فاوچی؛ راوێژکاری تەندروستیی حەوت سەرۆکی ئەمریکا واز لە کارەکەی دەهێنێت

22-08-2022
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەیمانگەی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان و گەورە راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، واز لە پۆستەکەی دەهێنێت، بەڵام خانەنشین نابێت.
 
د. ئەنتۆنی فاوچی، سەرۆکی پەیمانگەی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان و گەورە راوێژکاری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەڕەنگاربوونەوەی کۆرۆنا رایگەیاند، لە مانگی کانوونی یەکەمی داهاتووەوە دەست لە هەردوو پۆستەکەی وەکو راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی پەیمانگای نیشتمانی دەکشێنێتەوە.
 
بەڵام فاوچی تەمەن 81 ساڵ، لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت ئەو "خانەنشین نابێت" و دەست بە قۆناخێکی نوێ لە پیشەکەی دەکات، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە کاری داهاتووی بکات.
 
دوای بڕیارەکەی فاوچی، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ستایشی رۆڵ و خزمەتی فاوچیی لە کەرتی تەندروستیی ئەمریکا کرد و گوتی، "ئەو بووە هۆی پاراستنی گیانی هەزاران ئەمریکی و هاووڵاتییانی دیکە لە سەرانسەری جیهان". بایدن لە ستایشی فاوچیدا ئەوەیشی گوتووە کە "ئەمریکا بەهێزتر و خۆڕاگرتر و تەندروستترە بەهۆی فاوچییەوە."
 
فاوچی لە ساڵی هەشتاکانەوە سەرۆکی پەیمانگەی نیشتمانیی ئەمریکایە بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان، راوێژکاری تەندروستیی حەوت سەرۆکی ئەمریکاش بووە و لەوکاتەشەوە کاری بۆ دۆزینەوەی چارەسەری چەندین ڤایرۆس و پەتا کردووە لە ڤایرۆسی HIV ئایدز تاوەکو کۆڤید 19، ئیبۆلا و زیکا، لە سەرەتای ئەمساڵیش ئاوڵەی مەیموون.
 
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، فاوچی بووە سەرچاوەی سەرەکی بۆ زانیاریی دروست لەبارەی ئەو ڤایرۆسەوە، سەرەڕای ئەوەی هەمیشە بۆچوونی جیاواز و ناکۆکی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا هەبوو، بەتایبەت لەبارەی بەستنی ماسک و بەکارهێنانی ڤاکسین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. سۆلین مەهدی - دکتۆر لونا خالید

لەکاتی هەر دۆخێکی فریاگوزاری و بەپەلە بۆ پاراستنی تەندروستیت، ئەمانە بکە

پزیشکێکی پسپۆڕی فریاکەوتن دەڵێت، گرنگترین هەنگاو لەکاتی برینداربوونی کەسێکدا، گواستنەوەیەتی بۆ شوێنێکی پارێزراو، دواتر وەستاندنی خوێنبەربوونی برینەکەی و پشکنینی هەناسەدانیەتی.