رووداو- دیجیتاڵ
پزیشکانی رووسیا و بەریتانیا هۆشداریدەدەن لە خواردنەوەی کحول دوای بەکارهێنانی پێکوتەی کۆرۆنا و دەڵێن باشتروایە دوای ماوەیەک لە وەرگرتنی پێکوتەی کۆرۆنا کحول نەخورێتەوە.
پزیشکان لە بەریتانیا رێنماییانداوەتە خەڵکەکەیان کە لە پێش و دوای وەرگرتنی پێکوتە کحول نەخۆنەوە بۆ ئەوەی سیستەمی بەرگری جەستەیان کاردانەوەی هەبێت.
د. شینا کروکیشانک، پسپۆڕی بەرگریزانی لە زانکۆی مانچێستەر لە بەریتانیا دەڵێت، ئێمە پێویستە سیستەمی بەرگری جەستەمان کاردانەوەی هەبێت بۆیە ئەگەر کەسێک شەوێک بەر لەوەی پێکوتەی کۆرۆنا وەربگرێت کحول بخواتەوە یان تەنانەت دوای وەرگرتنی ئەوا سیستەمی بەرگری لەوانەیە کاردانەوەی نەبێت.
لە رووسیاش بەهەمان شێوە پزیشکان رێنماییانداوەتە خەڵکەکەیان ئەوانەی پێکوتەی کۆرۆنای سپوتنیک Vیان وەرگرتووە دوو مانگ نابێت کحول بخۆنەوە، بەڵام دواتر ئەلێکساندەر جینتسبێرگ، داهێنەری ڤاکسینەکە گووتی ئەم هەواڵە زۆر گەورە کراوە، بە قسەی داهێنەری ڤاکسینەکە تەنیا سێ رۆژ دوای وەرگرتنی ڤاکسین باشترە کحول نەخورێتەوە ئەمەش بۆ هەموو ڤاکسینەکانی دژە کۆرۆنا دروستە.
پزیشکانی ئەمریکی بیروبۆچوونیان جیاوازە لە پزیشکانی رووسی و بەریتانی بەوەی ئەوان دەڵێن ئەگەر کەسێک زۆر زیادەڕەوەی نەکات لە خواردنەوەی کحول ئەوا پێویست ناکات پێش و دوای ڤاکسین وازبهێنێت.
د. ساندرۆ سینتی، پسپۆڕی نەخۆشییە هەوکردنییەکان لە میشیگان دەڵێت، پێویست ناکات پێش یان دوای وەرگرتنی ڤاکسین کحول نەخورێتەوە، چونکە تاوەکو ئێستا ئەمە بە بەڵگەیەکی ئەوتۆ نەسەلمێندراوە.
ئەم لێدوانانەی پزیشکانی رووسی و بەریتانیا لە کاتێدایە، کە کحول کاردەکاتە سەر سیستەمی بەرگری جەستە و کاردانەوەی بەشێک لە ڤاکسینەکان، پزیشکانی ئەمریکیش دەڵێن تەنیا نابێت بڕێکی زۆر بخورێتەوە لەماوەی وەرگرتنی پێکوتەکە ئەگینا بەشێوەیەکی کەم خواردنەوەی گرفتێکی ئەوتۆی نابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ