رووداو دیجیتاڵ
باهۆز مستەفا، چیرۆکنووس و رۆماننووس، دوو کتێبی نوێی ئەدەبی بڵاوکردەوە، یەکێکیان کۆمەڵە چیرۆکە و ئەوەی دیکەیان رۆمانە.
یەکێک لە بەرهەمەکان بەناوی "وێستگەی میترۆ و 22 ساڵ چاوەڕوانی"یە کە کۆمەڵە چیرۆکێکە و بە هاوبەشی ماڵی کتێب و خانەی کولتور چاپکراوە.
مستەفا بە رووداوی راگەیاند، ئەم بەرهەمە کۆمەڵە چیرۆکێکی واقیعی ـ خەیاڵییە و رەخنەيئامێزە، لە کێشە کەڵەکەبووەکانی کوردستان لە رووی فەلسەفەی بەڕێوەبردن و نەبوونی گوتارێکی یەکگرتوو. روونیشیکردەوە "هونەری چیرۆکەکانخوێنەر ماندوو ناکات و پانتاییەکی فراوان بۆ خوێنەر و کۆتاییەکی کراوە جێدەهێڵێت".
ئەوەشی خستەڕوو، ئەم کۆمەڵە چیرۆکە خوێندەوەی جیاواز دروست دەکات لە نێوان رستەکان و کۆمەڵێک پرسیاری کراوە رووبەڕووی خوێنەر دەکاتەوە، هەروەها وا لە خوێنەر دەکات زیاتر لە جارێک بیر لەو تێکستانە بکاتەوە.
دووەم بەرهەم رۆمانێکە بەناوی "داستانی سەفەر" کە لە 155 لاپەڕە پێکهاتووە، ئەویش بە هاوبەشی ماڵی کتێب و خانەی کولتوور چاپکراوە.
باهۆز مستەفا گوتی: "ئەم بەرهەمە باس لە سەفەرێكی رەش دەکات لە هەلێرەوە بۆ ئەوروپا، بە قاچاخ بەرەو سنوورەکانی ئێران، تورکیا، یۆنان، ئیتاڵیا و فەڕەنسا. لە هەموو سنوورەکانیش هەڕەشەی کوشتن و گرتن و لێدانیان لەسەر بوو، ئەمە سەرەڕای ناخۆشی رێگە و مەترسی مین و خنکان و ون بوون لە دارستانەکاندا، لە هەمووی ناخۆشتریش سووکایەتی بوو بەرانبەر بە مرۆڤی کورد".
هەروەها دەڵیت: "دونیایەک رووداو و کێشەی لابەلا و نائومێدی، هەروەها گفتوگۆی چڕی کارەکتەرەکان لەخۆ دەگرێ لەسەر رێگا و بیروبۆچوون کێشە تایبەتی و گشتییەکان و گواستنەوەی کولتوور و عەقڵیەتی کوردی بۆ رۆژئاوا".
ئەم دوو بەرهەمە ئەدەبییە بەردەستن و ئێستا لە بازاڕی کتێفرۆشان دەستدەکەون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ