پێشەکی
بە ناوەڕۆکی نامەکاندا دەردەکەوت کە مامۆستا جەمال نەبەز لەگەڵ مامۆستا رەفیق حیلمی تیکەڵاوییەکی نزیکیان هەبووە، چونکە بە مام ناوی دەبات.
من لە ژیان خانی کچی مامۆستا رەفیق حیلمیم بیستووە کە مامۆستا جەمال نەبەز لە بەغدا سەردانی ماڵی ئەوانی کردووە. دیارە رەفیق حیلمی و جەمال نەبەز هەردووکیان دوو کەسایەتی نەتەوەیی بوون، ئایا ئەوەی کە ئەو دوو جوامێرە پەیوەندیی رێکخراوەییان هەبووە، هیچ بەڵگەیەک بەدەستەوە نییە، ئاخر کاژیک لە ساڵی 1959 دامەزراوە کە مامۆستا جەمال نەبەز لە دامەزرێنەرانی ئەو رێکخراوە بووە و مامۆستا رەفیق حیلمی ساڵی 1960 کۆچی دوایی کردووە.
مامۆستا جەمال نەبەز لە نامەی یەکەمدا ناوی ئەو کتێبانە ناهێنێت کە لە کەرکووک فرۆشتوونی و پارەکەی بۆ مامۆستا رەفیق حیلمی گێڕاوەتەوە، هەروەها لە نامەکەدا دەردەکەوێت کە ئەوکاتیش ساخکردنەوە و فرۆشتنی کتێبی کوردی زەحمەت بووە و زیاتر لە رێگای هاوڕێیەتی و ئاشنایەتییەوە کتێب گەیشتوونەتە دەست خوێنەران.
لە نامەی دووەم و سیێەمدا، مامۆستا جەمال نەبەز بە ناوی راستەقینەی خۆیەوە واژۆی نامەکەی کردووە، جەمالەدین کە ناوی ئەسڵی خۆیەتی، هۆکاری ئەوە دەبێت چی بێت؟ خۆ نامەکان بەدوای یەکدا هاتوون، ناوەڕۆکی نامەکانیش سیاسی نین. خاڵی ناوکۆیی نێوان هەرسێ نامەکە ئەوەیە کە باسی کتێبی تێدایە.
مامۆستا جەمال لە هەرسێ نامەکەدا زۆر بەڕێزەوە و وەکو کەسێکی لەخۆی گەورەتر و زاناتر و تەنانەت رەفیق حیلمی بە مامۆستای خۆی دەزانێت، وشەی گەورەم بۆ جەنابی رەفیق بەگ بەکاردەهێنێت، لە هەرسێ نامەکەدا کتێب خاڵی گرنگی هاوبەشی نێوان مامۆستا نەبەز و رەفیق بەگە. هەروەها لە هەرسێ نامەکەدا جەمال نەبەز سڵاوی تایبەتی بۆ بەشیر موشیر دەنێرێت کە لە نووسین و گفتوگۆکانی دواتریدا بە مامۆستا و قوتابخەنەیەکی تایبەتی ناوازەی دەشوبهێنێت.
مامۆستا جەمال نەبەز لە نامەکاندا، پیتی (غ) بەکاردەهێنێت بەڵام لە نووسینەکانی دواتریدا پیتی (خ) بەتەواوەتی جێگای بە پیتی (غ) خۆشکردووە. هەروەها پێدەچێت کاک (عارف) کە لە هەرسێ نامەکەدا ناوی هاتووە، مەبەستی مامۆستا فایەق عارف بێت کە یەکێک بووە لە هاوڕێ نزیکەکانی مامۆستا جەمال نەبەز و یەکێکە لە حەوتەوانەکە کە پێکەوە کاژیکیان دروست کردووە و ئێستا لە ژیاندا ماوە، بەڵام بەداخەوە تەندروستی زۆر خراپە.
ئێمە هەوڵدەدەین ناو بەناو لەم جۆرە نامانە لە رووداو بڵاوبکەینەوە کە نرخێکی گرنگیی مێژوویان هەیە، بەو هیوایە لە دەرفەتێکی گونجاودا، وەکو کتێب بڵاویان بکەینەوە.
نامەی یەکەم

کەرکووک 23-1-1956
مامی گەورە و خۆشەویست جەنابی رەفیق بەگ
هەموو کاتێکت باش:
لەپاش سەلام و هەواڵ پرسینێكی زۆر. چاوەکەم دووهەفتە لەمەوبەر بە مامۆستا (موسی نوح) دا (6) دینارم ناردە خزمەتتان هیوام وایە پێتان گەیشتبێت تائێستە. وا ئێستاش بە کاک حەمەدا (6) دیناری ترم ناردە خزمەتتان هیوام وایە بە گەیشتنی ئاگادارم بکەن بەڵام بە پۆستەدا نەآ.
ئێستا حسابمان بەم جۆرەیە:
جەنابتان 270 کتێبتان بۆ من رەوانە فەرمووە:
9 دینار بە حەواڵەدا.
4 دینار بە عەبدوڵڵا عەلی کانی مارانیدا.
5 دینار بە حەواڵە دا دیسانەوە.
6 دینار بە موسی نوح دا.
6 دینار بە کاکە حەمەدا.
_________
30 دینار هەتا ئێستە.
270 × 180 = 48600 دینار
-
30000
ـــــــــــــــــــــــــــــ
18600 دینارم لاماوە.
چەند رۆژێکی تر نەختێکی ترت ئەنێرمە خزمەت. بڕوا بفەرموو بە شەڕە شەقێکی تەواو ساغی ئەکەمەوە، چونکە خۆت ئەیزانی بەر وەختێکی خراپ کەوت. هیوام وایە کە چووشمەوە سلێمانی حسابی ئەو پەنجا دانەیەشت بۆ ببڕمەوە کە خۆت بۆت ناردبوو.
ئیتر هەر بژین بەخۆشی.
گەلێ سەلامم بۆ وەستا بەشیر و کاک عارف و کاک شەمس الدین هەیە.
تکا دەکەم هەر بەم کورەدا نامەم بۆ بنێرن
دڵسۆزتان
جەمال نەبەز

نامەی دووەم
کەرکووک
25-5-956
گەورە و خۆشەویستم جەنابی مامۆستا رەفیق بەگ!
ئەم کاتە و هەموو کاتێکت باش!
لەپاش پێشکەش کردنی سەلامێکی کوردانەی برایانە، لە کانی دڵمەوە هیوای خۆشی و بەختیاریت بۆ ئەکەم. ئومید ئەکەم هەرگیزاوهەرگیز لەبەرزی و شادوانی و کامەرانیابیت، هەتایە هەتایە تەنگوچەڵەمەی رۆژگار و گەردا و وەیشوومەی ناهەموار شیرینی ژیانتان پێ تاڵ نەکا.
بەراستی دەمێکە من و فاضلە افەندی پێ وەین بە جووت نامەیەکت بۆ بنووسین بەڵام من لەبەر رۆژووی رەمەزان، سەرلە بەیانیان کە ئەچم بۆ قوتابخانە ئەوەندە رەزام قورس و دەموچاوم ترشوتاڵە سەرهیچم ناکەوێ. بەڵام وا من لەجیاتی ئەو سەلامی هەردوو لاو دڵسۆزی هەردوولات پێ ئەگەیەنم.
ماوەیەک لەمەوبەر لە هەولیر بووم چوم بە کاک مەعروف خەزنەدار کەوت ووتی: کتێبەکە لەژێر چاپ دایە وەوا لەتەواوبوونایە، بەراستی کۆڵێکم پێ خۆش بوو کەچی وا دووسێ هەفتە تێ پەڕی و دیارنەبوو هیوام وایە هۆی دواکەتنی خێروخۆشی بێ. زۆر سەلامم هەیە بۆ وەستا بەشیر و کاک عارف و گشت برادەران. ئیتر بە خوای گەورەت ئەسپیرم.
دڵسۆزتان
جەمالەدین
کرکوک
المتوسطە الغربیە - جمال الدین توفیق

نامەی سێیەم
کەرکووک ٨/٦/٩٥٦
مامی گەورە و خۆشەویست جەنابی مامۆستا رەفیق بەگ
هەموو کاتێکت خۆشی ...
لەپاش هەواڵ پرسینێکی دڵسۆزانەی خۆشەویستانەی کوردانە هیوام وایە لە ئەوپەڕی شادی و بەختیاری و لەش ساخیدابن و هەرگیزا و هەرگیز ناخۆشی و خەفەتباری و لەش بەبابری بەخۆتانەوە نەبینن.
گەورەم:
گەلێ خۆم بە گوناهبار ئەزانم کە تا ئێستا وەرامی کتێبە نایابەکەتانم نەداوەتەوە بێ گومان خۆتان لە بەزمو رەزمی معلم شارەزان هیچ پێویست ناکا بۆتان باس بکەم تەنیا ئەوەندە هەیە کە کتێبەکەم پێ گەیشت وەک کابرایەکی تینوی پەرێشان لە چۆڵێکی کاکی بە کاکی بیابانا لێی بقەومێ و لەپڕ بگاتە کانی و ئاوێ و هەتا پێی ئەکرێ دەم بخاتە ئاوەکەوە و ئەگەر زگی بیگرێ چۆڕ بڕی بکات، منیش بە چەشنی ئەو تینیوە هەر لەگەڵ ئەو یادگارە بەنرخەم گەیشتە دەست تا دوا لاپەڕەیم خوێندەوە بێ گومان من لە وزەمانییە بەتان و پۆی ئەو رەنجە پێ لەگەنجەدابیم چونکە هەرچییەک بڵێم هێشتا هەرناتەواوە بەڵام هەر ئەوەندەم پێ ئەکرێ کە دەستەودۆعا رووبکەمە خوای گەورە کە هەتا هەتایە بۆ ئێمەت بهێلێ و لەسەر ئەم رێگەیە بەردەوامت کا بۆ خزمەتی گەلووڵات.
هیوام وایە کە لێم بوووری لە دواکەوتنی نامەوە درێخی کردن، چونکە پێغەمبەر فەرموویەتی (العزر عند کرام الناس مقبول )، ئیتر ئومێدەوارم کە لە کەموکورتی نامەکشم ئەم بەخشن چونکە بە دەم ناگێرێتەوە کە لەم رۆژانەدا لە چ فەلاکەتی و ماندوویەتیەکداین.
فاضل افندی و کاک نەریمان و هەموو برادەران سەلامت لێ ئەکەن و دۆعای خێرت بۆ ئەکەن. خۆم زۆر سەلامم هەیە بۆ (مامۆستا)! بەشیر و کاک عارف و گشت دۆستان. ئیتر هەر بە بەرزی بت بینم چاوەکەم .
دڵسۆزتان
جەمالەدین

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ