تەنیا لە سلێمانی زیاتر لە 600 پزیشکی گەنج بایکۆتی کاریان کردووە

19-08-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
گردبوونەوەی پزیشکانی گەنج بۆ داواکردنی مافەکانیان لەبەردەم نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی. وێنە: ئەرشیڤی رووداو
گردبوونەوەی پزیشکانی گەنج بۆ داواکردنی مافەکانیان لەبەردەم نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی. وێنە: ئەرشیڤی رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لە سنووری سلێمانی زیاتر لە 500 پزیشکی گەنج بایکۆتی کاریان کردووە و بەشێکی زۆری نەخۆشخانەکان و بەتایبەتیش بەشەکانی فریاکەوتن کەمیی پزیشکانیان پێوە دیارە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 19-8-2025 پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لەبەردەم نەخۆشخانەی شارە لە سلێمانی و گوتی، هۆکاری دانەمەزراندنی ئەو پزیشکانە درەنگکەوتنی دەستبەکاربوونی پزیشکانی تازەدەرچووی ساڵی رابردووە کە دوای دەرچوونی فەرمانی دامەزراندنیان، هێشتا دەوام ناکەن.
 
هەر ئەمڕۆ دکتۆر رەهێڵ ئەحمەد، نوێنەرێکی پزیشکانی نیشتەجێی خولاوە لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئێستا 635 پزیشکی خولاو و 50 پزیشکی پایەبڵند بایکۆتی کاریان کردووە و تاوەکو دەستبەکاربوونی پزیشکانی تازەدامەزراو، بەردەوام دەبن.
 
پزیشکانی گەنج لە رۆژی هەینییەوە بایکۆتی فراوانیان کردووە و دەیانەوێت نازناوەکانیان بەرز بکرێتەوە، بەگوتەی خۆیان: هەموو پزیشکانی خولاو، پلەبەند و پایەبڵند دەگرێتەوە.
 
دەرچووانی پزیشکیی گشتیی دانەمەزراو چەندان جار گردبوونەوە و خۆپێشاندانیان کرد، بەگوتەی خۆیان؛ دەبوایە لە مانگی 10ـی ساڵی رابردوودا دابمەزرانایە، بەڵام ئەم ساڵ لە رۆژی چوارشەممە 18-6-2025 فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەرچوو و بەگوتەی نوێنەرێکی ئەو پزیشکانە، تائێستا ئەو فەرمانە جێبەجێ نەکراوە.
 
روونکردنەوە؛ هەر خوێندکارێکی پزیشکیی گشتی کە کۆلێژ تەواو دەکات، دوو ساڵ وەکو پزیشکی نیشتەجێی خولاو لە نەخۆشخانە گشتی و فریاکەوتنەکان دەوام دەکات، پاشان دەبێتە پزیشكی پلەبەند و یەک ساڵ لە بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکان دەوام دەکات، پاشانیش نازناوەکەی دەگۆڕێت بۆ پزیشکی شارەزای گشتی و دواتریش پزیشکی پایەبڵند. بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوەیە لەگەڵ هەر بەرزکردنەوەی ناونیشانێک شوێنەکەشیان دەگۆڕێت و ئێستا لەبەر ئەوەی پزیشکانی دەرچووی 2024 دەوام ناکەن و هێشتا فەرمانی دامەزراندنیان جێبەجێ نەکراوە، ئەوا پزیشکانی خولاو، پلەبەند و پایەبڵند ناتوانن پلەیان بەرزبکرێتەوە، چونکە کەس نییە شوێنیان بگرێتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە