رووداو - هه‌ولێر
نزیكه‌ى شه‌ش ده‌یه له‌مه‌وبه‌ر ئه‌لبێر كامۆ، نووسه‌ر و ئه‌دیبی فه‌ره‌نسی له رووداوێكی هاتوچۆدا كۆچی دوایی كرد، به‌ڵام كتێبێكی نوێ باس له‌وه ده‌كات كه مه‌رگی نووسه‌ره فه‌ره‌نسییه‌كه به رێكه‌وت نه‌بووه و لێدوانه تونده‌كانی له‌دژی یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی جاران، بووه‌ته هۆی مردنی.
كامۆ له رۆژی چوارى كانوونی دووه‌می 1960 كۆچی دوایی كرد، كاتێك میشێل گالیمار، بڵاوكه‌ره‌وه‌ی كتێبه‌كانی كامۆ، كۆنترۆڵی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌رده‌چێ و ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ده‌كێشێ به دره‌ختێكدا، كامۆ ده‌موده‌ست ده‌مرێ.
جیۆڤانی كاتێلی، نووسه‌ری ئیتاڵی، له كتێبێكی نوێ‌دا له‌ژێر ناونیشانی "مه‌رگی كامۆ" و به پشتبه‌ستن به یاداشته‌كانی یان زابرانا، شاعیر و وه‌رگێڕی چیكی، ده‌ڵێت ده‌زگای هه‌واڵگریی سۆڤیه‌ت (KGB) له پشت رووداوه‌كه بووه.
له 1978 دا هێربێرت لۆتمان له كتێبی ژیاننامه‌ی كامۆدا نووسیبووی "پێده‌چوو رووداوه‌كه به‌هۆی ته‌قینی تایه‌ر یان شكانی ئه‌كسله‌وه بووبێ. شاره‌زایان سه‌ریان له رووداوه‌كه سوڕماوه، چونكه رێگاكه راسته‌ڕێیه‌كی درێژه و 30 پێ پانه و له‌و كاته‌دا قه‌ره‌باڵغییه‌كی ئه‌وتۆش له شه‌قامه‌كه نه‌بووه".
زابرانا له یاداشتێكی 1980ی خۆیدا نووسیبووی كه "كه‌سێكی خاوه‌ن زانیاری و په‌یوه‌ندی" پێیگوتووه هه‌واڵگریی سۆڤیه‌ت له پشت رووداوه‌كه‌وه‌ن "ئه‌وان شتێكیان خستبووه ناو تایه‌ری ئۆتۆمبێله‌كه‌وه، بۆیه‌ش كاتێك ئۆتۆمبێله‌كه به خێراییه‌كی زۆر رۆیشتووه، تایه‌ره‌كه‌ی ته‌قاندووه".
سێ ساڵ پێش ئه‌و رووداوه، كامۆ، نووسه‌ری رۆمانه‌كانی "بێگانه" و "تاعوون"، خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بی به‌ده‌ستهێنابوو. ئه‌كادیمیای نۆبڵ هۆكاری به‌خشینی ئه‌و خه‌ڵاته‌ی به نووسه‌ره فه‌ره‌نسییه‌كه بۆ ئه‌وه گه‌ڕاندبووه‌وه كه له نووسینه‌كانیدا "رووناكی ده‌خاته سه‌ر كێشه‌كانی ویژدانی مرۆیی له سه‌رده‌می خۆماندا".
كاتێلی یه‌كه‌مجار له ساڵی 2011 و له راپۆرتێكی رۆژنامه‌ڤانیدا باسی له‌وه كرد كه هه‌ندێك تێبینی له یاداشته‌كانی زابرانا به‌دی كردووه كه ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی مه‌رگی كامۆ به رێكه‌وت نه‌بووه، دواتریش ساڵانێكی زۆری بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌ی نووسه‌ره چیكییه‌كه ته‌رخان كرد.
نووسه‌ره ئیتاڵییه‌كه بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه له‌گه‌ڵ ماری زابرانا، هاوژینی زابرانا قسه‌ی كردووه، به‌دواداچوونی بۆ ده‌ستێوه‌ردانی هه‌واڵگریی سۆڤیه‌ت له فه‌ره‌نسا كردووه و له رێگه‌ی سه‌رچاوه‌ی دیكه‌وه زانیاری ده‌ستى دووی له ژاك ڤێرژیس، پارێزه‌ری به‌ناوبانگی فه‌ره‌نسی ده‌ستكه‌وتووه. كاترین كامۆ، كچی ئه‌لبێر كامۆ، بۆچوونه‌كه‌ی كاتێلی پشتڕاست ناكاته‌وه.
كامۆ لایه‌نگرێكی سه‌رسه‌ختی راپه‌ڕینه‌كه‌ی 1956ی هه‌نگاریا و دژی سیاسه‌ته‌كانی سۆڤیه‌ت بوو. كاتێلی پێیوایه "هه‌م سۆڤیه‌ت و هه‌م فه‌ره‌نسا سوودێكی زۆریان له بێده‌نگكردنی كامۆ ده‌بینی كه بیرخه‌ره‌وه‌ی ئیمپریالیزمی دڕنده‌ی سۆڤیه‌ت بوو".
ئه‌لیسن فینچ، مامۆستای ئه‌ده‌بی فه‌ره‌نسی له زانكۆی كه‌مبریج، پێیوایه سه‌رچاوه‌كانی "مه‌رگی كامۆ" جێی باوه‌ڕ نین و ده‌ڵێت كتێبه‌كه‌ی كاتێلی ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ كه حكومه‌تی ئه‌وكاتی فه‌ره‌نسا له ئاستێكی باڵادا ئاگاداری پیلانه‌كه‌ی سۆڤیه‌ت بووبێ، له كاتێكدا "ژه‌نه‌راڵ دو گۆل، سه‌رۆكی ئه‌وكاتی فه‌ره‌نسا، خۆی نووسه‌رێكی پێگه‌یشتوو بووه و رێزێكی زۆری بۆ رۆشنبیره فه‌ره‌نسییه‌كان هه‌بوو، به‌وانه‌شه‌وه كه له‌گه‌ڵی ناكۆك بوون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ