رووداو- دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکانی کۆلێژی ئیمپریال لە لەندەن دەریخستووە خواردنەوەی کحول هۆکارێکی مەترسیداری تووشبوونە بە چەند جۆرێکی شێرپەنجە لە بەرامبەردا قاوە یەکێکە لەو خواردنەوانەی مەترسییەکە کەمدەکاتەوە.
توێژینەوەکە لە جۆرناڵی (Nature Communications) بڵاوکراوەتەوە و تێیدا پەیوەندی نێوان خواردنەوەکانی وەک قاوە و کحول لەسەر تووشبوون بە شێرپەنجە ئاشکراکراوە.
توێژینەوەکە بەدواداچوونی بۆ 860 توێژینەوەی پێشووتر کردووە کە لەسەر کاریگەرییەکانی خواردنەوەی کحول لەسەر جەستە ئەنجامدراون، پزیشکانی بەریتانی لە کۆلێژی ئیمپریال بۆیان دەرکەوتووە، خواردنەوەی کحول هۆکارە بۆ تووشبوون بە 11 جۆری شێرپەنجە لەوانەش، شێرپەنجەی مەمک، کۆڵۆن و رێکە، سورێنچک، سەر و مل و جگەر.
پزیشکە بەریتانییەکان لە لاپەڕی توێژینەوەکەدا نووسیویانە لەبەرامبەردا قاوە یەکێکە لەو خواردنەوانەی کە تەندروستە و مەترسیی شێرپەنجە کەمدەکاتەوە.
پزیشکانی بەریتانی ئاماژە بەوەش دەکەن توێژینەوەکەیان بەڵگەی باشی دەستکەوتووە لەسەر کاریگەرییەکانی کحول لە سەرهەڵدانی شێرپەنجە، بەڵام لەکۆتاییدا ئەنجامەکان یەکلاکەرەوە نین و پێویستە توێژینەوەی زیاتر بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ