رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون، رێنوێنی لەبارەی سیستمی خۆراکی، باوترین نەخۆشییەکان و نیشانە جەستەییەکانی ماوەی دووگیانی دەداتە خانمان و دەڵێت: لە سەرەتای دووگیانیدا خانمان ماسی و گێزەر نەخۆن!
ئەمڕۆ شەممە 10-4-2025 د. زەریا سیروان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، سیستمی خۆراکیی خانمانی دووگیان دەبێت هەمەجۆر بێت و هەمان ئەو خۆراکانە بخۆن کە پێشتر خواردوویانە، بەڵام پێویستە رێژەی کاربۆهیدرات و چەوری کەمبکەنەوە. ئەو پسپۆڕە جەختی لەسەر خواردنی خۆراکە ریشاڵییەکان، ڤیتامینەکان و پڕۆتینەکانی وەک گۆشت و هێلکە کردەوە و هۆشداریی دا لە خواردنی ماسی، گێزەر و جگەر لە 10 هەفتەی یەکەمی دووگیانیدا.
بە گوتەی د. زەریا سیروان، شەکرەی دووگیانی، هەوکردنی کۆئەندامی میزەڕۆ و کەمخوێنی، لە باوترین ئەو نەخۆشییانەن کە خانمانی دووگیان تووشی دەبن. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکارەکانی تووشبوون بە شەکرەی دووگیانی بریتین لە سیستمی خۆراکیی ناتەندروست، قەڵەوی و هۆکاری بۆماوەیی، بۆیە پێویستە دایکان ساڵانە پشکنین ئەنجامبدەن.
د. زەریا سیروان، لەبارەی گۆڕانکارییە جەستەییەکان گوتی، "هەموو ئاوسانێکی جەستەی خانمان، بەتایبەت لە دوو هەفتەی کۆتاییدا ئاساییە، بەڵام بۆ هەندێک جۆری ئاوسان پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت." هەروەها روونیکردەوە، خانمان لەنێوان هەفتەی 18 بۆ 20 هەست بە جووڵەی کۆرپەلە دەکەن، بەڵام ئەگەر تاوەکو هەفتەی 24 هەستیان پێنەکرد، پێویستە سەردانی پزیشک بکەن بۆ ئەوەی پشکنینیان بۆ بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ