سەندیکای دەرمانسازان هۆشداری لە دەرمانێکی ساختە دەدات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان - لقی هەولێر، لە گشتاندنێکدا هۆشداری دەداتە سەرجەم دەرمانخانە و کۆگاکانی دەرمان لە سنووری پارێزگای هەولێر، کە مامەڵە بە دەرمانێکی ساختەی تایبەت بە بەرزەپەستانی خوێن نەکەن.
 
بەپێی گشتاندنەکە، دەرمانەکە ناوی (Exforge HCT)ـە بە ژەمی (10mg/160mg/12.5mg) و لەلایەن کۆمپانیای (Novartis) بەرهەمهاتووە. ژمارە زنجیرەکەی (B8999A)ـە و بەرواری بەسەرچوونی (01/2027)ـی لەسەر نووسراوە.
 
هۆشدارییەکە دوای ئەوە دێت کە کۆمپانیای بەرهەمهێنەر لە ئیمێلێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم دەرمانە لە پارێزگای سلێمانی بە شێوەیەکی نایاسایی دەستکەوتووە و جیاوازی لە شێوازی نووسینی پیتەکان و بەرواری بەرهەمهێنان و بەسەرچوونی لەسەر پاکەتەکەی هەیە، هەروەها کۆمپانیاکە روونیکردووەتەوە کە ئەو بەرهەمە لە ساڵی 2020ـەوە هاوردەی عێراق نەکراوە، ئەمەش گومانی ساختەبوونی دەرمانەکە پشتڕاست دەکاتەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو دەرمانە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نییە، تەنیا ئیمێڵی کۆمپانیاکەمان بۆ هاتووە کە دەڵێت لە سلێمانی بوونی هەیە، بەڵام تیمەکانمان لەوێ گەڕاون و نەیانبینیوە."
 
هەمان سەرچاوە گوتیشی، "پڕۆتۆکۆڵی کارکردنمان وایە، هەر کۆمپانیایەک گومانی لە ساختەبوونی بەرهەمەکانی هەبێت، دەتوانێت لە رێگەی ئیمێڵەوە ئاگادارمان بکاتەوە و ئێمەش دوای بەدواداچوون، هاونیشتمانییان ئاگادار دەکەینەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە