دکتۆر لونا لەگەڵ تیمێکی ئیتاڵییە کە پشکنین و نەشتەرگەری بۆ منداڵانی نەخۆشییە سکماکییەکانی دڵ دەکەن

17-11-2025
بڕوا فەرهاد
تیمە ئیتاڵییەکە لەکاتی نەشتەرگەری بۆ منداڵان لەنێو نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک.
تیمە ئیتاڵییەکە لەکاتی نەشتەرگەری بۆ منداڵان لەنێو نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک.
A+ A-
رووداو - تەندروستی

تیمێکی پسپۆڕی ئیتاڵی لە بواری نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، بە پشتیوانیی  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دهۆک و بۆ ماوەی هەفتەیەک بۆ منداڵان پشکنین، قەستەرە و نەشتەرگەری بۆ ئەو منداڵانەی نەخۆشیی سکماکیی دڵیان هەیە.
 
نارین حازم، دایکی یەکێک لەو منداڵانەیە کە سوودمەند بووە و ناوی روەیدایە، دەڵێت، "کاتێک روەیدا تەمەنی پێنج مانگ بوو، زانیمان کە کێشەی کونبوونی دڵی هەیە و بەردەوام هەناسەتەنگی هەبوو پێویست بوو بۆ نەشتەرگەری بیبەینە دەرەوەی وڵات، بەڵام خۆشبەختانە لەڕێگەی ئەم تیمە ئیتاڵییەوە توانیمان نەشتەرگەرییەکەی بۆ ئەنجام بدەین و سوپاسی رێکخراوی هیڤی دەکەم بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە."
 
پڕۆفیسۆر د. جۆسێپی سانتۆرۆ، پسپۆڕی ئیتاڵیی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە، سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی روەیدا گوتی، "ئەو منداڵە چەندین شێواوی و کونی جیاوازی لە دڵیدا هەبوو، بەگشتی ئەو منداڵانەی نەخۆشیی سکماکیی دڵیان هەیە گەشەیان لاواز دەبێت و ئەگەری تووشبوونیان بە هەوکردنی سییەکان زیاترە."
 
ئەو پسپۆڕە ئیتاڵییە باسی لەوەش کرد، کە باوترین جۆری نەخۆشیی دڵ لەنێو منداڵاندا تەسکبوونەوەی بۆریی سییەکانە و دڵنیایی دایە خێزانەکان کە رێژەی سەرکەوتنی نەشتەرگەرییەکانی شێواویی سکماکیی دڵ زۆر بەرزە، هاوکات ستایشی توانای پزیشکانی کوردی کرد و گوتی، پسپۆڕانی کورد دەتوانن هەموو ئەو کارانەی ئێمە دەیکەین، بە ئاسایی ئەنجامی بدەن.

د. محەممەد مەحموود، بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی رێکخراوی هیڤی، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە یەکەمجار نییە تیمی پزیشکیی بیانی سەردانی کوردستان دەکەن و گوتی، "لە ساڵی 2006ـەوە تیمە ئیتاڵییەکان بە پاڵپشتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دێنە هەرێمی کوردستان هەموو ئەو نەخۆشانەی نەخۆشیی سکماکیی دڵیان هەیە، لەلایەن ئێمەوە تۆمار دەکرێن و ئەوانەی پێویستییان بە نەشتەرگەری هەبێت، بۆیان ئەنجام دەدرێت." بە گوتەی د. محەممەد، تیمە ئیتاڵییەکە ساڵانە دوو بۆ سێ جار سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
 
ئیلاف ئەحمەد، یەکێکی دیکەیە لە سوودمەندبووانی پێشووتری ئەم پڕۆژەیە و دەڵێت، "لە دوای نەشتەرگەرییەکەوە تەندروستیم زۆر باشە." باوکی ئیلاف، ئەحمەد نیعمانیش دەڵێت، "کاتێک نەشتەرگەریمان بۆ ئیلاف کرد، تەمەنی 9 ساڵ بوو خۆشبەختانە ئێستا تەندروستی زۆر باشە."
 
رێکخراوی هیڤی لە ساڵی 2005 دامەزراوە و لەلایەن نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پشتیوانی دەکرێت، بەپێی ئامارەکانی رێکخراوەکە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2 ملیۆن و 500 هەزار نەخۆش لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە پڕۆژەکانیان سوودمەند بوون و 547 نەخۆشیشیان بۆ وەرگرتنی چارەسەر ناردووەتە وڵاتی ئیتاڵیا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە