«نیگا» لەو پرسانەیە كە ناتوانین بیری لێ نەكەینەوە. ئەویش لانیكەم لەبەر دوو هۆ: یەکەم ئێستا كرداری «بینین» كردارێكی سەنتراڵە و نیگا ناوێكی تاڕادەیەك فیكرییە بۆ ئەم كردارە سەرتاپاگیرەی مرۆڤەكانی ئەم سەردەمە كە سەردەمی شاشە و سینەما و تەكنۆلۆژیای دیدەكی و نمایشە. دووەم لە دونیای كوردیدا، ئەگەری هەیە دالی «سەیركردن» هەندێك گۆڕانی بەسەردا هاتبێت و خۆی بەرەو مەدلولی تر ڕاپسكێنێ. دیارە ئەمە شتێكی بەڵگەنەویست نییە و تەنیا هێندە هەیە دەكرێت ببێتە مایەی تێڕامان.
دەكرێت مەبەستمان لە نیگا هەریەكە لە بینین و نیگای زەقیش بێت كە بە ئینگلیزی دەكاتە «seeing & gaze». بینین و سەیركردن ئەو كردارەیە كە مرۆڤ یان سوبێكت بەهۆیەوە پەیوەندییەكی بەرفراوان لەگەڵ جیهاندا درووستدەكات. وەك بڵێی بینین تاكە كردارێك نییە لە سوبێكتەوە دەردەچێت بۆ ئۆبێكت و دونیای دەرەوە، بەڵكو كۆی جیهان دەریایەكی دیدەكییە و مرۆڤ پنتێكە لەناویدا. شتێكی هاوشێوەی ئەوەی كە هونەرمەندە كوبیستەكان دەیانگوت: جیهان دیمەنێك نییە بۆ چاوی مرۆڤ، بەڵكو مرۆڤ دیمەنێكی ناو جیهانە. لەم ڕوانگەیەوە جیهان دەبێتە ڕووبەرێكی گەورەی بینین و فینۆمینە و ئەگەری دەركەوتن. جۆن بێرگر لە سەرەتای كتێبەكەیدا بەناوی «شێوازەكانی سەیركردن» دەنووسێت: «دیتن بەر لە گوفتار و ئاخاوتن دێت. منداڵ بەر لەوەی بێتەگۆ، سەیردەكات و شت دەناسێتەوە». لە هەمان كتێبدا دەشڵێت: «تابلۆ بەو مەبەستە بەدەستی مرۆڤ داهێنرا تاكو ئەو شتە بەرجەستە بكات كە ون و غایبە». لە ئیقتیباسی یەكەمدا، تێدەگەین بینین دۆخێكی بەرفراوانە و بەسەر سوبێكتدا دەسەپێنرێت، جۆرێكە لە حەتمیەتی دەرەوە. واتە نیگا شتێك نییە بەتەنیا لە چاوی مرۆڤەوە بچێتە دەرەوە و ئاراستەی دەرەوەی بكات، بەڵكو مرۆڤ لەناو هەرێمێكی گەورەی شتدا نیشتەجێیە و شتەكان بینینی خۆیان بەسەر مرۆڤدا دەسەپێنن. ئەمەش لەو خەسڵەتەی بینین/ نیگامان نزیك دەكاتەوە لە دەروونشیكاریی ژاك لاكاندا كە پێیوایە: بینین شتێكی زاتی و سوبێكتیڤ نییە، بەڵكو شتێكی دەرەكی و ئۆبێكتیڤە. بە مانایەكی تر، ئامادەیی شتەكان لە دەرەوەماندا وادەكەن كە هەست بكەین ئەوە شتەكانن سەیرمان دەكەن نەك ئێمە سەیری شتەكان بكەین. لە ئیقتیباسی دووەمیشدا، پرسی بینین و غیاب یان بینین و نەبینراو دەورووژێت. دیارە لە كاتی كرداری بینیندا، ناتوانین كۆی بینراوەكە ببینین. شتێك دەمێنێتەوە كە عاسی و مەحاڵە. بە دەربڕینێكی تر، كە نیگامان دەگیرێتە ئۆبێكتە بینراوەكە، ئەوا لەناویدا پنتێك هەیە نایبینین و ئەم پنتەش سەداسەد لە خودی ئۆبێكتەدا نییە بەڵكو بەشێكە لە بونیادی نیگا خۆی. نیگاكردن خۆی پرۆسەیەكی پێرفێكت نییە، بەڵكو بەپێی قسەی "تۆد مەكگوان" لە كتـێبی «نیگای ڕیاڵ»دا، چاڵێك لە خودی نیگادا هەیە كە ناهێڵێت ئۆبێكتە بەتەواوی ببینین. بە دیوێكی تریشدا، فشاری دیمەنەكان زۆرجار وادەكەن كە هەستبكەین ئەوان سەیرمان دەكەن. بەر لەوەی وەك سوبێكت چاوهەڵێنین، ئەوان حزووری ئێمەیان كردووەتە ئامانج و نیگای ئێمە وەك جۆرێك لە كاردانەوەی لێدێت بەڕوویاندا.
جۆن بێرگر هەر لە لاپەڕەكانی سەرەتای كتێبەكەیەوە دەشنووسێت: «گۆشەنیگای ئێمە (واتە ئەو گۆشەیەی كە سەیری لێوە دەكەین)، لەژێر كاریگەریی زانین و بیروباوەڕەكانماندایە». واتە نیگای ساف و بێگەرد بوونی نییە. هەر نیگایەك ئەگەری هەیە باركرابێت بە كۆمەڵێك پێشگریمانە و پێشباوەڕ كە بینینمان بۆ شتەكان بارگاوی دەكات. لێرەدا نموونەیەكی سادە و تۆزێكیش بێ پەیوەندی دێنینەوە بۆ ئەم دۆخەی نیگاكردن. لە دونیای ئێمەدا نیگا، بەتایبەت لە دۆخە ژێندەرییەكەیدا، هەڵگری كۆمەڵێك پێشگریمانەی ڕەگەزییە. ساڵانێكی زۆر و بگرە تا ئێستاش، نیگا پرسێكی تەمومژاوییە. كاتێك ژنێك نیگای پیاوێك دەكات یان بەپێچەوانەشەوە، ئیدی نیگا لەوە دەردەچێت نیگا بێت و پتر دەچێتە خانەی كردارەوە. ژن و پیاو لێرەدا بە چاو شتێك دەکەن كە لە سەیركردن زیاترە و كۆمەڵێك وەسوەسە و گومان هەڵدەگرێت. زۆرجار نیگای ژنێك، كێشە و بەدحاڵیبوونی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەمەش دەریدەخات مێژووی ئێمە، مێژووی سەركوتكردنی بینین بووە.
ئەمڕۆ بینین هەم لە واقیعدا ئامادەیە و هەم بە نێوانگریی فەزای مەجازییش. لە هەردووكیاندا هەست بەوە دەكەین كە مرۆڤ وەك بكەرێكی چالاك ناتوانێ دەرەوەی خۆی ببینێ (گەر لە ئاڵۆزییەكانی بینین گەڕێین). بە شەقامێكدا دەڕۆیت و بێشومار تابلۆی بازرگانی سەیرت دەكەن، بەجۆرێك كە نابینرێن. هەم خۆیان نابینرێن و هەم هێزی بینینیشیان لە مرۆڤدا كز و لاوازكردووە. لەڕووى زانستییشەوە تا دەچینە پێشەوە لە مێژوودا، توانستى هەستەکى و هەستەوەرەکانمان دادەبەزێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ