نەخۆشخانەی گشتیی شارەزوور بەهۆی بایکۆتی پزیشکانی خولاوەوە هۆشدارییەک بڵاو دەکاتەوە

17-08-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

نەخۆشخانەی گشتیی شارەزوور رایدەگەیێنێت، بەهۆی بایکۆتی پزیشکانی خولاوەوە لە نەخۆشخانەکە، تەنیا حاڵەتەکانی فریاکەوتن وەردەگرن و داواش لە هاونیشتمانییان دەکرێت بچنە مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکانی ناوچەکە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 17-8-2025 سامان سابیر، بەرپرسی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ لە قەزای شارەزوور بە رووداوی راگەیاند، لە نەخۆشخانەکەیاندا ئەم مانگە نزیکەی 10 بۆ 12 پزیشکی خولاو هەن و هەموویان بایکۆتیان کردووە.
 
بەگوتەی سامان سابیر، ئەو پزیشکە خولاوانە لە فریاکەوتنەکان نەخۆشیان دەبینی، بەڵام بەهۆی بایکۆتکردنیانەوە گوشاری زۆر کەوتووەتە سەر ئەو بەشە، بۆیە نەخۆشخانەکە داوای لە خەڵک کردووە، تەنیا لە دۆخە فریاگوزاری و بەپەلەکان بچنە فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە، نەک لە حاڵەتە ساردەکان.
 
پزیشکانی گەنج لەرۆژی هەینییەوە بایکۆتی فراوانیان کردووە و دەیانەوێت نازناوەکانیان بەرز بکرێتەوە، هەموو پزیشکانی خولاو، پلەبەند و پایەبڵند دەگرێتەوە. بەڵام لە نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ تەنیا پزیشکی خولاوی تێدایە، بۆیە تەنیا بایکۆتی ئەوان باس کراوە.
 
دەرچووانی پزیشکیی گشتیی دانەمەزراو چەندان جار گردبوونەوە و خۆپێشاندانیان کرد، بەگوتەی خۆیان؛ دەبوایە لە مانگی 10ـی ساڵی رابردوودا دابمەزرانایە، بەڵام ئەم ساڵ لە رۆژی چوارشەممە 18-6-2025 فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەرچوو و بەگوتەی نوێنەرێکی ئەو پزیشکانە، تائێستا ئەو فەرمانە جێبەجێ نەکراوە.
 
روونکردنەوە؛ هەر خوێندکارێکی پزیشکیی گشتی کە کۆلێژ تەواو دەکات، دوو ساڵ وەکو پزیشکی نیشتەجێی خولاو لە نەخۆشخانە گشتی و فریاکەوتنەکان دەوام دەکات، پاشان دەبێتە پزیشكی پلەبەند و یەک ساڵ لە بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکان دەوام دەکات، پاشانیش نازناوەکەی دەگۆڕێت بۆ پزیشکی شارەزای گشتی و دواتریش پزیشکی پایەبڵند. بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوەیە لەگەڵ هەر بەرزکردنەوەی ناونیشانێک شوێنەکەشیان دەگۆڕێت و ئێستا لەبەر ئەوەی پزیشکانی دەرچووی 2024 دەوام ناکەن و هێشتا فەرمانی دامەزراندنیان جێبەجێ نەکراوە، ئەوا پزیشکانی خولاو، پلەبەند و پایەبڵند ناتوانن پلەیان بەرزبکرێتەوە، چونکە کەس نییە شوێنیان بگرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاماژەدان بە چات جی پی تییەکی تەندروست.

بە فەرمی ChatGPTـیەکی تەندروستی دامەزرا

ژیریی دەستکرد لە بواری تەندروستی فراوان دەکرێت و چات جی پی تییەکی تەندروستی دامەزرا. مانگی یەکی ئەم ساڵ کۆمپانیای OpenAI ژیرییەکی دەستکردی بۆ پرسیار و بابەتە تەندروستی و پزیشکییەکان دانا، بەڵام هێشتا پسپۆڕان هۆشداری جیدی لەبارەیەوە دەدەن.