رووداو - هەولێر
نوێترین دەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە لە کۆشکی سپی و پێستی دەستی راستی شین بووەتەوە. ئەمەش سەرنجی زۆری کۆمەڵکە و میدیای ئەمریکای بۆ سەر تەندروستی ترەمپ راکێشاوە.
کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت: "لە چەند هەفتەی رابردوودا، سەرۆک ترەمپ تێبینیی ئاوسانێکی کەمی لە قاچەکانی کردووە. دواتر پشکنینێکی گشتیی بۆ کرا، دەرکەوت ناکارایی درێژخایەنی خوێنهێنەری هەیە، کە حاڵەتێکی بێزیان و باوە، بەتایبەتی لەو کەسانەدا کە تەمەنیان لە سەرووی 70ساڵەوەیە."
بەگوێرەی کۆشکی سپی، ئەو گۆڕانەی رەنگی پێستی ترەمپ، کە سەرنجێکی زۆری لەسەرە، بریتییە لە وروژانی شانەکان بەهۆی تەوقەکردنی زۆرەوە و بەکارهێنانی حەپی ئەسپرین وەک بەشێک لە چارەسەرێکی باوی دڵ و خوێنهێنەرەکان.
ترەمپ، کە ئێستا تەمەنی 78 ساڵە، بە تەمەنترین کەس کە پۆستی سەرۆکی ئەمریکای وەرگرتبێت.
مانگی نیسانی ئەم ساڵ، سەرۆکی ئەمریکا پشکنینی گشتی بۆ کرابوو. پزیشکی تایبەتی کۆشکی سپی رایدەگەیێنێت، تەندروستی ترەمپ زۆرباشە و توانیویەتی بەرزیی چەوریی خوێنی (کۆلیستڕۆڵ)، بەباشی کۆنترۆڵ بکات
د.ئەندریا ئۆبی ،پزیشکی دڵ و لوولەکانی خوێن لە سەنتەری فرانکل لە زانکۆی میشیگنی ئەمریکا دەڵێت: "ئەوەی روو دەدات ئەوەیە کە هەندێک زمانە لەناو خوێنهێنەرەکان هەن کە رێگری لە گەڕانەوەی خوێن دەدەن بۆ دڵ. بە تێپەڕبوونی کات و بەهۆی چەندین هۆکاری جیاوازەوە، ئەو بۆڕییانە لەوانەیە لەکار بکەون و ئەمەش دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی خوێن لە قاچەکاندا. یەکێک لە دەرەنجامەکانی ئەمەش دەکرێت بریتی بێت لە ئاوسانی قاچ."
بەگوێرەی راپۆرتە پزیشکییەکان کە لە مانگی نیسانی رابردوو کراوە، سەرۆکی ئەمریکا هۆشیارییەکی زۆرباشی تەندروستی و جەستەیی هەیە و بە تەواوی شیاوە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی وەکو فەرماندەی گشتی و سەرۆکی دەوڵەت و لە پشکنینەکاندا، ترەمپ نمرەی 30 لەسەر 30ی بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ