ئەنتۆنی فاوچی: ئۆمیکرۆن لە کۆرۆنای دەلتا لاوازترە

07-12-2021
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن ئۆمیکرۆن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پزیشکە پسپۆرەکەی کۆشکی سپی هەواڵێکی خۆشی بڵاوکردەوە و ترسی لە گۆڕاوی ئۆمیکرۆن کەمکردەوە کە جیهانی بەگیرهێناوە و وڵاتان ناچار دەکات سنوورە ئاوی و وشکانی و ئاسمانییەکان بەسەر یەکدی دابخەنەوە.
 
ئەنتۆنی فاوچی، سەرۆکی راوێژکاری پزیشکیی سەرۆکی ئەمریکا بە میدیاکانی راگەیاند، گۆڕاوی ئۆمیکرۆن تەنانەت هێندەی گۆڕاوی دەلتاش مەترسیدار نییە کە ئێستا 99.9٪ی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئەمریکا هەڵگری گۆڕاوی دەلتان.
 
دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی دەڵێت، "کاتێک سەیری قورچکی سێیەم دەکەی، ئاستی ئەو دژەتەنانەی هەموو جۆرە گۆڕاوێک لەناودەبەن، زیاد دەکەن. ئەمانە ئاستی خانە بەرگرییەکانی بی و تیش زیاد دەکات کە ئەمە بەڵگەی بەهێزە لەسەر ئەوەی گۆڕاوە بەهێزکەرەکان بەرگریی لە دژی هەموو گۆڕاوێک زیاد دەکەن، هەرچەند هێشتا ماوە ئەوە بسەلمێندرێت."
 
خوێندنەوەی هیوابەخش لە قسەکانی گەورە راوێژکارەکەی جۆ بایدن بەدی دەکرێن، بە گوتەی فاوچی، ڤاکسینی کۆرۆنا دەتوانێت بەرگریی لە دژی ئۆمیکرۆن دروستبکات.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، ئێستا کەم وڵات هەیە لە جیهاندا ڤاکسینی پێنەگەیشتبێت، تاوەکو ئێستا نزیکەی 43٪ی خەڵکی گۆی زەوی لانی کەم دوو قورچک ڤاکسینیان وەرگرتووە.
 
جێفری زیێنت، هاوئاهەنگکاری بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە کۆشکی سپی دەڵێت، "ئێمە بە خۆڕایی 291 ملیۆن قورچکی ڤاکسینمان بۆ 10 وڵات رەوانەکردووە. ئەم بڕە ڤاکسینەی بەخشراون و گواستراونەتەوە، هێندەی ڤاکسینی هەموو وڵاتانی جیهانن کە بەخشیویانە. دوێنێ سەرۆک بایدن رایگەیاند، گەیاندنی ڤاکسینەکان بۆ سەرتاسەری جیهان خێرا دەکەین. 200 ملیۆن قورچ لە 100 رۆژی داهاتوو دەگەیەنین. تەنیا ئەمڕۆ 11 ملیۆن قورچک رەوانە دەکرێن."
 
قسەکانی ئەنتۆنی فاوچی راستەوخۆ گەرموگوڕی خستەوە بازاڕە جیهانییەکان، نرخی نەوتی بۆ ئاستی دوو هەفتە لەمەوبەر گەڕاندەوە، هاوکات چاوەڕوان دەکرێت زۆربەی ئەو رێوشوێنانەی کە نزیکەی 40 وڵات لە ترسی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن رایانگەیاندوون، ئاساییان بکەنەوە.
 
بەڵام لێرەوە مەینەتییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتایی نایەن. لە سەروبەندی سەری ساڵ و ئاهەنگەکان، رێکخراوی تەندروستی جیهانیی هۆشداری دەدات تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە لە پشکنینی 10 کەس لە تاقیگەکان یەکیان بە پۆزەتیڤ دێتەوە. هاوکات لە ئەوروپا زۆرترین توشبوونیش لەنێو نەوجەوانانی سەرووی تەمەن 14 ساڵانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە