دوو کتێب لە بارەی عەونی ـی شاعیرەوە بڵاودەکرێنەوە

29-04-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوو کتێب لە بارەی شاعیری کورد 'عەونی' بڵاودەکرێنەوە، کتێبی یەکەمیان لەلایەن فەرهاد عەونی و کتێبی دووەمیشیان، لەلایەن پ. د.ئیدریس عەبدوڵڵاوە نووسراوە.

کتێبی (عەونی لە ئاوێنەی رۆژگاردا) کە لە نووسینی فەرهاد عەونییە، لە دوو توێی 356 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
 
نێوەڕۆکی کتێبەکە پێکدێت لە؛ کورتەیەک لە ژیانی عەونیی شاعیر، عەونی و رێکخراوی دارکەر، ئەندامانی حیزبی هیوا لە کۆیە، عەونی و بەندیخانە، نەورۆز لە دیدی عەونیدا، عەونی لە نێوان هەڵسەنگاندنی هەندێک سیاسەتمەدار و شاعیر و ئەدیبدا، کەسایەتی عەونی و باری خێزانی، عەونی لە ئاوێنەی رۆژگاردا و چەندین بابەتی دیکە.
 
جگە لەو پەرتووکە پەرتووکێکی دیکە بە ناوی (عەونی و شیعر و داهێنان) کە لە پێنج بەرگ پێکهاتووە و لە نووسینی د. ئیدریس عەبدوڵڵایە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
 
بەرگی یەکەمی کتێبەکە ناونیشانە لاوەکییەکەی (هونەرەکانی رەوانبێژی کۆن)ـە، کە لە 413 لاپەڕە پێکهاتووە. بەرگی دووەم بەناوی شەپۆلەکانی رەوانبێژیی نوێ، لە 512 لاپەڕە پێکهاتووە. بەرگی سێیەم بەناونیشانی زمان و فۆلکلۆر و مۆسیقای شیعری، لە 266 لاپەڕە پێکهاتووە. بەرگی چوارەم بە ناونیشانی (ئەدەبیات و جیهانبینیی عەونی) لە 292 لاپەڕە پێکهاتووە، هەرچی بەرگی پێنجەمە بە ناونیشانی (لە نێوان عەونی و ئەوانی دیکەدا) لە 626 لاپەڕە پێکهاتووە.
 
ئەم پەرتووکە لەسەر ئەرکی فەرهاد عەونی، نەقیبی پێشووی رۆژنامەنووسانی کوردستان و لەلایەن چاپخانەی زانکۆی سەڵاحەدین چاپکراوە. 
 
فەرهاد عەونی لە بارەی ئەو پەرتووکەوە دەڵێت: "پ.د.ئیدریس عەبدوڵڵا لە روانگەی خوێندنەوەیەکی قووڵی شیعرەکانی عەونی، کە وەک خۆی دەڵێ (زۆر پێی سەرسام بووم).. کە تێیدا ئارەزوو و بڕیاری لێکەوتەوە و گەیشتە ئەو بڕوایە کە دەبێ شیعرەکانی عەونی لە هەموو روویەکەوە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێ، بۆ ئەم مەبەستەش هەڵساوە بە ئامادەکردنی ئەدەبیی زانستی هەمە لایەنە و هەمەجۆر لەسەر شیعرەکانی عەونی.
 
فەرهاد عەونی باس لەوەش دەکات: "وەکو د.ئیدریس دەڵێت، 'عەونی لەوە زیاتر هەڵدەگرێ' کە تێیدا بەرهەمەکەی پاش ماندووبوون و شەونخونییەکی دوور و درێژ ئەو بەرهەمە زێدە نایابەی لێ دەرچووە."
 
عەونی کێیە؟
 
- ناوی تەواوی عوسمان حەبیب عەبدوڵڵایە
- لە 1914 لە گەڕەکی بەفری قەندی شاری کۆیە لە دایکبووە.
- لە سییەکانی سەدەی رابردوو دەستی بە نووسینی شیعر کردووە.
- یەکەم شیعری لە گۆڤاری هاوار لە ساڵی 1933 بڵاوکراوەتەوە.
- لە نێوەڕاستی سییەکان بووەتە ئەندام لە کۆمەڵەی برایەتی.
- لە حیزبەکانی هیوا، رزگاری و پارتی خەباتی کردووە.
- لە دوای ساڵی 1965 چەندینجار لەلایەن رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق زیندانی کراوە.
- ساڵی 1959 بووەتە ئەندامی کۆمەڵەی ئاشتیخوازان (انصار الاسلام) لە بەغدا.
- بەشێک لە شیعرەکانی لەلایەن گۆرانیبێژانەوە بە تایبەت تاهیر تۆفیق کراونەتە گۆرانی.
- لە 20-7-1992 کۆچی دوایی کردووە.
 

 

 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە