رووداو دیجیتاڵ
نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک "بەشێوەیەکی مەترسیدار" لە پارێزگای هەڵەبجە تەشەنە دەکات و پارێزگاکە داوای بەهاناوەهاتن لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەکات.
د. زانا باقی، سەرپەرشتیاری دۆسیەی هەوکردنی پەردەی مێشک لە پارێزگای هەڵەبجە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی: "لەم هەفتەیەدا بەشێوەیەکی نائاسایی تووشبوون بە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لەنێو منداڵانی پارێزگاکەدا هەڵکشاوە و ئەگەر بەمشێوەیە بێت ئەوا توانای کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکەیان نامێنێت." گوتیشی: داوای بەهاناوەهاتنیان لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کردووە.
بە گوتەی د. زانا باقی، هۆکاری ئەم نەخۆشییە هەم ڤایرۆس و هەم بەکتریایە، بۆیە لە رێگەی هەناسەدان و هەمیش لە رێگەی بەرکەوتنەوە تەشەنە دەکات.
بەپێی ئەو ئامارانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، لە پارێزگای هەڵەبجە 40 منداڵی تووشبووی هەوکردنی پەردەی مێشک لە نەخۆشخانەن؛ لە گەرمیانیش زیاتر لە 300 تووشبووی هەوکردنی پەردەی مێشک تۆمارکراون.
رۆژی چوارشەممە، 07-06-2023، د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەدی تایبەت بە منداڵان لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر ئەم هەفتەیە رۆژ هەبووە تەنیا سێ هەوکردنی پەردەی مێشک لەنێو منداڵان تۆمارکراوە، بەڵام رۆژی دووشەممە، 17 تووشبوومان هەبوو کە ئەوەش ژمارەیەکی زۆرە. ئێستا سکچوون و رشانەوەش لەنێو منداڵان زۆرە؛ ژمارەکە بەگوێرەی رۆژ دەگۆڕێت و کەم و زیاد دەکات."
بەگوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەدی تایبەت بە منداڵان لە سلێمانی، ئێستا 45 بۆ 50 منداڵ کە تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک بوون لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ