رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریدەخات، کێشە کۆمەڵایەتییەکان کە تاک لە ژیانی رۆژانەیدا رووبەڕوویان دەبێتەوە، دەکرێت هۆکار بن بۆ زووپیربوون.
توێژینەوەکە لە زانکۆی نیویۆرک لە ئەمریکا لەسەر زیاتر لە دوو هەزار خۆبەخش کراوە و دەرکەوت، ئەوانەی 'ژیانیان قورسە' یان ژیانێكی بە کێشە و دەردەسەرییان هەیە، 30٪ پیربوونیان خێراترە بەراورد بەوانەی لە ژیاندا بەربەست و ئاستەنگییان کەمترە.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری Proceedings of the National Academy of Sciences بڵاو کراوەتەوە و بۆماوەی شەش مانگ کار لەسەر بەشداربووان کرا، بیونگکیو لی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: خێراپیربوون هاوتەریبە لەگەڵ زۆربوونی کێشەکانی ژیان، بەتایبەت کێشە کۆمەڵایەتییەکان.
جگە لەمەش توێژینەوەکانی رابردوو سەلماندوویانە، کێشەی ئابووری، دارایی، ژینگەیی و جوگرافی دەکرێت ژیان قورس بکەن و کواڵیتیی ژیانکردن لاواز بکەن، کە ئەمانەش هەموویان پەیوەستن بە خێرابوونی پڕۆسەی پیربوونی بایۆلۆژیی جەستە.
ئێمە دوو جۆر تەمەنمان هەیە
تەمەنی ساڵنامە: ئەمە ژمارەی ئەو ساڵانەیە کە ژیاویت (بۆ نموونە، 40 ساڵ).
تەمەنی بایۆلۆژی: ئەمە تەمەنی راستەقینەی جەستەتە. واتە، ئەندامەکانی ناوەوەی جەستەت چەند بە باشی کار دەکەن و توانای چەندیان هەیە.
توێژینەوەکان دەریانخستووە، تەمەنی بایۆلۆژی گرنگترە بۆ ئەوەی بزانیت چەند دەژیت، نەوەک تەمەنی ساڵنامە. بۆ نموونە، دوو کەسی 60 ساڵ لەوانەیە یەکێکیان جەستەی وەک 50 ساڵێک کار بکات و ئەوی دیکەیان وەک 70 ساڵێک. ئەوەی یەکەمیان ئەگەری زیاترە تەمەنی درێژتر بێت.
چۆن دەتوانی تەمەنی بایۆلۆژیی خۆت بزانیت؟
ئێستا پشکنینی تایبەت هەیە کە تەنیا بە نموونەیەکی بچووکی لیک دەکرێ و دەتوانرێ لە ماڵەوە ئەنجام بدرێ.
پێنج خووی سادە بۆ کەمکردنەوەی تەمەنی بایۆلۆژی
1- وەرزش بکە: وەرزشکردن بە بەردەوامی مەترسیی مردن لە هەموو هۆکارەکان کەم دەکاتەوە. تەنانەت ئەگەر پێشتر وەرزشت نەکردبێت، هەرگیز درەنگ نییە. توێژینەوەیەک دەریخستووە ئەو کەسانەی کە بۆ ماوەی هەشت هەفتە وەرزشیان کردووە (هەفتەی سێ جار، هەر جارەی 60 خولەک)، تەمەنی بایۆلۆجییان بە نزیکەی دوو ساڵ گەنج بووەتەوە.
2. خواردنی تەندروست بخۆ: خواردنی میوە، سەوزە، دانەوێڵە، چەرەسات، پاقلەمەنییەکان، ماسی و پرۆتینی بێ چەوری، تەمەنی بایۆلۆجی کەم دەکاتەوە (واتە گەنجترت دەکات). هەوڵبدە کەمتر گۆشتی سوور، چەوریی تێر، شەکر و خوێ بخۆیت.
3. خەوت باش بکە: خەوی باش یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکان بۆ گەنج مانەوە. لە کاتی خەودا، جەستە خۆی چاک دەکاتەوە. ئەو کەسانەی شەوانە کەمتر لە پێنج کاژێر دەخەون، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی پەیوەست بە تەمەن وەک شەکرە، نەخۆشیی دڵ، شێرپەنجە و لەبیرچوونەوە زیاد دەکات.
4. لە خووە خراپەکان دوور بکەوە: جگەرەکێشان، ڤەیپ و خواردنەوەی کحول، بەهێزترین هۆکارەکانن بۆ خێراکردنی پرۆسەی پیربوون. جگەرەکێشان سییەکان بە نزیکەی 4.3 ساڵ پیردەکات.
5. گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ کۆنتڕۆڵ بکە: گوشاری دەروونی راستەوخۆ پڕۆسەی پیربوون خێرا دەکات. توێژینەوەیەک دەریخستووە ئەو کەسانەی هەفتانە زیاتر لە 40 کاژێر کار دەکەن، تەمەنی بایۆلۆجییان دوو ساڵ زیاد دەکات (واتە دوو ساڵ پیرتر دەبن)، کە رەنگە هۆکارەکەی سترێس بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ