رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی هاوبەش لەنێوان توێژەرانی سەنگاپوورا و ئەمریکا کرا و دەرکەوت، ئەوانەی پاڵپشتییەکی سۆزداریی بەهێزیان لەگەڵ هاوژینەکەیان هەیە، کەیفێکی خۆشتر، مامەڵەیەکی دروستتریان هەیە و بە باشیش گوشاری دەروونییان کۆنتڕۆڵ دەکەن.
توێژینەوەکە لەلایەن زانکۆی بەڕێوەبردنی سەنگاپوورا و میشیگنی ئەمریکی لەسەر نزیکەی پێنج هەزار کەس کرا و دەرکەوت؛ ئەوانەی ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە و لەگەڵ هاوژینەکەیان پاڵپشتی یەکدین، خۆشگوزەرانترن و بە باشی کۆنتڕۆڵی کێشە و ئاڵۆزییەکانیان دەکەن.
لێستەر سیم، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆ سەنگاپوورییەکە دەڵێت: پەیوەندیی سۆزداریی بەهێز مانای نەبوونی کێشە نییە، بەڵکو مانای ئەوەیە کاتێک ژیان سەخت دەبێت هەست بکەیت هاوژینەکەت گوێت لێدەگرێت و بایەخت پێدەدات، دڵنیا دەبێتەوە لە سەلامەتیت و وزەی ئەرێنیت پێدەبەخشێت.
پسپۆڕان چەند مەرجێک بۆ پتەوبوونی سۆزداریی هاوژینان دەگەڕێننەوە؛
- بە قووڵی گوێ لە یەکدی بگرن.
- ئاهەنگ بۆ هەر پێشکەوتن و دەستکەوتێک بگێڕن.
- ئاهەنگی یادی لەدایکبوون و یادی هاوژینی بگێڕن.
- دوای شکستەکان هانی دیکدی بدەن.
کاریگەرییە ئەرێنییەکانی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەسەر تەندروستی
1 - ئازار لابەرە
توێژەرانی زانکۆی کۆلۆرادۆ، بولدەر و زانکۆی هەیفا لە ئیسرائیل بۆیان دەرکەوتووە کاتێك دوو کەسی خۆشەویست یان پیاوێك دەست لە هاوژینە خۆشەویستەکەی دەدات، لێدانی دڵ و هەناسەیان هاویەک دەبن و ئازاری خانمەکە کەمدەکاتەوە. هاوکات دەرکەوتووە ئەوانەی کە پێکەوە دەژین، هەوڵدەدەن وەک یەک رەفتار بکەن.
پاڤێڵ گۆڵستین، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت چەندە پەیوەندی هاوژینی نێوان دوو کەسەکە زیاتر بێت، هێندەش کاریگەری ئازارشکێنی دووکەسەکە زیاتر دەبێت.
2- یارمەتی بەدەستهێنانی ئامانجە تەندروستەکان دەدات
پەیمانگای نەتەوەییە لەبارەی بەساڵاچوون، سەنتەری توێژینەی بەریتانی بۆ شێرپەنجە، دەستەی پزیشكانی دڵی بەریتانی و کۆلێژی زانکۆیی لەندەن لە بەریتانیا دەڵێت ئەگەر ویستت گۆڕانکارییەک لە خراپەوە بۆ باش دروستبکەیت، ئەوا با هاوژینەکەشت ئەنجامی بدات، چونکە دوو کەس سەرکەوتووترن لەوەی یەک کەس.
توێژەرەکان بۆیان دەرکەوتووە 50%ی خانمان سەرکەوتووبوون لە وازهێنان لە جگەرەکێشان ئەوکاتەی هاوژینەکەیان لەگەڵیان بەشداربووە. لە کاتێکدا تەنیا 17%ی ئەوانە سەرکەوتووبوون کە بەتەنیا هەوڵیانداوە.
3- یارمەتیی دابەزاندنی کێش دەدات
زانکۆی جۆنهۆپکینز لە ئەنجامی توێژینەوەیەکیدا رایگەریاندووە هەوڵدان بۆ دابەزاندنی کێش لەگەڵ هاوسەرەکەتدا سەرکەوتووترە. د. لاورا کۆب، هاونووسەری توێژینەوەکە لە زانکۆی جۆن هۆپکینز دەڵێت زۆربەی ئەوانەی کە وەرزشی رێک ئەنجامنادەن، کاتێك هاوژینەکەیان وەرزش دەکات لەگەلی بەشداردەبن و هەوڵی تەندروست بوونیان دەدەن.
4- جەستە و دەروون دەپارێزێت
پزیشكانی زانکۆی کاردیف لە بەریتانیا دەڵێن لەکاتی لەکاتی توێژینەوەیەکدا بۆیان دەرکەوتووە پەیوەندییە درێژخایەنەکان لەگەڵ هاوژینەکەت بۆ دەرووندروستی و تەندروستی جەستەیی گرنگە. بەجۆرێك دەڵێن ئەوانەی هاوسەرگیریان کردووە زۆرتر دەژین و دەروونییان ئاسوودەترە.
5- مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکان کەم دەکاتەوە
پزیشكانی زانکۆی ویلایەتی میشیگان دەڵێن ئەوانەی هاوسەرگییریەکی دڵخۆشکەریان هەیە، هێواشتر تووشی شەکرە دەبن و لەکاتی تووشبوون ئاسانتر چارەسەر دەکرێن. هاوکات کەمتر تووشی نەخۆشییە درێژخایەنەکان دەبن و زۆرتر دەجووڵێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ