رووداو - تەندروستی
نەخۆشخانەی هیوا بۆ شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی خوێن لە سلێمانی، رایدەگەیێنێت، ئەو هەواڵەی باس لە دەرکردنی کارمەندانی چێشتخانەی نەخۆشخانەکە دەکات "دوورە لە راستییەوە" و ئاشکرای دەکات، کە بەپێی رێنماییەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، خزمەتگوزارییەکە دراوە بە کەرتی تایبەت.
نەخۆشخانەی هیوا، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو کارمەندانە بەپێی گرێبەستێک کاریان کردووە کە تاوەکو 30-6-2024 بووە و مانگانە بڕی 1 ملیۆن و سێسەد هەزار دیناریان وەک مووچە وەرگرتووە، هەروەها هەفتانەش لە رێگەی لیژنەی کڕینەوە، هەموو پێداویستییەکانی چێشتخانەکە دابینکراوە.
نەخۆشخانەی هیوا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ساڵی 2023 چەندین جار هەوڵیانداوە گرێبەستی ستافەکە نوێ بکەنەوە، بەڵام وەزیری دارایی رایگەیاندووە کە ئەوە "کۆتا جار دەبێت" و دواتر دەبێت پرۆسەکە بەشێوەی تەندەرین بێت. هەروەها بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەش راستەوخۆ قسەی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران کردووە و پێیان راگەیاندووە کە بەهۆی رێنماییەکانەوە ناتوانرێت چیتر گرێبەستی راستەوخۆ ئەنجام بدرێت.
بەپێی روونکردنەوەکە، ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراوی ژمارە 7 هەزار و 57 کە لە 4-6-2024 دەرچووە، بڕیاریداوە کە دەبێت دوای 30-6-2024 خزمەتگوزاریی چێشتخانە لە رێگەی تەندەرینەوە بدرێت بە کۆمپانیا. نەخۆشخانەکەش دەڵێت، "هەستاون بە ئەنجامدانی پرۆسەی تەندەرین لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی و ئێستا ئەم خزمەتە هەر بەردەوامە بەڵام بە ستافێکی جیاوازتر."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ