نووسەرێکی کورد و دوو نووسەری بیانی کتێبێک لەبارەی شێوەزارەکانی زمانی کوردی بە ئینگلیزی بڵاودەکەنەوە

23-10-2022
A+ A-

ئامادەکردن: سۆران حوسێن و دڵزار زوبێر 
رووداو دیجیتاڵ

کتێبێکی زمانەوانی لەلایەن نووسەرێکی کورد و دوو نووسەری بیانییەوە سەبارەت بە شێوەزارەکانی زمانی کوردی بە ئینگلیزی چاپ و بڵاوکرایەوە. نووسەرە کوردەکە دەڵێت، لە کتێبەکەدا باسی هەموو شێوەزارەکانی کوردی جگە لە گۆرانی و زازاکی کراوە. 
 
کتێبەکە ناوی "جیاوازییە بنچینەیی و جۆرییەکان لە دیالێکتە کوردییەکان"ە و لەلایەن نووسەران ئەرگین ئوپەنگین، یارۆن ماتراس و جیۆفری هەیگەوە نووسراوە. لە کتێبەکەدا باس لە زۆر بابەتی پەیوەندیدار بە فۆنۆلۆجی و مۆرفۆسینتاکس کراوە و ماتریاڵەکەی نێویشی لە زیاتر لە 120 شوێنی کوردستان لە باکووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان کۆکراوەتەوە. 
 
رۆژی یەکشەممە 23-10-2022، ئەرگین ئوپەنگین، نووسەری کوردی کتێبەکە و مامۆستای زانکۆ لە بەریتانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کتێبەکەدا نۆ بابەتی درێژ هەن و باس لە شێوەزارەکانی زمانی کوردی دەکەن".
 
ئەرگین ئوپەنگین ئاماژەی بەوەش كرد، نێوەڕۆکی کتێبەکە باس لە هەموو شێوەزارەکانی کوردی لە چوار پارچەی کوردستان دەکات جگە لە زازاکی و هەورامی، گوتیشی، کۆمەڵێک وشە و رستە لە هەموو زاراوەکانی زمانی کوردی شیکردنەوەیان بۆ کراوە بۆ ئەوەی بزاندرێت شێوەزارەکان چەند لەیەکەوە نزیکن.
 
کتێبەکە ئێستا بەشێوەی ئۆنلاین بەردەستە و لە ژمارەیەک لە کتێبخانەکانی بەریتانیاش هەیە. 
 
ئەرگین ئوپەنگین مامۆستایە لە زانکۆی کامبریج لە بەریتانیا؛ یارۆن ماتراس مامۆستای زمانەوانییە لە زانکۆی مانێچستەر و جیۆفری هەیگ مامۆستای زمانەوانییە لە زانکۆی بامبێرگی ئەڵمانیایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە