'فەرهەنگی رەش'ی عەزیزی مەلای رەش بڵاوکرایەوە

21-07-2022
ساڵح قادر @salihqadr
نیشانەکردن ئەدەب
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فەرهەنگی رەش، کە لە نووسینی نووسەری ناوداری کورد، مامۆستا عەزیزی مەلای رەشە، چاپ و بڵاوکرایەوە. نووسەری فەرهەنگەکەش دەڵێت زیاتر لە 16 ساڵ خەریکی نووسینی فەرهەنگەکە بووە.
 
فەرهەنگەکە، کە (کوردی - کوردی)یە و تەنیا لە پیتی ئەلف پێکدێت، لە دوو توێی 384 لاپەڕەدا لەسەر ئەرک و خەرجیی بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی هەولێر، چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
 
عەزیزی مەلای رەش، لە بارەی فەرهەنگەکە بە (رووداو)ی راگەیاند ئەمە خاپەرۆک (پاشماوە)ی فەرهەنگە سووتاوەیەکەیەتی، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی پێشتر فەرهەنگەکەی سووتاندووە، چونکە بە گوتەی خۆی لەلایەن هەندێک دەزگاوە کێشە بۆ چاپکردنی فەرهەنگەکەی دروستکراوە، بۆیە ئەویش جارێک دەستنووسی فەرهەنگەکەی سووتاندووە.
 
عەزیزی مەلای رەش، ئاماژەی بەوەدا، لە ساڵی 2004 تاوەکو 2020 خەریکی نووسینی ئەو فەرهەنگە بووە. پێشتر فەرهەنگەکەی بۆ چەند دەزگایەک بردووە، بەڵام کێشەیان بۆ دروستکردووە، دواتر بەڕێوەبەرایەتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی هەولێر بەڵێنیان پێداوە و فەرهەنگەکەیان بۆ چاپکردووە.
 
عەزیزی مەلای رەش، ساڵی 1938 لە کەندێناوەی سەر بە پارێزگای هەولێر لە دایکبووە، تاوەکو پۆلی شەشی ئامادەیی خوێندووە، دواتر خولێکی مامۆستایانی بینیوە و بە مامۆستای زمانی عەرەبی دامەزراوە. ماوەی 42 ساڵ مامۆستا بووە.
 
ئەم نووسەرەی کورد لە ژیانیدا 24 کتێبی نووسیوە، کە نیوەیان رۆمانن، لەوانە: کێخوا سێوێ، پل، غەوارە، خاک و هەڵدێر. لێقەومان، خاک و چەوسانەوە و خاک و کێشەی مان، چەواشە،...
 
عەزیزی مەلای رەش بەشێک لە بەسەرهاتەکانی ژیانی خۆی بەشێوەی تەنز لە دوو توێی کتێبێک بەناوی "واریقاتی ژیانم" نووسیوەتەوە. هەروەها دەڵێت چوار کتێبی دیکەی هەن، کە دەستنووسن و هێشتا چاپنەکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێک لە فیلمی  (Avatar: Fire and Ash)

بەشی سێیەمی (Avatar) لە سینەماکانە و لە چین 17 ملیۆن دۆلار بەدەستهێناوە

فیلمی (Avatar: Fire and Ash)ـی جەیمس کامیرۆن، لە نمایشە بەراییەکانی رۆژی پێنجشەممەدا لە ئەمریکای باکوور 12 ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە، ئامانجی بەرهەمهێنەرانی کۆتاییهێنانە بە 2025 بە بەهێزترین فیلمی ساڵ.