رووداو- دیجیتاڵ
پزیشکانی سکوڵی پزیشکی زانکۆی وەیک فۆرێست رێنماییدەدەنە ئەو تووشبووانەی نەخۆشیی شەکرە کە کحول دەخۆنەوە بەوەی واز لە خواردنەوەی کحول بێنن چونکە مەترسیی تووشبوونیان بە بەرزەپەستانی خوێن زیاتردەکات.
پزیشکە ئەمریکییەکان توێژینەوەیەکیان کردووە کە لەسەر 10 هەزار تووشبووی نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو لە 77 سەنتەری پزیشکی لە ئەمریکا و کەندا ئەنجامدراوە و ماوەی 10 ساڵ بەدواداچوونیان بۆ کراوە.
لە بەرئەنجامەکانی توێژینەوەکەدا هاتووە، ئەو تووشبووانەی شەکرە کە لە هەفتەیەکدا زیاتر لە 8 جار کحولیان خواردووەتەوە مەترسیی تووشبوونیان بە بەرزەپەستانی خوێن ٪60 زیاتربووە.
د. ماتیو سینگلتۆن، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە دەڵێت، هەرچەندە کە ئەوانەی زۆرتر کحول دەخۆنەوە زیاتر لە مەترسیدان بەڵام ئەوانەی کە جار جاریش دەخۆنەوە و شەکرەیان هەیە مەترسیی تووشبوونیان بە بەرزەپەستانی خوێن زیاتردەکات.
تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە زیاتر لە کەسانی دیکە لە مەترسییدان بۆ تووشبوون بە بەرزەپەستانی خوێن و سەرەنجام نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتە، بۆیە پێویستە سەرەڕای کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکەیان، پەیڕەوی شێوازێکی ژیانی تەندروست بکەن، هەر لە خواردنی خۆراکە تەندروستەکان، وەرزشکردن، دووربوون لە جگەرەکێشان و کحول خواردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ