رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە بەریتانیا دەریدەخات، خواردنی حەب یان پاودەری کۆلاجین ناتوانێت چرچبوونی پێست رابگرێت.
توێژینەوەکە لە زانکۆی ئەنگلیا رەسکین لە بەریتانیا لەسەر هەشت هەزار کەس کراوە و دەرکەوتووە حەب یان پاودەری کۆلاجین هەندێک سوودی راستەقینەی بۆ پێست هەیە ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ بەکاربهێنرێت، بەڵام چارەسەرێکی خێرا نییە.
زانکۆ بەریتانییەکە ئاماژە بەوەدەکات ڤیتامین C یارمەتی دروستبوونی کۆلاجین دەدات، بۆیە دڵنیابوون لە وەرگرتنی بڕی پێویست لە خۆراکەکانی وەک مزرەمەنییەکان، تووەکان، سەوزەواتە گەڵادارەکان، بیبەر و تەماتە یارمەتیدەرە، هەروەها زینک کە لە گۆشت، پەلەوەر، پەنیر، هەندێک لە خواردنە دەریاییەکان، گوێز و دانەوێڵە تەواوەکاندا هەیە، یارمەتی لەش دەدات بۆ بەرهەمهێنانی کۆلاجین
پڕۆفیسۆر د. لی سمیپ یەکێک لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە لە زانکۆی ئەنگلیا رەسکین، دەڵێت: "کۆلاجین چارەسەری هەموو شتێک نییە، بەڵام سوودی زۆری هەیە کاتێک بە بەردەوامی و بۆ ماوەیەکی درێژ بەکاردەهێنرێت، بەتایبەتی بۆ پێست و هەوکردنی جومگەکان."
پڕۆفیسۆر د. لی سمیپ گوتی باشترە کۆلاجین وەک چارەسەرێکی دژە چرچبوون سەیر نەکرێت، بەڵکو وەک پارێزگاریکەرێکی گشتگیر بۆ پێستی بەتەمەن و زیانپێکەوتوو بەهۆی خۆرەوە بەکاربهێنرێت.
کۆلاجین، جۆرێکە لە پرۆتین کە بە شێوەیەکی سرووشتی لە لەشدا دروست دەبێت، بەڵام لەگەڵ تەمەندا کەم دەکات، کۆلاجین پشتگیری و بەهێزیی پێست، نینۆک، ئێسک و شانە گرێدەرەکان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ