رووداو - تەندروستی
خاوەن کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئەندۆمی لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوای بەرنامەیەکی دکتۆر ئاراس لەبارەی زیانەکانی ئەندۆمی، فرۆشی بەرهەمەکانیان بە تەواوی دابەزیوە و ناچارن کارگەکەیان دابخەن.
دوای بەرنامەیەکی دکتۆر ئاراس لەبارەی زیانەکانی ئەندۆمی و پاشهاتە مەترسیدارەکانی، ئەمیر ئیسماعیل، خاوەن کارگەیەکی بەرهەمهێنانی جۆرێکی ئەندۆمی دەڵێت: ''فرۆشی بەرهەمەکەمان بە تەواوی دابەزیوە، بازاڕمان نەماوە و دەبێت کارگەکە دابخەین''.
خاوەنی کارگەکە دەڵێت، ئەوان مادەی خراپ ناکەکە نێو ئەندۆمییەوە، ئەندۆمیی هاوردەیە کە ئەو مادە ژەهراوی و ترسناکانەی تێدایە کە لە بەرنامەکەدا ئاماژەیان پێکراوە.
لەبارەی فرۆشتنی بەرهەمەکانیشییەوە ئەمیر گوتی، پێش بەرنامەکە هەفتانە چوار هەزار کارتۆن ئەندۆمییان دەفرۆشت، بەڵام دوای بەرنامەکە فرۆشیان بە تەواوی وەستاوە و هیچ کارتۆنێکیان نەفرۆشتووە.
خاوەن کارگەکەی بەرهەمهێنانی ئەندۆمی دەڵێت: ئەو بەرهەمەی دروستی دەکەن، جگە لە ئاو، خوێ و ئارد هیچی دیکەی تێناکەن و سەرجەم مادەکانیان سرووشتین.
موخڵیس حەسەن، خاوەنی کارگەیەکی بەهاراتە و تایبەت بە بەهاراتی ئەندۆمییەکانی کارگەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەو بەهاراتەی دەکرێتە نێو ئەندۆمی لە رووەکی سرووشتی بەرهەمدەهێندرێت و بەتەواوی سرووشتییە.
بەشێکی بەرنامەیەکی دکتۆر ئاراس لە ماوەی رابردوودا تایبەت بوو بە زیانەکانی ئیندۆمی، پسپۆڕێک لە بەرنامەکەدا رایگەیاند هەندێک مادەی نێو ئەندۆمی هێندە ترسناکن کە ئەگەر بە برێکی زۆر بخورێن، رەنگە ببنە هۆی مردنی منداڵەکە.
بۆ بینینی تەواوی بەرنامەکە کلیک لێرە بکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ