تەندروستی
کاتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی دژەتووتن لەلایەن کارمەندانی تەندروستیی هەولێرەوە، بڕۆشەر و زانیارییان پێیە لەنێو بنکەیەکی تەندروستی.
رووداو - تەندروستی
دوای تەواوبوونی پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆی ئەمساڵ، بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر لەنێو بنکە تەندروستییەکانی پارێزگاکە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی تاکەکان بۆ زانینی زیانەکانی جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ بڵاو کردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5-6-2025 یاسین جاف، بەرپرسی هۆبەی پتەوکردنی تەندروستی و راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، هەڵمەتەکە لە رۆژی جیهانیی دژەتووتن دەستیپێکردووە و ئامانجی سەرەکیی نەوجەوان و گەنجانی سەروو 12 ساڵانە. ئەمەش رێک دوای تەواوبوونی پڕۆژەکەی ئەمساڵی رووداو دێت دژی تووتن.
یاسین جاف گوتی، هەڵمەتەکە هەموو بنکە تەندروستییەکان دەگرێتەوە کە بڕۆشەر و زانیاریی تەندروستی لەبارەی زیانەکانی جگەرە و ڤەیپکێشان دەدرێن بە هاونیشتمانییان، هاوکات هەڵمەتی مەیدانیشیان کردووە لەنێو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بۆ هۆشیاریی گەنجان.
پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆ لە ساڵی 2017 دەستیپێکرد، تاوەکو 2020 نزیکەی 40 هەزار کەس لە شوێن و وڵاتی جیاوازەوە بەشدار بوون، تەنیا ئەم ساڵ نزیکەی 15 هەزار کەس بەشدارن، 2889 کەس لەوانە پشکنینەکانیان بە سەرکەوتوویی تێپەڕاندووە و 100 کەسیشیان ناویان چووەتە نێو تیروپشک.
ئامانجی پڕۆژەکە
ئامانجی پرۆژەی ئەنتیتۆباکۆ دووربوونی هاونیشتمانییانە لە جگەرە و نێرگەلەکێشان و بەرهەمهێنانی نەوەیەکە دوور لە جگەرە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی، تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆری هاونیشتمانیان لە رێگەی پرۆژەکەوە بە سەرکەوتوویی وازیان لە جگەرە هێناوە و ئێستا لە تەندروستییەکی زۆرباش و دوور لە دووکەڵی جگەرە دەژین. {لێرەوە قسەی بەشداربووان ببیستە}
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ