رووداو - تەندروستی
سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، چاوەڕێی گەیشتنی کۆمەڵێک ئامێری پزیشکین بۆ ئەوەی بتوانن کۆلێژی پزیشکیی گشتی لە زانکۆکەیان بکەنەوە و دەڵێت، ئەگەر ئامێرەکان لە ماوەی دوو هەفتەدا بگەن، دەتوانن کۆلێژەکە بکەنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-2-2025 د. بەمۆ پەروێزخان، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بە رووداوی رایگەیاند، کردنەوەی کۆلێژی پزیشکی بۆ هەڵەبجە گرنگە، چونکە پارێزگایە و پێویستی بە دەرچووی زیاتری پزیشکیی گشتی هەیە.
گوتیشی، "تێچووی ئامێرەکان بۆ هەر شەش ساڵی خوێندن، ملیارێک و 700 ملیۆن دینارە و پشتگیریی حکومی و دەرەوەی حکومیشمان هەیە''، تەنانەت ئەوەش باس دەکات، ئەگەر هەموو پێداویستییەک بۆ کۆلێژی پزیشکیی گشتی دابینبکرێت، بە شێوەی راستەوخۆ فۆڕمی وەرگرتنی قوتابییان پڕ دەکەینەوە بۆ وەرگرتنیان لە کۆلێژەکە.
سەبارەت بە بینای کۆلێژەکە، د. بەمۆ پەروێزخان، ئاماژەی بەوە کرد کە کارەکانی تائێستا تەواو نەکراون، بەڵام ئەوە کێشە دروست ناکات و لەماوەی مانگ و نیوێکی دیکەدا تەواوی بیناکە ئامادە دەبێت.
سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە لەبارەی کردنەوەی کۆلێژی دیکەی پزیشکی وەک دەرمانسازی و ددانسازی گوتی، " لە ئەنجومەنی زانکۆ گفتوگۆمان نەکردووە، ئەگەر کۆلێژێک بکەینەوە دەمانوێت کۆلێژێکی پڕ لە زانیاری بێت." هەروەها ئاشکرای کرد کە بۆ ئەمساڵی خوێندن بەشێکی نزیک لە پزیشکی کۆلێژی "کلینیکاڵ بایۆکیمیستری" دەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ