رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەیمانگەی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان هۆشداری لە زستانێکی "سەخت" دەدات بەهۆی گۆڕاوی ئۆمیکرۆنەوە و دەڵێت، نابێت ئۆمیکرۆن بە کەم بزانرێت.
رۆژی یەکشەممە 17-12-2020 ئەنتۆنی فاوچی، سەرۆکی پەیمانگەی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان بە میدیای وڵاتەکەیی راگەیاند، ئۆمیکرۆن توانایەکی زۆری بۆ گواستنەوە هەیە و "بە جیهاندا بڵاودەبێتەوە".
فاوچی هۆشداریی لەبارەی ئەو گەشبینییەوە دا کە لەبارەی کەمیی زیانی ئۆمیکرۆنەوە دەخرێتەڕوو و گوتی، رێژەی کەمیی ئەوانەی لە ئەفریقای باشوور بەهۆی ئۆمیکرۆنەوە رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن "لەبەر ئەوە نییە کە ئۆمیکرۆن لاوازە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس تیایدا، وڵاتەکە بەرگریی گشتیی دروستکردووە". دەشڵێت، بەهۆی گەشتکردنی کریسمسەوە ئۆمیکرۆن بە شێوەیەکی بەربڵاو تەشەنە دەکات، "تەنانەت لەنێو ئەوانەی بە تەواوەتی ڤاکسینیشیان وەرگرتووە".
ئەو بەرپرسە تەندروستییەی ئەمریکا لەبارەی ئەوە هۆشداری دەدات کە لە یەک دوو هەفتەی داهاتوودا لە ئەمریکا نەخۆشخانەکان فشاری زۆریان دەکەوێتەسەر، "بەتایبەتیش ئەو ناوچانەی کە رێژەی وەرگرتنی ڤاکسین تیایاندا نزمە".
هاوکات فاوچی داواشی لە ئەمریکییەکان کردووە هەم دوو قورچکی ڤاکسین و هەمیش قورچکی بەهێزکەر وەربگرن.
رۆژی یەکشەممە، دوو سیناتۆری ئەمریکی لە دوو تویتی جیادا رایانگەیاند، سەرەڕای ئەوەی دوو قورچکە ڤاکسین و قورچکی بەهێزکەریان وەرگرتووە، ئێستا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونەتەوە، بەڵام هیچ کامیان ئاماژەیان بەوە نەکردووە کە تووشی گۆڕای ئۆمیکرۆن بوون یاخود نا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ