تای خوێنبەربوون لە کەرکووک بڵاوبووەتەوە؛ 'قەسابێک و کارمەندێکی تەندروستیی کوشتووە'

19-04-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە کەرکووک بڵاوبووەتەوە، بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان کارمەندی تەندروستییە. ئەمڕۆش هەڵمەتێکی فراوان بۆ قەدەخەکردنی سەربڕینی ئاژەڵ بە هەڕەمەکی و گۆشتی بێ مۆڵەت و بەخێوکردنی ئاژەڵان لە گەڕەکەکان بەڕێوەدەچێت.
 
سەرچاوەیەک لە تەندروستیی کەرکووک، ئەمڕۆ شەممە 19ی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە کەرکووک بڵاوبووەتەوە، بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان کارمەندی تەندروستییە، ئەوی دیکەش قەسابە.
 
سەرچاوەکە گوتی، کارمەندە تەندروستییەکە لە نەخۆشەکەی دیکەوە تووشبووە، بەهۆیەوە هەردووکیان گیانیان لەدەستداوە، تووشبوویەکی دیکەش تۆمار کراوە و ئێستا لە نەخۆشخانەی کەرکووک چارەسەر وەردەگرێت.
 
کارمەندە تەندروستییەکە پەرستارێکە بەناوی یادگار نووری، تەمەنی نزیکەی 22 ساڵە، کارمەندی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووکە، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا تووشی تای خوێنبەربوون بوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوە.
 
فەلاح خەلیل یایچی، قایمقامی قەزای ناوەندی کەرکووک ئەمڕۆ شەممە 19ی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ هەڵمەتێکی فراوان دەکەن بۆ رێگری و قەدەخەکردنی سەربڕینی ئاژەڵ بە شێوەیەکی هەڕەمەکی، دەستبەسەرداگرتنی گۆشتی بێ مۆڵەت و بەخێوکردنی ئاژەڵان لە گەڕەکەکان.
 
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگەیەک دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی ببێت و لە زۆر باریشدا دەیکوژێت، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، "رێژەی مردن لەنێو تووشبووان 10% بۆ 40%ـە. ڤایرۆسەکە لەڕێگەی ئاژەڵ و مێشوولەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ."
 
رێگەکانی گواستنەوە بەگوێرەی تەندروستیی جیهانی بریتین لە:
 
- لەکاتی پێوەدانی مێشوولەیەکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- لەکاتی کوشتنی مێشوولەیەکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- لەکاتی بەرکەوتن بە ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- خواردنی گۆشتی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- بەریەککەوتن لەگەڵ کەسێکی تووشبوو
- بەریەککەوتن لەگەڵ جرج و مشک
 
بۆچی تای خوێنبەربوون مەترسیدارە؟
 
تای خوێنبەربوون زیان بە موولوولە تەنکەکانی خوێن دەگەیێنێت و دووچاری خوێنبەربوونیان دەکات، هەر ڤایرۆسەکە ئاستەنگ لەبەردەم خوێنمەیاندن دروستدەکات، لەئەنجامدا خوێنبەربوونی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە و مەترسیی لەسەر ژیانی کەسی تووشبوو دروستدەکات.
 
نیشانەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون:
 
تا
شەکەتی و هەستکردن بە بێهێزی
سەرسووڕان
ئازاری ماسوولکە، ئێسک یاخود جومگەکان
هێڵنج و رشانەوە
سکچوون
 
ئەو نیشانانەی کە مەترسی لەسەر ژیان دروستدەکەن:
 
خوێنبەربوونی ژێر پێست یاخود ئۆرگانە ناوخۆییەکان یاخود لە دەم، گوێ و چاو.
لەکارکەوتنی سیستەمی دەمار
کۆما
سستبوونی گورچیلە
ناکارابوونی کۆئەندامی هەناسەدان
ناکارابوونی جگەر
 
چۆن خۆمان لە تای خوێنبەربوون بپارێزین؟
 
رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون پڕ ئاڵنگارییە، بەتایبەتی لەکاتێکدا هیچ پێکوتەیەک نییە ڤایرۆسەکە کۆتایی پێبێنێت، بەڵام چەندین رێگە هەن بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون، بۆ نموونە شوێنی کارکردن. 
 
نابێت رێگەبدرێت ببێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ جووڵەی مێشوولە. لەکاتی گەشت و گەڕان بە نێو هەرناوچەیەک کە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەی لێدەکرێت، پێویستە پۆشاکی پێویست لەبەر بکرێت کە دەست و قاچ و رووخسار داپۆشێت. لەکاتی سەربڕینی هەر ئاژەڵێک پێویستە پۆشاک و دەستکێش بەکاربهێنرێت و دوای تەواوبوونی کارەکە، خۆمان و شوێنەکە بشۆین.
 
رێگەکانی خۆپارێزی لە چەند خاڵێکدا
 
- پۆشینی پۆشاک و دەستکێش لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ
- پۆشینی پۆشاکی قۆڵدرێژ لەو شوێنانەی گومانی بوونی ڤایرۆسەکەی لێدەکرێت
- رشاندنی ژینگەی کارکردن
- دوورکەوتنەوە لە ژینگەی گوماناوی
- دوو هەفتە بەر لە سەربڕین، پشکنین بۆ ئاژەڵ بکرێت
- دوورکەوتنەوە لە کەسی تووشبوو
- دەستشۆردن لەدوای سەردانی نەخۆش
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شا چارلز.

پاشای بەریتانیا: پشکنینی پێشوەختە ژیانی رزگار کردم

شا چارڵزی سێیەم پاشای بەریتانیا، رایگەیاند بەهۆی دەستنیشانکردنی زوو و پابەندبوون بە رێنوێنیی پزیشکەکانەوە، چارەسەرەکانی بۆ نەخۆشیی شێرپەنجە لە ساڵی نوێدا کەمدەکرێنەوە.