادی نیکخا
یادداشتێک لەبارەی ڕۆمانی نوێگەرایانەی "ئەسفاری سەرگەردانی" نووسینی جەبار جەمال غەریب، وەرگێڕانی رەزا کەریم موجاور
ئەسفاری سەرگەردانی گێڕانەوەی ململانێیەکی ترسناکە لەگەڵ جۆرە جیاوازەکانی زەمەندا. زەمەنێک لە هەیبەتی هەژدیهایەکی دوو سەردا کە سەرێکی، ڕەگی لە تراژدیاکانی مێژووی ڕاستەقینەدایە و، سەرەکەی دیکەی یادگەی مرۆڤە لە واقیعێکی تراژیک، کە خۆی بەشێوەی خوازەی چەمکی و واتایی بە مرۆڤ دەنوێنێ.
جەبار جەمال غەریب لە ڕۆمانی ئەسفاری سەرگەردانیدا، چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤ لەگەڵ ئەو زەمەنە ڕاستییە، هاوکات چۆنیەتی ڕزگاربوونی لەژێر ڕکێف و ترسی ئەو زەمەنە، هەروەها چۆنیەتی دروستکردنی ئەم چۆنیەتییە داهێنەرانەی لە ڕۆمانەکەیدا، لێکئاڵاندووە و یەکێک لە خەیاڵاویترین ڕۆمانە مێژووییەکانی سەردەمی ئێمەی نووسیوە.
پێش دەربڕینی هەر گریمانەیەکی گشتی سەبارەت بەم ڕۆمانە، دەبێ کەمێک گریمانەی پێکهاتەیی و ناوەڕۆکیی ئەو ڕۆمانە ئاڵۆزەی سەفەری زەین و جەستە بۆ نێو مێژوو، ئیستیلیزە و ئاسان بکرێتەوە بۆ ئەوەی بگەین بە تێگەیشتنێکی پێکهاتەیی لە یەکە واتاییەکانی ڕۆمانەکە و لە کۆتاییدا بە ئامانجی ناوەکیی ڕۆمانەکە بگەین و بەو پرسیارە بنەڕەتییە بگەین کە : لە بنەمادا ئەم ڕۆمانە سەبارەت بە چییە؟ بۆچی نووسراوە؟
بەڕاستی ئەم ڕۆمانە گریمانەی مەحاڵی وشەی ئافراندن(داهێنان) ی مومکین کردووە و ئەوانەی کە خۆیان بدەنە دەست پارچە واتایی و پێکهاتەییەکانی ئەم ڕۆمانە، دان بەوەدا دەنێن کە ئەم ڕۆمانە داهێنەرانە و تازەگەرانەیە لە هەموو ڕوویەکەوە.
بە مەبەستی ئیستیلیزاسیۆنی پێکهاتەی سەخت و ئاڵۆزی ڕۆمانی ئەسفاری سەرگەردانی، سەرەتا پێویستە ئاوڕێک لە جیهانی ئەدەبی و جوگرافیای بەرینی کوردستان بدەینەوە و ئاماژە بە یەکێک لە کۆنەسەرچەشن و نموونە پڕپاتەوەبووەکانی ئەو ئەدەبیاتە، واتە کۆنەسەرچەشنی سەفەر بکەین، کە بە گوێرەی پێویستیی دەروونناسانەی کۆمەڵگەی ئەو کولتوورە، بووە بە یەکێک لە هەوێنە پێویستەکانی ئەدەبیات، چ لە شیعر و چ لە ڕۆمانی ئەو کۆمەڵگەیەدا.
چونکە جوگرافیای کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەگەڵ سەفەر، کۆچ و تاراوگە و دوورخرانەوە بۆ ڕۆژئاوا و جیهانەکانی دیکە تێکەڵ بووە. گەرچی لە ڕۆمانە ناباوەکەی جەبار جەمال غەریبدا، ئەم سەفەرە لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات ڕوودەدات و لە درێژەیدا ڕوو دەکاتە گەڕان و هەڵکۆڵین لە ڕۆژهەڵاتدا؛ بەم حاڵەوە سەفەر هەمیشە ئاوارەیی لەگەڵ خۆی دێنێ و ئاوارەیی تەنیا بە ئاوارەیی جەستە سنووردار نابێ. بەڵکو بەئازارترین ئاوارەیی، ئاوارەیی زەین و یادگەیە کە لە زەینی مرۆڤی سەفەرکردوودا دەبێ بە نۆستالژی، یان نامۆبوون کە خۆی مەکتەب و جۆرێکە لە ئەدەبیات؛ چونکە لەسەر خەیاڵ وەستاوە و کەسی خەیاڵکەر کە ڕابردوو بە شێوەی ڕووداوێکی مێژوویی دەبینێ، هەمیشە گیرۆدەی یادگەی مێژوویی خۆیەتی کە بە نیازە لە ناویدا ئارام بگرێ، یان لێی ڕابکات.
مەکتەبی ڕۆمانتیزم لە ئەورووپا لەسەر بنەمای ئەم بنچینە واقیعییە لە ئەدەبیاتدا دامەزرا، کە تێیدا کەسەکە ئاوارە و هەڵکەندراو لە نیشتمانی خۆی، بە ناچاری دەست بە دامێنی خەیاڵی ڕابردووی مێژوویەوە دەگرێ تا مەزنایەتیی ڕابردووە سەیروسەمەرەکەی خۆی بەبیر بێنێتەوە.
بەڵام بە پێچەوانەی پارادایمی ئەدەبی، لەم مەکتەبەدا دەبێ بە ڕوخسارێکی سوورهەڵگەڕاو لە شەرم، دان بەوەدا بنێین، بابەتێکی سەرنجڕاکێشی مەزن، لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستاندا بەدی ناکرێ کە مرۆڤی ئاوارە، لە ڕۆژئاوا و لە غوربەتدا بگەڕێتەوە بۆی و تێیدا ئۆقرە بگرێت؛ چونکە سەرانسەری واقیعی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵچۆڕاوی خوێن و پشێوییە.
لە ئەدەبیاتی باودا، نووسەر بەهۆی کۆنەسەرچەشنی سەفەر، پاڵەوان بە شێوازی هێڵی و ئاسۆیی بۆ سەفەرکردن لە مێژوو و شوناسی شاراوەی لێسەندراوی خۆی پاڵ پێوە دەنێت تاوەکو زەینی هەردەم پەرێشانی ئەو، بگات بە چێژێکی دەروونی لەم گەڕانەوەیە.
بەپێچەوانەی بیرکردنەوەی باو، ڕۆمانی ناباوی ئەسفاری سەرگەردانی کۆکراوەی هەموو دژبەیەکەکانی کۆنەسەرچەشنی سەفەرە کە تا ئێستا بەری کەوتبین. چونکە زەمەن لەم ڕۆمانەدا بەهۆی ترسە جەستەییەکەی، لێکترازانی دەروونیی کاراکتەرەکانی لێدەکەوێتەوە و کاراکتەرەکان لە بنەڕەتدا، بە نیازی شاردنەوەی زەمەنی مێژوویی و زەمەنی هێمایی ڕابردووی خۆیانن، بێئەوەی بوێریی ئەوەیان هەبێ کە ڕووبەڕووی ببنەوە. ئەوان لە هەوڵی ئەوەدان مێژووی خۆیان لەبیر بکەن، بەڵام توانای ئەو کارەیان نییە.
ئەسفاری سەرگەردانی ڕێک لەدوای وەڵامی ئەو پرسیارە بنەڕەتییە وێڵە، کە بۆچی کاراکتەرەکان ناتوانن یادگەی مێژوویی خۆیان لەبیر بکەن و لە واقیعی مێژوویی ئەواندا، چی حەشار دراوە کە ناتوانن ڕووبەڕووی ببنەوە؟
جەبار جەمال غەریب وەڵامی ئەم پرسیارە هەر لە هەمان لاپەڕەکانی سەرەتای ڕۆمانەکەدا لە زاری کاراکتەری پاڵەوانەوە، دەگوازێتەوە بۆ خوێنەر. پاڵەوانی ڕۆمانەکە کاکۆی ژەنیاری مورادبەگە کە منداڵی ژن و مێردێکی ئاوارەی ڕۆژئاوایە .
لە لاپەڕەی 29 دا دەڵێ: "من لە گێڕانەوەی وێنە و بیرەوەریی کەلوپەلی مۆزەخانەکان فێر ببووم، هەموو ئەو شتانەی دەبنە حەکایەت، فەرامۆش دەکرێن." (لاپەڕە 16 لە کوردییەکەدا)
بۆیە بێدەسەڵاتیی باوک و دایکی کاکۆ لە دروستکردنی چیرۆک و ئەفسانە لە ڕاستییەکان، نەک هەر ئەوانی زیاتر لە هەمیشە بەرەوڕووی ڕاستییە تراژیکەکەیان کردووەتەوە، بەڵکو توانای دەرچوون لەوەشی لێ زەوت کردوون.
دایکی کاکۆ کە بەجێماوێکی برینداری دەستدرێژیی تورکە عوسمانییەکانە بۆ سەر ئەرمەنەکانی ئەو جوگرافیایە، ڕووداوە ترسناکەکانی ڕابردووی خۆی لە نێو دەفتەرێکی بەرگ چەرمیندا نووسیوەتەوە و هەمیشە شاردوویەتیەوە لە دەستی کوڕە گەنجەکەی کاکۆ، کە لەدایکبووی جیهانی ڕۆژئاوایە. باوکی کاکۆ، ژەنیار مورادبەگیش لە ئاوارە ڕزگاربووەکانی دەستدێژی و تاڵانەکانی سەر کوردی عێراقە کە لە ئەنفال و جینۆساید ڕزگاری بووە و خۆی گەیاندووەتە ئەورووپا. لەوێ لەگەڵ ئارتووش، ژنێکی ئەرمەنی ئاشنا بووە و ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە. ئێستا کاکۆ بەدوای دۆزینەوەی نهێنییە شاراوەکانی مێژووی واقیعی باوک و دایکی، لە ڕۆژئاواوە خۆی دەگەیەنێتە ڕۆژهەڵات و لە شەوێکی بەفریدا لە گوندێکی کوردستانی تورکیا دەبێتە میوانی خێزانێکی کورد.
پێچەوانەی پێشبینیی خوێنەر، کاکۆ لەو ماڵەدا بە شێوەی ئاسۆیی و هێڵی، لە سەفەرەکەی بەردەوام نابێت، بەڵکو لەوێ خەو دەیباتەوە و مێژوو بێ ئەوەی بە شێوەی ئاوێنەیی و عەینی خۆی بە کاکۆ بنوێنێ، بە شێوەی خوازە و خەون و ئەفسانە لێی دەردەکەوێت.
جێی ئاماژەیە ئەو سەفەرە، سەفەرێکی تەواو زەینی و دەروونناسانەی ڕەها نییە کە وێناکردنێکی ئازاد لە ڕووداوەکان و پەشۆکاویی زەینی گێڕەرەوەی لێ بکەوێتەوە و بۆ پاساوکردنی لێکترازانی گێڕانەوەکەی، دەست بە دامێنی تەکنیک بێت. بەڵکو سەفەرێکی ئوستورەییە لە ڕاستییەوە، کە دەرکەوتەی دەروونناسانە تەنیا بەشێکی لەخۆ دەگرێت و ڕەهەندی کۆمەڵناسانەی ڕاستییەکان، بەشێکی فراوانی بارستاکەی بۆ خۆی تەرخان کردووە.
تەنیا بەم شێوازەشە کە دەتوانێ هەموو مێژووی تەقینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕۆمانێکی 250 لاپەڕەییدا و بەم وردەکارییە لە پێکهاتەدا پیشان بدات، بێ ئەوەی خۆی تا هەڵدێری ڕاستینوێنی و بەبەڵگەکردنی شێوە ڕیالیزمی مێژوو، دابەزێنێ و گیرۆدەی گەرداوی دروشم ببێ.
لەو ماڵە گوندییەدا لەگەڵ کۆمەڵێک کاراکتەری زۆرینە ئەساتیری و ئیستیعاری، سەفەرە خەیاڵییەکەی کاکۆ و خەونە نەخۆشئاساکەی ئەو، خۆی دەکات بە خوازە(ئیستعارە) و خوازەش هیچ نییە جگە لە ڕۆیشتن تا سنووری ڕاستی و گینگڵدان تێیدا و دووبارە گەڕانەوە لێی.
خوازە لاقرتێکردنە بە ڕاستی و باوشکاندنی مێژووە. تەنیا لە خوازەدایە کە دەکرێ باس لە یادگەی مێژوویی و واقیع بکرێ و تەنیا بەو تەکنیکە خوازەییە دەکرێ لە ڕکێفی مێژوو ڕزگار بیت.
سەفەری شێوەخەونی کاکۆ لە زستانی ساردی گوندێکی بێ ناونیشان لە کوردستان، ململانێی هاوکاتی پرسی ئامادە و پرسی نائامادەیە . پرسێک کە نەریتی مەرگ و گەڕانەوە لە جیهانی مەرگ دێنێتە زەین، کە ئاماژەیە بۆ هەموو ئوستوورە کۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕۆیشتن بۆ جیهانی مردووەکان و گەڕانەوە لەوێ و چاکبوونەوە بەهۆی ئەو پرسە نەریتییە. شینبوونی گوڵی سوڵتانی لەسەر گڵکۆی پاڵەوانێکی مردوو کە سامانی گوندەکەی (قاپی وێنەکەی سوڵتان جەهانگیر) لە دزین و تاڵان بە دەستی ئەوانی دی ڕزگار کردووە، لە ڕاستیدا ئاماژەیە بۆ هەمان باوەڕ و ئوستوورە کە لە ئێران بە سوهرابکوژی و لە یۆنان بە نەریتی دیونیزۆس ناسراوە.
شێواویی گێڕانەوە لە خەونەوە بۆ بێداری، هاوکاتە لەگەڵ شێواویی ئاڵوگۆڕی نێوان زەینی پاڵەوان و زەینی نووسەر بە تەکنیکێکی گێڕانەوەیی نایابی خوازەیی و شاعیرانە، کە سیخورمە دەدات لە هەموو گێڕانەوەیەکی ئاسۆیی شێوە سێبەر و دەستەدووی مێژووی تاڵان و بڕ و دەستدرێژی و شەڕەکان و ئاوارەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بێ ئەوەی تراژیدیا بکات بە کۆمێدیا و بێ ئەوەی خۆی بخاتە گێژاوی ئایدۆلۆژیا و ڕۆمانتیسیزمی فرمێسک و ئاه.
لە کۆتاییدا دەبێ دان بەوەدا بنێین کە ڕۆمانی ئەسفاری سەرگەردانی، ڕۆمانی ڕەنج و ئازارە نەک چێژ. ئەم بەرهەمە گێڕانەوەییە ناباوە، شێوازێکی ناباو و ئافراندنێکی ناباوە لە هەرچی کە ئێمە تا ئێستا لە ڕۆمان ناسیومانە. زمانی ئیستعاریی شاعیرانەی ڕەنجتەوەری بەرهەمەکەی جەبار جەمال غەریب، کە هەندێ جار دەبێتە ئاڵۆزکاوییەکی زمانیش، هەمووی لەسەر پشتڕاستکردنەوەی ئەو ڕەنجە بونیات نراوە کە هەیە! تەکنیکی گێڕانەوەیی داهێنەرانەی ڕۆمانەکەش، توخمێکی سەپێنراو نییە لەسەر پێکهاتەی ڕۆمانەکە لەلایەن نووسەرەوە ، بەڵکو توخمێکی ئافرێنراوە لە دڵی پێویستییە پێویستەکانی خودی بەرهەمەکە لەسەر بنەمای ڕەنجی مێژوونووسینەوەی ڕەسەن.
هەر بە هۆی جوانیناسیی پێویست، لەوانەیە خوێنەر لە ئەزموونی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا، وێڕای زمانی شاعیرانەی وردبینانەی بەرهەمەکە، پرسیار لە هۆکاری زەحمەتیی خوێندنەوەکە بکات و، هۆکاری نەگەیشتن بە ئەزموونێکی چێژبەخش لەم زمانە شاعیرانە نوێ و تازەگەرانەیە لە نووسەری ڕۆمانەکە بپرسێت؛ کە دەکرێ لەم دەرفەتە کورتەدا بەم جۆرە وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە: ئەزموونی ڕەنج خۆی چێژی ڕەسەنی ئەدەبیاتە و لە ئەدەبیاتدا چێژ لە ڕەنج بەدەست نایەت، ئەگەر خۆت نەسپێری بە خەیاڵی جۆرێکی دیکەی زمان و گێڕانەوەی تازەگەرانەی جەبار جەمال غەریب.
*******
تێبینی
- ئەم وتارە بەبۆنەی چاپی دووەمی کتێبی ئەسفاری سەرگەردانی لە مانگنامەی"مد و مە" لە تاران بڵاوبووەتەوە.
- ئەسفاری سەرگەردانی وەرگێڕانی فارسیی رۆمانی "پێنجەمین کتێب"ی جەبار جەمال غەریبە و رەزا کەریم موجاور وەریگێڕاوە و وەشانخانەی ئەفراز لە تاران بڵاوی کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ