رووداو – سلێمانی
پەرتووکی (هاوڕێنامە) وەک کڕنۆلۆژیای رووداوەکانی کوردستان و کورد، لە زۆربوون و گەورەبوونێکی بەردەوامدایە. لە چاپی دووەم دا بە 10 بەرگ چاپکرایەوە لەلایەن چاپخانەی چوارچرا لە سلێمانی. لەم چاپەدا رووداوەکان کیوئاڕکۆدیان بۆ دانراوە بۆ ئەوەی خوێنەر زانیاریی زیاتر لەسەر هەر رووداوێک لە کوردیپێدیاوە وەربگرێت.
(هاوڕێنامە) کە کۆکراوە و کرۆنۆلۆژیای رووداوەکانی کوردستان و کوردە لەبەر لە زایینەوە تاوەکو ئێستا، لەلایەن هاوڕێ باخەوان نووسراوە و ئامادەکراوە.
هاوڕێ باخەوان، دەرچووی بەشی یاسای زانکۆی موسڵە، ماوەیەک کادیرێکی رێکخستنە نهێنییەکانی پارتی سۆسیالیستی کورد (پاسۆک) بووە، ئینجا لە نیوەی دووەمی هەشتاکان چووەتە شاخ و بووەتە پێشمەرگەی پاسۆک تاوەکو لە ساڵی 1992 چووەتە هۆڵەندا، لەوێ وەک لێکۆلینڤان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کاری کردووە تاوەکو کاتی خانەنشینبوونی لە دادگای تاوانەکانی جەنگی یوگسلاڤیای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کاری کردووە.
هاوکات لەگەڵ کارەکەی، بەردەوام رووداوەکانی کوردستانی کۆکردووەتەوە، لە ساڵی 1999 دەزگای چاپی سەردەم (هاوڕێنامە)ی چاپکرد و دواتر لە بازاڕ کێشرایەوە و دواتر خرایەوە بازاڕ و لەلایەن کتێبفرۆشەکانەوە زۆری لێ چاپکرایەوە بەهۆی زپری خواست لەسەری. هاوڕێ باخەوان دەڵێ " هاوڕێنامە هەر زوو ناو و دەنگی پەیداکرد، لەوانەیە یەک لە هۆکارەکان ئەوەبێت کە یەکەم جار بوو لە مێژووی پەرتووکخانەی ئێمەدا بەرهەمێکی وا گشتگیر و گەورە لەسەر کڕنۆلۆژیا بڵاوببێتەوە، هۆکاری دووەمیش کێشانەوەی بوو لە پەرتووکخانەکانی کوردستان و پاشان پێشەکییەکی نوێ بەبێ ئاگاداری من لەلایەن سەرۆکی ئەوکاتی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم شێرکۆ بێکەسەوە بۆی نووسراو و سەرلەنوێ خرایەوە ناو پەرتووکخانەکان".
هاوڕێ باخەوان دەڵێ، لە ساڵی 1999دا لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان دا زۆر لەسەر (هاوڕێنامە) نووسرا "ئەگەر لە کولتووری چاپەمەنی ئێمەدا پەرتووکی ساڵ ببووایە، ئەوا هاوڕێنامە دەبووە پەرتووکی ساڵی 1999".
کاری تۆمارکردنی رووداوەکانی کوردستان لەلایەن هاوڕێ باخەوانەوە لە ساڵی 2009 دا گەیشتە ئەوەی کە دەست بکات بە پڕۆژەی (کوردیپێدیا) کە تۆمارێکی ئەلیکترۆنی رووداوەکان، چاپەمەنی و ئەرشیفیی کوردستانە.
هاوڕێ باخەوان چەندان پەرتووکی نووسیوە کە (کوردستان نیشتیمانی یەکەمینی سۆمەرییەکانە- 1996) و (ئاڵای کورد، بۆچی نا؟ تاکو کەی؟) دوو لەو پەرتووکانەن کە دەنگدانەوەیەکی زۆریان هەبووە.
هاوڕێ باخەوان سەبارەت هاوڕێنامە دەڵێ "جارێ سووڕی ژیانی هاوڕێنامە لای من کۆتایی نەهاتووە و هەردەم بەهۆی کوردیپێدیاوە خەریکی پووختەکردن و باشترکردن و زۆرترکردنی دەبم"، سەبارەت کوردیپێدیاش دەڵێ بەهیوای ئەوەیە "کوردیپێدیا بکەینە پڕ زانیاریترین سەرچاوەی کوردی و بانکی زانیاری نەتەوەیی کورد".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ